حەشدی شەعبی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدیان لە بەغدا راگەیاند

حەشدی شەعبی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدیان لە بەغدا راگەیاند
ئەمڕۆ یەكشەممە میدیاكانی عێراق ئاشكرایان كرد سەركردایەتیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی فەرماندەییەكی نوێیان راگەیاندووە بە ناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا، كە لە بەرانبەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حكوومەتی عێراقە لە بەغدا.

بە پێی زانیاریی میدیاكانی عێراق، دەستەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لە ٧٠ میلیشیا و هێزی چەكداری پێكدێن، سەركردەیەكی میلیشیای "بەدر"یان بە ناوی حسێن عەبدولعەباس هلەیل وەك فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە بەغدا دەستنیشان كردووە.

ئەم فەرماندەییە نوێیەی حەشدیش وەكو ڕكابەرێك لێكدەدرێتەوە لە بەرانبەر فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدای سەر بە سوپای عێراق كە لەژێر فەرماندەیی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە كار دەكات.

جێی باسە هلەیل فەرماندەیەكی میلیشیای بەدرە و لە ساڵانی هەشتاكاندا لە پاڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا لە بەرانبەر سوپای عێراق جەنگاوە، هەروەها بەم دواییەش لەگەڵ میلیشیا عێراقییەكاندا لە پاڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە شارەكانی حمس، قسەیر و دەشتایی دیمەشق بەشداری شەڕی كردووە، كەسایەتییەكی زۆر نزیكیش بووە لە قاسم سلەیمانی فەرماندەی كوژراوی سوپای قودسی ئێران.











باسنيوز


Top