پەروەردەی عێراق هەڕەشەی لێسەندنەوەی مۆڵەت لە قوتابخانە ئەهلییەكان دەكات
حەیدەر فاروق گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند وەزارەتی پەروەردە لیستێك ڕێنمایی خۆپاراستن و تەندروستی و چۆنیەتی دەوامكردنی بەسەر قوتابخانەكانی وڵاتەكەدا گشتاندووە، بە قوتابخانە حكوومییەكان و ئەهلییەكانەوە.
گوتیشی پێویستە باوانی قوتابیان پابەندی ڕێنماییەكان بن و هاریكار بن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی عێراق لەپێناو بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها پێویستە وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بكەنەوە لە هەر پێشێلكارییەك كە لەلایەن قوتابخانە ئەهلییەكانەوە لەبارەی ڕێنماییەكانەوە ئەنجام بدرێت.
گوتەبێژەكە ئەوەشی ڕوون كردەوە كە وەزارەتی پەروەردە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو قوتابخانە ئەهلییانە دەكات كە پابەندی ڕێنماییەكان نابن، تەنانەت ئاستی لێپرسینەوە و سزادان دەگاتە ڕادەی لێسەندنەوەی مۆڵەتی كاركردن و كردنەوەی قوتابخانەكانیش.
باسنيوز