له زیقار 101 خۆپیشاندهر بوونه قوربانی
ئهمڕۆ یهكشهممه 29/11/2020، سەرچاوەیەکی تەندروستی لە پارێزگای زیقاڕ ئاشکرای کرد، تا دوێنێ شەممە، ژمارەی قوربانییانی رووداوەکانی ناسڕییە بەهۆی هێرشی لایەنگرانی موقتەدا سەدڕ لە گۆڕەپانی ئەلحبوبی گەیشتووەتە 16 کوژراو و 85 بریندار.
باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا سەرکۆنەی ئەو رووداوانەی کرد، کە لە گۆڕەپانی ئەلحبوبی لە ناوەڕاستی شاری ناسڕییە (زیقاڕ) روویان دا و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد پارێزگاریی لە خۆپیشاندەران بکات.
باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیاندراوێکیاندا، کە دەست کەوتووە دەڵێ: ”ئەمریکا سەرکۆنەی کردەوەی توندوتیژی دەکات دژ بە خۆپیشاندەرانی سڤیل، کە لە شاری ناسڕییە رووی داوە“.
دەشڵێ: ”هیچ پاساوێک بۆ توندوتیژی لە هیچ دیموکراسییەکدا نییە، ئەمریکا دەچێتە پاڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ داوای سزادانی بەرپرسان، حکوومەتیش لەسەریەتی پارێزگاریی لە خۆپیشاندەران و ئەوانی دیکەیشدا بکات، بۆ گوزارشتکردن لە رای ئازادیان“.
باڵوێزخانەی بەریتانیاش لە بەغدا، سەرکۆنەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی کرد لە شاری ناسڕییە و داوای پاراستن و بەدیهێنانی دادپەروەریی کرد بۆ قوربانییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نێردەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) دڵگرانیی خۆی بۆ کەوتنەوەی قوربانی لەناو خۆپیشاندانەکانی عێراق دەربڕی و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، هەموو هەوڵی خۆی بدات بۆ پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵی خۆپیشاندەران و بەسزاگەیاندنی ئەوانەی دەستیان داوەتەوە توندوتیژی.
نێردەکە لە هەژماری خۆی لە (تویتەر) نووسیویەتی: ”سەرکۆنەی ئەو تەندوتیژییە دەکەین، کە لەم دواییە روویداوە و جێی داخە کە قوربانی لە ریزەکانی خەڵکی مەدەنیدا کەوتووەتەوە“.
باسنیوز