مافی مرۆڤ: شەش هەزار بێسەروشوێنکراو لە عێراقدا تۆمارکراون

مافی مرۆڤ: شەش هەزار بێسەروشوێنکراو لە عێراقدا تۆمارکراون
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرای کرد کە تائێستا شەش هەزار کەسی بێسەروشوێنکراو بە فەرمی لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق تۆمارکراون کە لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2020ـدا بێسەروشوێن کراون.

هێمن باجەلان، ئەندامی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق راگەیاند: "ئەو شەش هەزار بێسەروشوێنە بە فەرمی لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق تۆمارکراون. بەشێکیان داعش بێسەروشوێنی کردوون، بەشێکی دیکەشیان چوونەتە ناو داعش و ژمارەیەکی زۆریش لە ساڵی 2003ـدا بێسەروشوێن بوون و تاوەکو ئێستا سۆراخیان نییە."

لیژنەی بێسەروشوێنکراوانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دەنگۆی ئەوە هەیە کە نزیکەی 420 شوێنی تایبەت بە زیندانیکردنی نهێنی لە عێراقدا هەبن. بەڵام هێمن باجەلان لەو بارەوە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بوونی زیندانی نهێنییەوە بە کۆمیسیۆن نەدراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت هەبێت."

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆربوونی ژمارەی بێسەروشوێنان لە عێراق نیگەرانە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، کاربکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بێسەروشوێنکردنی خەڵک.

"لیژنەی بێسەروشوێنکراوان"ـی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی عێراق دەڵێت هیچ گرتووخانەیەکی نهێنی لە وڵاتدا نییە، بەڵام لیژنەکە نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، تاوەکو ئێستاش سوود لە گرتووخانەی نهێنی وەردەگیرێت و دەنگۆی ئەوەش هەیە نزیکەی 420 شوێنی تایبەت بە زیندانیکردنی نهێنی لە عێراقدا هەن، لەوانەش لە فڕۆکەخانەکانی موسەننا، بەغدا و شارۆچکەی جەرف سەخری باشووری رۆژئاوای بەغدا.

لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە بکات لە دەنگۆی هەبوونی ئەو 420 شوێنە نهێنیە و بیاندۆزێتەوە، تەواوی دەستگیرکراوان ئازادبکرێن ئەگەر نایاساییانە زیندانیکراون و لەبارەی شوێنی دەستگیرکراوەکانیشەوە دەستبەجێ زانیاری بدرێتە کەسوکاریان و ئەو کەسانەش سزابدرێن کە تاوانەکەیان کردووە.

"لیژنەی بێسەروشوێنکراوان"ـی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێویستی دەزانێت حکومەت تەواوی ئەو گرتووخانانە دابخات کە نهێنین یان بیانکاتە زیندانی تۆمارکراو بە جۆرێک بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان راپەڕێنن.

بە گوێرەی راپۆرتی لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2019وە پرۆژەیاسایەک تایبەت بە کۆتاییهێنان بە دیاردەی بێسەروشوێنکردن لە عێراق ئامادەکراوە و ئێستاش لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسندنەکراوە.

لیژنەکە نیگەرانە لەوەی لە پرۆژەیاساکەیشدا بێسەروشوێنکردن وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی هەژمارنەکراوە
rudaw -
Top