36 کۆمپانیای رووسی دەیانەوێت بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن
بە گوتەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، عادل مەسعودی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی عێراق لەگەڵ مەکسیم پێترۆڤیچ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بارزگانی رووسیا-عێراق کۆبووەتەوە و باسیان لە رێکاری زیادکردنی هاوئاهەنگییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە کە 36 کۆمپانیای رووسی ئامادەیی کاردنیان لە بازاڕەکانی عێراقدا دەربڕیوە کە لە بواری جیاوازدا تایبەتمەندییان هەیە.
عادل مەسعوودی رۆژی هەینی 2020/11/27 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەگەڵ رووسەکاندا بۆ کەرتی تایبەت جەختیان لە گرنگیی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان کۆمپانیاکانی ئەوان و عێراقییەکان کردووەتەوە.
هاوکات مەکسیم پێترۆڤیچ رایگەیاند، ئارەزوویەکی راستەقینە لەلایەن کۆمپانیا رووسەکانەوە هەیە کە نوێنەرایەتییەکی کاریگەریان لە کەرتی تایبەتی عێراقدا هەبێت، بەتایبەت لە بواری ئاسن و پیشەسازیی داردا.
پێترۆفیچ ئەوەیشی خستەڕوو، تائێستا زیاتر لە 36 کۆمپانیای رووسی بۆ کارکردن لە بوارە جیاوازەکانی کەرتی تایبەتی عێراقدا داواکارییان پێشکەشی ئەنجوومەنی بازرگانیی رووسیا-عێراق کردووە.
بە گوێرەی ئەو ئەنجوومەنە هاوبەشەی نێوان عێراق و رووسیا، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرفەت بە چەند کۆمپانیایەکی رووسی دەدرێت بێنە عێراق و لە بواری پیشەسازیی دەرماندا وەبەرهێنان بکەن.
rudaw -