عێراق ئامادەکاری دەکات ساڵی 2021 ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی

عێراق ئامادەکاری دەکات ساڵی 2021 ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی
حکومەتی عێراق لە پلانیدایە ببێتە ئەندامی رێخکراوی بازرگانیی جیهانی و لە رێگەی ئەندامبوونییەوە لەو رێکخراوە بەرهەمی نێوخۆ و دەرفەتەکانی کارکردن لە وڵاتەکەیدا بەرزبکاتەوە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA)ی راگەیاندووە پلانێکی بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخراوی بازرگانیی جیهانییەوە ئامادەکردووە و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی تایبەت بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای پەیوەست بە رێککەوتن لەگەڵ رێکخراوەکەدا پێکهێنراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لیژنەکان رەشنووسی یاساکان، وەک یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی، یاسای پاراستنی بەکاربەر، یاسای بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری و مافی پێشبڕکێکردن و یاسای پێناسی گومرگی ئامادە دەکەن.

وەزارەتی بازرگانی باسی لەوە کردووە، ئابووریی عێراق توانای پێشبڕکێکردنی لەگەڵ ئابووریی وڵاتان و ناوچەکەدا هەیە بۆیە ئەندامبوونی عێراق لە رێکخراوەکەدا مافێکی دادپەروەرانە دەداتە وڵاتەکە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی رێکخراوەکە بچێتە نێو پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بۆیە لە مەودایەکی درێژخایەندا ئەندامبوونی عێراق لەو رێکخراوە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت.

لەبارەی پلانەکە و ئامادەکارییەکانەوە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە کە وەزارەتەکە لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی دیکەی حکومەت و کەرتی تایبەتدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی پەیوەندیکردنن بە رێکخراوکەوە و رەشنووسی یاسایەکەشیان بۆ پەیوەندیکردن تەواوکردووە کە لە بواری چالاکیی جۆراوجۆری ئابووریی و بازرگانی پێکدێت.
rudaw -
Top