لە دیالە 13 رۆژه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان چەند هۆزێكی شیعە و سوننەدا بەردەوامە

لە دیالە 13 رۆژه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان چەند هۆزێكی شیعە و سوننەدا بەردەوامە
چەند هۆزی شیعە و هۆزێکی سوننە 13 رۆژە لە شارۆچکەی ئەبوسەیدای دیالە شەڕیانە. 16 کەسیان لە یەکدی کوشتووە، 26ـیش بریندارن. زۆرینەی خەڵكی شارۆچکەکە رایانکردووە.

قه‌ده‌غه‌ی هاوتوچۆ سه‌پێنراوه‌ و ته‌نیا ئۆتۆمبیله‌ گولله‌نه‌بڕه‌كان لە شارۆچکەکەدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و هێشتا مه‌ترسییه‌كان نه‌ڕەواونە‌ته‌وه‌.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌گه‌رێن كه ‌سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان بوون‌ و ده‌ستیان له‌ كوشتی خه‌ڵكدا هه‌بووه‌.

عه‌لا حه‌مید، سه‌ربازە له ‌هێزه‌كانی به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی خێرا رایگه‌یاند: "سه‌ره‌تا كه ‌هاتینه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ خانوو و شه‌قامه‌كان چۆڵ بوون. كه‌س نەدەبینراو و كوشتار و بریندار ئێجگار زۆر بوون. رۆژ نا رۆژێك شه‌ڕ له‌نێوانیاندا هەڵدەگیرسا."

هه‌شت هۆزی گه‌وره‌ی شیعه‌ سه‌نگه‌ریان له‌ هۆزێكی سوننه‌ مه‌زهه‌ب گرتووه‌. هه‌موو كۆڵانه‌كان داخراون‌ و شوێنەواری شه‌ڕ به ‌روونی بە شارۆچکەکەوە دیاره‌. تائێستا 42 كه‌س له‌ هه‌ردوو لا كوژراون و برینداربوون.

خالید ئه‌كرەم، دوكاندارە و دەڵێت: "460 هاوه‌نمان ئاراسته‌كرا و به‌و هۆیه‌وه‌ خه‌ڵك ئاواره‌ بوو. منداڵه‌كان ده‌ترسان و ئافره‌ت
به ‌شه‌قامه‌كاندا رایده‌كرد. باندی چه‌ته‌ په‌یدا بوو خه‌ڵكیان ده‌كوشت و دزییان ده‌كرد و ده‌ستدرێژییان ده‌كرد و سه‌رانه‌یان له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرت."

هه‌یسه‌م عه‌لی، خاوه‌نی چێشتخانه‌یە و دەڵێت: "700 بۆ 800 خانوو هه‌یه‌ له‌سه‌ریان نووسراوه‌ بۆ فرۆشتن. خه‌ڵك ده‌یه‌وێت به‌ ئارامی بژی، چونكه‌ ئه‌م كێشانه‌ دۆخه‌كه‌ی تێدا بوو. دووكاندار و شوفێری ته‌كسی و كرێكار ده‌یه‌وێت كاربكات، به‌ هۆی ئه‌م دۆخه‌ خراپەوه‌ من شت به‌ كێ بفرۆشم؟ كه‌س نییه‌."

له 80%ی ‌خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه ئاواره‌ بوون. به ‌بڕیاری مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هێزه‌كانی به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی خێرا له‌ شارۆچكه‌كه‌دا جێگیركراون و، بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ ده‌یان كه‌سی سنووره‌كه‌ ده‌ركراوه‌.

راید فیراس زوبێدی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی خێرا گوتی ، "نۆ كه‌سی داواكراو‌ ده‌ستگیركراون.‌ به‌پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان له‌نێویاندا مادده‌ی 4ی تیرۆر و مادده‌ی 406ـی كوشتن و ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك چه‌كی قورسدا گیراوه،‌ له‌وانه‌ هاوه‌ن و ئارپیجی و چه‌كی مامناوه‌ند."

شه‌ڕه‌كه‌ له‌ كوشتنی مه‌حه‌ممه‌د كه‌عبی، سه‌رۆكهۆزی كه‌عبی و چوار كوڕه‌كه‌ی سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ 28ـی مانگی رابردوو له‌ شاره‌بان كوژران و كرده‌وه‌كه‌ش به ‌ناوی داعشه‌وه‌ بڵاوكراوه‌یه‌.

هێزه‌ عێراقییه‌كان بكوژه‌كانیان ده‌ستگیركردووهن، به‌ڵام راده‌ستی هۆزی كه‌عبییان نه‌كردوون، بۆیه‌ ئه‌و هۆزه‌ به‌ هاوكاریی حه‌وت هۆزی دیكه‌ شه‌ڕیان له‌ دژی هۆزی ره‌بیعه‌ ده‌ستپێكردووه‌.

rudaw -
Top