لە عێراق تاقیکردنەوەی خولی سێیەم دەکرێت

لە عێراق تاقیکردنەوەی خولی سێیەم دەکرێت
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بکرێت.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەسەر داوای عەلی حەمید دلێمی، وەزیری پەروەردەی عێراق ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕی لەسەر بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2019 – 2020.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دواتر وادە و میکانیزمی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم دیاریدەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لە ناوەندەکانی خوێندن تەنیا دوو خولی تاقیکردنەوە هەبوون، ئەوانیش خولی یەکەم و دووەم بوون.

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەهۆی دروستکردنی ئەو ئاستەنگانەیە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ پرۆسەی خوێندن دروستبوون.
rudaw -
Top