ئاسایشی دیالە شێواوە و تۆمەتباران ئازادانە دەسووڕێنەوە

ئاسایشی دیالە شێواوە و تۆمەتباران ئازادانە دەسووڕێنەوە
بەرپرسان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەسەر شاری دیالە لە باکووری رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت، گازندەی خەمساردییان لە دەستگیرکردنی دەیان تاوانبار لە شارەکەدا دەربڕی، کە هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان ناکەن.

دیالە، لە دۆخێکی ئاسایشیی خراپدایە و دۆخی ئاسایشی شارەکە لەماوەی رابردوودا پاشەکشەی زۆری کردووە. بەرپرسەکانی شارەکە گوتوویانە دەیان تۆمەتباری جیاواز و داواکراوی دادگاکان، بەتۆمەتی تێکدانی رەوشی ئاسایش و کردەکانی تیرۆر و دەرکردنی دانیشتووان، ئازادانە لە شارەکەدا دەسووڕێنەوە، لەبەرئەوەی ژمارەیەک بەرپرس و میلیشیای پارتە دەسەڵاتدارەکانی شارەکە، پشتگیرییان دەکەن.

ئەوان گوتوویانە سەربەست مانەوەی ئەو تۆمەتبارانە، سەریکێشاوە بۆ بەردەوامبوونی تووندوتیژی لە شارەکەدا.

تێکچوونی بەردەوامی دۆخی ئاسایشی شارەکە و بێتوانایی هێزەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی، پاڵی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە نا بۆ دەستنیشانکردنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی وڵات، بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی ئاسایش لە شارەکەدا. کازمی دەسەڵاتی فراوانی داوەتە نوێنەرەکەی خۆی، بۆ دەرکردنی فەرمانەکان، ئەمەش پاش زنجیرەیەک لە شکستی بەردەوامی هێزەکان لە کۆنترۆڵکردنی شارەکە، بەتایبەت لە شارۆچکەی ئەبی سەیدا.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، لە رۆژانی رابردوودا سەردانی شارەکەی کرد، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆسیەی ئاسایش. کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و دانیشتووانی شارەکەدا کرد، بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر هۆکارەکانی پاشەکشەی ئارامی، فەرمانیشیدا بەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران و تێوەگلاوانی کارە تاوانکاری و توندوتیژییەکان لە شارەکەدا.

بەر لە 8 مانگ، دادگاکانی شارەکە بڕیاری دەستگیرکردنیان لە دژی 120 کەس دەرکردووە، کە تۆمەتبارن بە تووندوتیژی، بەڵام تائێستا دەزگاکانی ئاسایش ئەو کەسانەیان دەستگیر نەکردووە، ئەمەش لەبەرئەوەی داواکراوەکان پەیوەندی حیزبی و میلیشیاییان هەیە و دەتوانن ئازادانە درێژە بە کارەکانی خۆیان بدەن.

بەرپرسانی شارەکە گوتوویانە: "جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن پاشەکشەی بە ئارامی لە شارەکەدا کردووە، هەندێک شارۆچکە خەریکە بە تەواوی لەدەستی حکومەتدا نامێنێت".

بەرپرسێکی دیالە بە 'عەرەبی ئەلجەدید'ی راگەیاندووە "ئەعرەجی هۆکاری تێکچوونی دۆخی ئاسایشی شارەکەی بۆ ئازادمانەوەی تۆمەتبارەکان گێڕاوەتەوە، داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کردووە". ئەو بەرپرسە نەیشاردووەتەوە کە حکومەتی ناوخۆیی لە شارەکەدا، خاوەخاو لە جێبەجێکردنی فەرمانەکاندا دەکات، ئەوەش شارەکە بەرەو پشێوی زیاتر دەبات.

بەدر زەیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "بەردەوامبوونی خاوەخاو لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان هاندەرە بۆ کەوتنەوەی تاوانی زیاتر لە شارەکەدا، بەتایبەت ئەگەر حکومەتی ناوخۆیی دیالە ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێنەکات".

ئەو ئاشکرایکردووە دەزگاکان دەبێ 100 داواکراو دەستگیر بکەن، بۆ ئەوەش بڕیارە هێزەکانی دەرەوەی پارێزگاکە بهێنرێنە ناو شارەکەوە لەپێناو دەستگیرکردنی داواکراوەکانی دادگا.

ئەو دووپاتیکردووەتەوە کە نابێ لایەنگیری و ملکەچبوون بۆ گرووپ و پارتە سیاسییەکان، ببێتە رێگر لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، ئەوەشی ئاشکراکردووە پاشەکشەی ئاسایش لە دیالە، "بە پلەی یەکەم بەهۆی دەستتێوەردانی حیزبی لە کاری دامەزراوە حکومییەکانە، هەرئەوەش سەریکێشاوە بۆ ئەوەی حکومەت دەسەڵاتی هەندێک ناوچەی شارەکە لەدەستبدات".

rudaw -
Top