لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: تەنیا ١٠٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بە حكوومەت دەدرێ
ئەمڕۆ شەممە 21/11/2020، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، كە ئەوەی لە دەروازە سنوورییەكانەوە دەگاتە حكوومەتی عێراق، 10%ـی داهاتی ڕاستەقینەی ئەو دەروازانە تێپەڕ ناكا. ئاشكراشی دەكا كە لیژنەیان بۆ ڕوونكردنەوەی ڕوانین و سەرنجی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بارەی چاكسازییەوە پێك هێناوە.
جەمال كۆچەر، ئاشكرای كردووە لیژنەی دارایی، لیژنەیەكی لاوەكی بۆ دەربڕینی تێڕوانینی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی چاكسازییە پێویستییەكانی ئەم قۆناغەوە پێك هێناوە.
ئاماژەی بەوە كردووە، كە نووسراوی پەرلەمان بۆ حكوومەتی عێراق چووە و دەكرێ پێكەوە دەست بە چاكسازی ڕاستەقینە بكرێ، چونكە بەبێ چاكسازی، چارەسەری كێشەكان ناكرێ.
دووپاتیشی كردەوە، كە عێراق دەبێ جارێكی تر قەرز بكاتەوە، چونكە داهاتەكەی یەكسان نییە بە خەرجییەكانی، "حكوومەتی عێراق تا ئێستە پڕۆژەیاسای بودجەی نەناردووە، ئەمە لە كاتێكدایە بە نووسراوی فەرمی داوایان لێ كراوە پەلە لە ناردنیدا بكەن، تا ئەنجوومەنی نوێنەران هەمواری بكاتەوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نوێنەرانی عێراق، ئاشكراشی كردووە كە ئەوەی لە دەروازەكانەوە دەگا، 10%ـی داهاتی ڕاستەقینە تێپەڕ ناكا، بۆیە هەر چاكسازییەك، ڕێژەی داهات زیاد دەكا.
باسنيوز