لە سنووری داقووق لە هێرشێكی داعشدا پۆلیسێكی عێراقی كوژرا
شەوی ڕابردوو لە سنووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر بازگەیەکی پۆلیسی عێراق و بەو هۆیەوە پۆلیسێك كوژراوە.
لویس خدر، قایمقامی قەزای داقووق، ئەمڕۆ چوارشەممە 18/11/2020 راگەیاند: "شەوی چەكدارانی تیرۆرستی داعش لە نێوان گوندەكانی "فەریق و مەنسوور" لە سنووری قەزای داقووق، هێرشیان كردووەتە سەر بازگەی "مالیک"ی پۆلیس."
گوتیشی: "لە ئاكامی ئەو هێرشە پۆلیسێك گوللەی قەناسی بەر كەوتووە و گیانی لەدەست داوە و تیرۆریستانی داعش پاش ئەو هێرشە هەڵاتوون."
ماوەیەکە دووبارە لە سنووری قەزا و ناحیەکانی کەرکووک جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیاتر بووە و بە شەوان هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و لە سنووری گوندەکان خۆیان حەشار دەدەن و ئەمەش بووەتە مەترسییەک بۆ سەر هاووڵاتیان.
باسنيوز