کازمی بۆ کۆمیسیۆن: چیتان پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئێستا داوای بکەن

کازمی بۆ کۆمیسیۆن: چیتان پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئێستا داوای بکەن
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە. کازمی جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، حکومەت پابەندە بەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 6ی حوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەرکی حکومەتەکەیەتی، داواکاریی خەڵک و خۆپێشاندەرانە، داواشی لە هاووڵاتییان کرد تۆماری دەنگدەران نوێبکەنەوە و بە شێوەیەکی فراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.

مستەفا کازمی رووی قسەی لە ئەندامی کۆمیسیۆن کرد و گوتی "چیتان پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، ئێستا داوای بکەن" تاوەکو بیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆئەوەی داواکارییەکان دابینبکرێن و "حکومەتەکەیان ئەو ئەرکە مێژووییە راپەڕێنێت".

هەروەها گوتیشی "داوامان لە سەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاکان کردووە ئاستەنگ و رێکارە بیرۆکراسییەکان لەبەردەم کۆمیسیۆن لاببەن" و ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە بە درێژایی کاژێرەکان کاربکەن بۆئەوەی سەرکەوتنی هەڵبژاردن تۆماربکرێت.

دەقی قسەکانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:

ئێمە رامانگەیاندووە رۆژی 6/6/2021 رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە؛ هیوادارم کۆمسیۆنی بەڕێز هەموو پابەندی و پێویستییەکانی خۆی پێشکەشی حکومەت بکات. راستە هەندێکتان پێشکەشکردووە و کارمان لەسەر کردووە، جارێکی دیکە داوادەکەم، داواکارییەکانی کۆمیسیۆن پێشکەش بە حکومەت بکەن بۆئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکەین و پێوەشی پابەندین، وادەی هەڵبژاردنەکە گرنگە و پێویستە لەو وادەی دیاریکراوە عێراقییەکان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆئەوەی ئاییندەی ئەزموونی سیاسیی عێراق یەکلایی بکەنەوە.

ئێستا پرۆسەیەکی دیکەمان هەیە کە بریتییە لە پرۆسەی تۆماری دەنگدەران، ئاڵنگارییەکانی گەورەن و پێویستمان بەوەیە 24 کاژێر کاری لەسەر بکەین، بۆئەوەی دۆخێکی ئاسایی فەراهەم بکەین و ئاسانکاری بۆ دەنگدەران بکرێت لە پێویستی و بەڵگەنامەکان و پابەندبوونەکان. گفتوگۆمان لەسەر داواکارییە داراییەکانتان کرد، هیوادارین کۆمیسیۆن بە جیددی کار بکات بۆ کەمکردنەوەی بڕی پارەکە، تاوەکو بڕێکی بابەتیانە بێت.
rudaw -
Top