رێنمایی نوێ بۆ گەشتیارانی عێراق لەکاتی گەشتکردندا

رێنمایی نوێ بۆ گەشتیارانی عێراق لەکاتی گەشتکردندا
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی رۆژی شەممە 25ی تەممووز، چەند رێنماییەکی نوێی بۆ گەشتیاران دەرکرد و دەڵێت، هەر گەشتیارێک دەبێ پشکنینی کۆرۆنای لە 48 کاژێری رابردوودا کردبێت و ئەنجامەکەشی پێبێت.

جیهاد کازم، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق رایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی لەسەر بنەما و رێنمایی ژمارە 80ی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە 23ی تەممووزەوە بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی بە رووی گەشتیارانی نێوخۆ و دەرەوەدا کردووەتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی تەندروستی گەشتیاران چەند رێوشوێنێک گیراونەتەبەر.

کازم ئاماژەی بەوەشکرد، رێوشوێنەکان لە هەموو بەش و شوێنەکانی فڕۆکەخانە لەدوای هەموو گەشتێک دەگیرێنەبەر و شوێنەکان لەلایەن کارمەندانی تایبەتەوە پاکدەکرێنەوە، هەروەها گەشتیار دەبێ بەڵگەی پشکنینی 48 کاژێری رابردووشی پێبێت و بیسەلمێنێت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە.

رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکان

1. دانانی پاککەرەوە (تەعقیم) لە هەموو بەشەکانی فڕۆکەخانە.

2. رشاندنی سەرجەم فڕۆکەخانەکان بەشێوەی بەردەوام و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی
فڕۆکەخانە، بە جۆرێک کە لەگەڵ خشتەی گەشتەکاندا گونجاوبێت.

3. رشاندنی سەرجەم فڕۆکەکان لەدوای هەموو گەشتێک.

4. پابەندبوونی سەرجەم کارگوزارانی فڕۆکەخانەکان و دەستەی گەشتەکان بە پشکنینی پزیشکی.

5. پابەندبوونی سەرجەم کارگوزارانی فڕۆکەخانەکان و دەستەی گەشتەکان بە بەستنی دەمامک، بەکارهێنانی دەستکێش و دەستشوشتن.

6. پابەندبوون بە بوونی بۆشایی نێوان کەسەکان لە شوێنی چاوەڕوانی و لەکاتی هاتووچۆکردن و گەشتکردن.

7. بەکاربردنی فێنککەرەوەی فڕۆکە و هۆڵەکانی چاوەڕوانی بەشێوەیەکی گونجاو بۆ هەواگۆڕكێ و زیاکردنی.

جهیاد کازم، چەند رێنماییەکی دیکەشی ئاشکراکرد کە بەرامبەر گەشتیار و دەستەی فڕۆکەوانی دەگیرێنەبەر بە مەبەستی خۆپارێزی.

1. گەشتیار هانبدرێت بۆ ئەوەی بەر لە فڕین لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لە پلیت و گەشتەکەی دڵنیابێتەوە.

2. ئامادەبوونی گەشتیار سێ کاژێر بەر لە فڕین.

3. کارئاسانیکردن بۆ گەشتیاران بۆ چوونە ناو فڕۆکەخانە، هەروەها رێگە بە پیر و خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت کە هاوەڵەکانیان بە ئۆتۆمبێل بیانبەنە ژوورەوە.

4. پشکنینی پلەی گەرمی سەرجەم گەشتیاران بەرلەوەی بچنە نێو فڕۆکەخانە و بەکاربردنی پاککەرەوەی دەست.

5. ناچارکردنی گەشتیار بە بەکاربردنی دەمامک پێش چوونە ناو فڕۆکەخانە، هەروەها هەر گەشتیارێک دەستەکانی پاکنەکاتەوە نابێ بچێتە ناو فڕۆکەخانە.

6. پابەندبوونی گەشتیاران بە پشکنینی PCR لە بنکەکانی تاقیگە و تەندروستی تایبەت بە کۆرۆنای سەر بە وەزارەتی تەندروستی.

7. رشاندنی شوێنی دانیشتن و چاوەڕوانی.

8. بەکارهێنانی قادرمەی فڕۆکە و رێکخستنی لەلایەن فەرمانبەران.

9. هێشتنەوەی دوو کورسی کۆتایی بە بۆشی بۆ ئەوەی لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی لە هەر گەشتیارێک بۆی بەکارببرێت.













رووداو
Top