کۆرۆنا دۆخی ئابووریی عێراقی لاواز کردووە
بابان شێرزاد، گەنجێکە دووکانی دۆنەری هەیە و دەڵێت، "ئەمە چوار مانگە بێئیشین، کەس نەهات لێمان بپرسێت و کرێکارەکان رۆژانە بە 15 تا 20 هەزار ئیشیان دەکرد ئەویش نەما".
هێرش محەممەد، کرێکارە و دەڵێت، "کۆرۆنا ماڵی هەموومانی وێران کرد، خەڵکی بێئیش و بێهیوا کرد. بەتایبەتی دووکاندارەکان زۆر زیانیان کردووە. ".
ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکی هەژاری هەژارتر کردووە و کەمداهاتەکانیش کە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە کار و کاسبییان لەدەستداوە، خزیونەتە نێو بازنەی هەژارییەوە.
موھەبەت سوودانی، شۆفێری تەکسییە و دەڵێت، "بێگومان کاریگەرییەکی نەرێنیی هەبووە، بەتایبەت بۆ ئێمەی چینی کاسبکار و بێدەرامەت. بەگشتی کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە، چونکە هیچ شتێکی نەهێشتووە".
محەمەد سەلمان، کاسبکارە و دەڵێت، "کۆرۆنا بەگشتی کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە هەبووە. کاریگەریی لەسەر ئابوریی وڵات هەبووە. تەماشا خەڵک هەمووی دانیشتووە، دەوڵەت پارەت ناداتێ".
تاوەکو ئێستا نزیکەی 105 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەعێراق تۆمار کراون، زیاتر لە 71 هەزار تووشبوو چاکبوونەتەوە و زیاتر لە چوار هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق گیانیان لەدەستداوە.
ئێستا نزیکەی 30 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەژێر چاودێریی تەندرووستیدان. زیاتر لە 450 تووشبوویش لەژێر چاودێریی چڕدان.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نزیکەی چوار مانگە قەدەخەی هاتووچۆ لە عێراق جێبەجێ دەکرێت. یەک لەسەر سێی دانیشتووانی عێراق برسین و بە سەختی نانیان بۆ پەیدا دەکرێت. رێکخراوی جیهانیی خۆراک ئامارێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ئەو برسێتییە دەرهاویشتەی کۆرۆنایە، کار و کەسابەتی نەهێشتووە وخەڵک پارەی نەماوە پێی بژی.
بەپێی رووپێوییەكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی تەواوی پارێزگاكانی عێراق نزمترین رێژەی هەژاریی تێدایە و پارێزگای هەولێر بە پلەی دووەم دێت. بەرزترین رێژەی هەژارییش لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگای موسەننایە.
رووداو