پێشبینیدەکرێت کەمیی ئاو ببێتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێکی دانیشتووانی عێراق

پێشبینیدەکرێت کەمیی ئاو ببێتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێکی دانیشتووانی عێراق
عێراق رووبەڕووی کێشەی گەورەی کەمیی ئاو دەبێتەوە و زۆربوونی ئاستی خوێی ئاوی کەنداویش وایکردووە نەتوانرێت بە باشی سوودی لێوەربگیرێت بۆ کشتوکاڵ لە ناوچەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە تورکیا دەستیکردووە بە کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی ئیلیسوو و پرۆژەی گاپ لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فورات.

لەنێو ناوچەکانی عێراقدا، بەسرە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە و پیسبوونی ئاو وایکردووە قەیران بۆ کەرتی کشتوکاڵ دروستببێت.

رووباری دیجلە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوە بۆ عێراق، بەڵام پرۆژەکانی دروستکردنی بەنداو و ئاودێری لە تورکیا لەسەر رووبارەکە، ناوچە کشتوکاڵییەکانی عێراقی تووشی وشکبوونەوە کردووە.

رووبارەکانی دیجلە و فوارت کە لە تورکیاوە دێن و بەناو سووریادا تێدەپەڕن و پێش ئەوەی بگاتە کەنداو دێنە نێو عێراق، دوو سەرچاوەی گرنگی ئاون بۆ عێراق لەڕووی کشتوکاڵییەوە.

مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت "تورکیا هەمیشە دەڵێت هیچ کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر ئاوی عێراق نابێت، بەڵام بێگومان ئەمە راست نییە، ئەگەر هەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی هەبێت، ئەوا ئێمە کارەکەی ئەوان قبووڵ دەکەین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان بەنداو دروستدەکەن و هیچ رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیش لەوبارەیەوە نییە، بۆیە باوەڕم وایە کاریگەریی خراپی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئێمە دەبێت".

تورکیا سوورە لەسەر دروستکردنی بەنداوەکانی و دەڵێت، ئەو پرۆژانە سەرچاوەیەکی گرنگی داخوازیی نێوخۆیی تورکیان بۆ وزەی کارەبا. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەرچاوەی ئاو لە عێراق دروستکردووە.

عەلا بەدران، پسپۆڕی بواری كشتوکاڵ و ئاو ئاماژە بەوە دەکات، ئاستی خوێ لە کەنداو زیادیکردووە، بەتایبەت لە بەسرە و لە فاو، ئێستا خوێی ئاوی کەنداو زۆرە و لەو ئاستە تێپەڕیوە کە بتوانرێت ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنرێت.

بەپێی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە ئەمساڵدا رێژەی ئاو لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا 50% کەمیکردووە، ئەمەش جگە لەوەی رێژەی بارانبارینیش لە ئەمساڵدا لەچاو ساڵی رابردوودا 50%یە کە دوو هۆکارن کاریگەریی تەواو نەرێنییان لەسەر سەرچاوەی ئاو هەبووە.

دوایین راپۆرتی رێکخراوی جیهانیی پەنابەران لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فوارت بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە کە لە رابردوودا هاوشێوەی نەبووە، ئەمەش لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە هۆی جۆرێکی دیکەی ئاوارەبوونی خەڵکی بەشێک لە ناوچەکانی عێراق.














رووداو
Top