شاوێس: كوتله‌كان برِیاریانداوه رۆژانه دوو دانیشتنی به‌یانیان و ئێواران گرێبده‌ن
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌رۆكی شاندی دانووستكاری كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان رۆژ نوری شاوێس رایگه‌یاند كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی نێوان كوتله‌كان كه له ماڵی ناوبراو له به‌غدای پایته‌خت به‌رِێوه‌چوو به سه‌ركه‌وتووی كۆتایی پێهات.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا شاوێس ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌دا كوتله‌كان برِیاریاندا رۆژانه دوو دانیشتنی به‌یانیان و ئێواران گرێبده‌ن، گوتیشی ئامانجی سه‌ره‌كی له گرێدانی ئه‌و دوو كۆبوونه‌وه‌یه بریتییه له په‌له كردن له بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و جێبه‌جێكردنی برِیاری دادگای ده‌ستووری كه برِیاریداوه كۆتایی بێنێت به دانیشتنه كراوه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.
شاوێس دووپاتیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ ئێواره‌دا هه‌موو كوتله‌كان پابه‌ندبوونی خۆیان به بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی شه‌راكه‌تی نیشتمانی دووپاتكرده‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد هه‌موو كوتله‌كان رێككه‌وتن له سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌ره‌قه‌ی كاری خۆی له كۆبوونه‌وه‌ی به‌یانیان پێشكه‌ش بكات به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به پرسی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌تریش ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی بۆ سیاسه‌تی ستراتیژی و سیسته‌می ناوخۆیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه هه‌یه، گوتیشی كۆبوونه‌وه‌كانی ئێوارانیش په‌یوه‌ندی به پێشكه‌شكردنی پێشنیاره‌كانی ته‌وافوقی نیشتمانی و راگرتنی هاوسه‌نگی له دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه.