ئه‌سه‌دی: هاوپه‌یمانی نیشتمانی و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ كه‌ناری رێككه‌وتن

ئه‌سه‌دی: هاوپه‌یمانی نیشتمانی و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ كه‌ناری رێككه‌وتن
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د
له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا حسێن ئه‌سه‌دی ئاشكرای كرد هاوپه‌یمانی نیشتمانی تارِاده‌یه‌كی زۆر گه‌یشتۆته‌ كه‌ناری كۆتایی دانووستانه‌كانی له‌گه‌ڵ كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.

ئه‌سه‌دی رایگه‌یاند دانووستانه‌كانی نێوان هه‌ردوو ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و هاوپه‌یمانی نیشتمانی گه‌یشتۆته‌ كۆتایی و رێككه‌وتنێكی نیمچه‌ كۆتاییش له‌ نێوان هه‌ردوولادا هاتۆته‌ ئارا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌سه‌دی دووپاتی كرده‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو هه‌موو لایه‌ك كۆتایی دانووستانه‌كانی نێوان كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان هاوپه‌یمانی نیشتمانی ده‌بینن سه‌باره‌ت به‌ وه‌ره‌قه‌ 19 خاڵییه‌كه‌ی كوردی.

جه‌ختیشی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ رێككه‌وتنێكی باش هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا له‌ سه‌ر زۆربه‌ی خاڵه‌كانی وه‌ره‌قه‌ی كوردی، گوتیشی چه‌ند خاڵێك هه‌یه‌ پێویستیان به‌ رێككه‌وتنێكی نیشتمانی هه‌یه‌و ده‌بێت له‌ ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێن.
Top