اسماعیل شوكر: ده‌بێت داواكارییه‌كانی كورد له‌ ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ند بكرێن

اسماعیل شوكر: ده‌بێت داواكارییه‌كانی كورد له‌ ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ند بكرێن
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئیسماعیل شوكر داوای له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان كرد وه‌ره‌قه‌كه‌ی كوردی له‌ ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران په‌سه‌ند بكه‌ن، روونیشی كرده‌وه‌ ته‌وافوقێكی زۆرینه‌ هه‌یه‌ له‌ ناو كوتله‌كان كه‌ زۆرینه‌ی خاڵه‌كانی وه‌ره‌قه‌ 19 خاڵییه‌كه‌ی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیان قبوڵ كردووه‌، ته‌نیا چه‌ند خاڵێكی كه‌م نه‌بێت ئه‌وانیش به‌ دانیشتن و گفتوگۆی دوو قۆڵی ره‌زامه‌ندیان له‌ سه‌ر ده‌درێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا شوكر رایگه‌یاند زۆرینه‌ی داواكارییه‌كانی كورد له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا هاتوون، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی، شوكر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌ستوورییه‌ی هه‌ر به‌و پێیه‌ش زۆرینه‌ی كوتله‌كان قبوڵیان كردووه‌ بۆ ده‌رچوونی ولاَت له‌ ته‌نگژه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت.

له‌ گرنگترین خاڵه‌كانی وه‌ره‌قه‌ی كوردی، وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌ بۆ كاندیدی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابرِاوه‌كانی دیكه‌و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی پێشمه‌رگه‌و بودجه‌و مه‌سه‌له‌ی نه‌وته‌.
Top