دوای كاندید كردنی مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌عدون یه‌كه‌م هه‌نگاوی كورد ئاشكرا ده‌كات

دوای كاندید كردنی مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌عدون یه‌كه‌م هه‌نگاوی كورد ئاشكرا ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی موحسن سه‌عدون ئاشكرای كرد هه‌نگاوی یه‌كه‌می كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان دوای ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتمانییه‌وه‌، پێشكه‌شكردن و خستنه‌ رووی كارنامه‌ی كوردی ده‌بێت كه‌ له‌ 19 خاڵ پێكهاتووه‌، سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.
سه‌عدون ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كورد چاوه‌رِوانی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ كارنامه‌ی خۆی بۆ پێكهێنان و به‌شداریكردنی له‌ حكومه‌تی نوێدا پێشكه‌ش بكات كه‌ له‌ 19 داواكاری پێكهاتووه‌.
رۆژی هه‌ینی رابردوو هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌ كۆی 132 ده‌نگ جگه‌ له‌ 27 ده‌نگی هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و حزبی فه‌زیله‌، مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو كاندید كرد.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا سه‌عدون ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ رێككه‌وتنی نێوان كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌و حزبی فه‌زیله‌ ده‌كه‌ن، گوتیشی جارێ زووه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر رێككه‌وتنی له‌و جۆره‌ بكرێت.
سه‌عدون جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كورد هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و كوتله‌یه‌ پێكده‌هێنێ كه‌ داواكاری و خواسته‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات.
Top