شاوێس: ده‌وڵه‌تی یاسا نزیكترین كوتله‌یه له كورد
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی شاندی دانووستكاری كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان رۆژ نوری شاوێس دووپاتی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی نزیكترین كوتله‌یه له كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا شاوێس ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌ردوو كوتله‌ی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا‌و كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش و له یه‌كچوو به‌یه‌كه‌وه كۆیان ده‌كاته‌وه، گوتیشی ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ردوو ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی مالیكی و ئیئتیلافی نیشتمانی به سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم به ته‌واوی یه‌كتری بگرن و له ژێر یه‌ك ئیئتیلافدا بچنه ناو په‌رله‌مان ئه‌مه واده‌كات كاندیدی ئه‌و دوو ئیئتیلافه یه‌كگرتووه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به ده‌ست بێنن.
سه‌باره‌ت به پرسی كه‌ركوك، شاوێس جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه پرسی كه‌ركوك به گوێره‌ی ماده‌ی 140 چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و دۆسییه‌كه یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، روونیشی كرده‌وه كه‌ركوك شارێكی عێراقییه هه‌تا ئه‌گه‌ر بگه‌رِێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش، سه‌رله‌نوێ دووپاتیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه كورد هیچ رۆژێك داوای جیابوونه‌وه‌ی نه‌كردووه له عێراق به‌لاَم داوای حكومتێك ده‌كه‌ن كه رێز له هه‌موو پێكهاته‌كان بگرێت.