به‌رپرسێكی ئێرانی ئه‌و لێدوانانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌باس له‌ ئاودیوكردنی نه‌وتی عێراقی ده‌كه‌ن بۆ ئێران له‌ رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

به‌رپرسێكی ئێرانی ئه‌و لێدوانانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌باس له‌ ئاودیوكردنی نه‌وتی عێراقی ده‌كه‌ن بۆ ئێران له‌ رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكدا به‌رپرسێكی ئێرانی له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و ولاَته‌ له‌ عێراق ره‌تی ئه‌و هه‌والاَنه‌ی كرده‌وه‌ گوایه‌ له‌ رێگه‌ی كوردستانه‌وه‌ نه‌وتی عێراق ئاودیوی ئێران ده‌كرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت له‌ لێدوانێكی بۆ رادیۆی سه‌وا ره‌تی ئه‌و قسانه‌ی هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی عێراقی كرده‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان برِێكی زۆر له‌ نه‌وتی عێراقی بێ ئاگاداری حكومه‌تی ناوه‌ندی ئاودیوی ئێران ده‌كات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌ كه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ولاَته‌كه‌ی له‌ به‌غدای پایته‌خت كارده‌كات دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ ولاَته‌كه‌ی پێویستی به‌ نه‌وتی عێراقی نییه‌ چونكه‌ خۆی خاوه‌نی سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری نه‌وته‌ كه‌ پێویستییه‌كانی خۆی پێ دابین ده‌كرێ، گوتیشبی تاران به‌رده‌وام له‌ كۆنترِۆڵكردنی زیاتری سنووری خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ هه‌موو هه‌وڵو كارێكی نایاسایی بگرێ.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاوه‌ مه‌حمود ئاماژه‌ی به‌وه‌دا لێدوانه‌كانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق حسێن شه‌هرستانی سه‌باره‌ت به‌ بانگهێشتكردنی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌واڵی ئاودیوكردنی نه‌وت بۆ ئێران، لێدوانی سیاسین نه‌ك یاسایی، گوتیشی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو تۆماری گومرگه‌كانی له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.
Top