به‌غدا بۆ كرِینی فرِۆكه‌ی F 16 پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

به‌غدا بۆ كرِینی فرِۆكه‌ی F 16 پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق رێككه‌وتنامه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و ولاَته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كرِینی فرِۆكه‌ی شه‌رِكه‌ری جۆری f16 له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌ وه‌سف كرد.

ئه‌مرِۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ به‌یانێكدا سوپای ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و ئه‌مه‌ریكی پرِۆژه‌ی رێككه‌وتنامه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری ئاڵوگۆر كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌شق پێدانی فرِۆكه‌وانانی عێراقی و دواتریش كرِینی 18 فرِۆكه‌ی شه‌رِكه‌ری جۆری F 16 به‌یانه‌كه‌روونیشی كردۆته‌وه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ ئازاری ئه‌مساڵدا حكومه‌تی عێراق خستوویه‌تییه‌ به‌ر ده‌ستی به‌رپرسانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكی.
به‌یانه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریگا پێنتاگۆن و دواتریش كۆنگرێس و پاشانیش هه‌ردوو حكومه‌تی عێراقی و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ رێككه‌وتن ئه‌و كات نه‌ك هه‌ر هێزی ئاسمانی عێراقی به‌هێز ده‌بێت به‌ڵكو ئه‌مه‌ واده‌كات په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان به‌غداو واشنتۆن بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژتر
.
له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی نێرده‌ی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق سكۆت جۆنسۆن خۆشحاڵی خۆی سه‌باره‌ت به‌و پرۆژه‌یه‌ خسته‌روو و به‌پێویستی زانی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی عێراقی زیاتر پرِبكرێن له‌ رووی فرِۆكه‌ی جۆری F16 و جۆره‌كانی دیكه‌و مه‌شق پێدانی زیاتری فرِۆكه‌وانه‌ عێراقییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ لێهاتووی ئه‌ركی خۆیان له‌ بواری پاراستنی ئاسمانی ولاَته‌كه‌یان زیاتر پێشكه‌وتووانه‌ به‌جێبگه‌یه‌نن.

به‌ پێی پرۆژه‌كه‌ له‌ پاییزی ئه‌مساڵ 10 كادیری فرۆكه‌وانی عێراقی بۆ مه‌شق وه‌رگرتن به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا به‌رِێده‌كه‌ون. به‌رپرسانی دیكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن چونكه‌ هۆكارێكی راسته‌وخۆ ده‌بێت بۆ به‌ستنی په‌یوه‌ندییه‌كی ماوه‌ درێژی نێوان به‌غداو واشنتۆن و تۆكمه‌تركردنی په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.
Top