ئه‌لعێراقییه‌ داوا له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌كات له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو دان به‌شه‌رعییه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن كوتله‌كه‌یانه‌وه‌ دابنێ

ئه‌لعێراقییه‌ داوا له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌كات له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو دان به‌شه‌رعییه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن كوتله‌كه‌یانه‌وه‌ دابنێ
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ داوا له‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی دانووستانه‌كانی نێوانیان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق به‌رده‌وام بێت له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری داهاتوو وه‌لاَمی داواكارییه‌كه‌یان بداته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌دانپێنانی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ مافی شه‌رعی و ده‌ستووری ئه‌لعێراقیه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌للاوی.

ئه‌م داواكارییه‌ په‌له‌یه‌ی ئه‌لعێراقییه‌ له‌و كاته‌دێت كه‌ ده‌نگۆی له‌ یه‌كنزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌لعێراقییه‌و ئیئتیلافی نیشتمانی عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم له‌ ئارادایه‌ ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ برِیاره‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورای ئێرانی عه‌لی لاریجانی بگاته‌ عیراق.

دوێنی ئێواره‌ شاندێكی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت و دوا پێشهاته‌كانی دانوستانی نێوان هه‌ردوولا كۆببوونه‌وه‌یه‌كیان به‌ست، له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی شاندی ئه‌لعێراقییه‌ رافیع عیساوی دووپاتیكرده‌وه‌ ئه‌وان پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دانووستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاساو ته‌واوی كوتله‌ براوه‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 7ی ئازار، گوتیشی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی دیكه‌ دانیشتنی دووه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراو ببه‌سترێ.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌ركرده‌ له‌ كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ سه‌لمان جومه‌یلی رایگه‌یاند ئه‌وان داواكارییه‌كیان ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زووترین كاتدا دان مافی ئه‌لعێراقییه‌ دابنێن كه‌ مافی شه‌رعییه‌تی خۆیه‌تی حكومه‌تی نوێی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌للاوی پێكبهێنێ، گوتیشی ده‌وڵه‌تی یاسا داواكارییه‌كه‌ی ئه‌لعێراقییه‌ی وه‌رگرتووه‌و برِیاریداوه‌ به‌وردی دیراسه‌ی بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو وه‌لاَمی فه‌رمی داواكاریه‌كه‌ بداته‌وه‌.
Top