ئه‌مه‌ریكا تا 10ساڵى تر له‌ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌

ئه‌مه‌ریكا تا 10ساڵى تر له‌ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌

گولاَن/ساڵح محمد

سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپاى ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایی كرد كه‌ چاوه‌رِوان ده‌كرێت هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا تا ده‌ساڵى تر له‌ عێراق و ئه‌فغانستان بمێننه‌وه‌ و ئه‌و دوو ولاَته‌ جێنه‌هێڵن.

\"جۆرج كایسی\"" سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپاى ئه‌مه‌ریكا رِایگه‌یاند: ته‌نها به‌ كارى سه‌ربازى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنین به‌ڵكو ئه‌و كاته‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنین كاتێك گه‌ل بزانێت كه‌ حكومه‌تێكى هه‌یه‌ پارێزگارى له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ده‌كات و ده‌یپارێزێت، و ئابوریه‌كى به‌هێزى هه‌بێت تا بتوانێت له‌سایه‌یدا بحه‌سێته‌وه‌ و ئاستى زانست و خوێنده‌وارى پێ پێشبخرێت، ئه‌مانه‌ هۆكارن بۆ سه‌ركه‌وتن كاره‌كانمان له‌ عێراق و ئه‌فغانستان تا بتوانرێت كاتى مانه‌وه‌ى هێزه‌كان له‌و ولاَتانه‌ دیارى بكرێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپاى ئه‌مه‌ریكا مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى له‌ عێراق بۆ ماوه‌ى 10 ساڵى داهاتو به‌ كارێكى چاوه‌رِوان كراو ناوزه‌ند كرد.

گوتیشى: ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام له‌ جه‌نگى دژى تیرۆره‌ و ئه‌و جه‌نگه‌ش كاتێكى زۆرى ده‌وێت و پێویستى به‌ گۆرِینى ئایدۆلۆژیا و بیروبۆچونه‌، به‌كاتێكى كه‌م كۆتایی نایه‌ت.

شایانى باسه‌ به‌پێى رِێككه‌وتنامه‌ى نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق پێویسته‌ هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵى داهاتو واتا له‌ ساڵى 2011 له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانى عێراق بكشێنه‌وه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان بن و ژماره‌ى سه‌ربازه‌كانیان له‌ 165 هه‌زاره‌وه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌ بۆ 50 هه‌زار سه‌رباز، و به‌پێى به‌رنامه‌ و قۆناغ به‌قۆناغ سه‌رجه‌م هێزه‌كانیان بكشێننه‌وه‌، و ئه‌ركى پاراستنى ولاَت رِاده‌ستى حكومه‌تى عێراق بكه‌ن.
"
Top