ده‌باغ: سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان، حكومه‌تی عێراق شاندێكی پایه‌بڵند ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كات

ده‌باغ: سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان، حكومه‌تی عێراق شاندێكی پایه‌بڵند ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی عێراق عه‌لی ده‌باغ دووپاتیكرده‌وه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا شاندێكی پایه‌ بڵند ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ كۆتایی پێهێنانی تۆپبارانی ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وپرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ بیانووی راوه‌دوونان و له‌ناوبردنی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌.

ده‌باغ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌و شانده‌ پایه‌ بڵنده‌ی حكومه‌تی عێراق په‌یامێكی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و به‌ حكومه‌تی توركیا راده‌گه‌یه‌نن حكومه‌تی عێراق چیدیدكه‌ بێده‌نگ نابێت چونكه‌ ئه‌وه‌ی توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌یكات پێشێلكردنی سه‌روه‌ری ئه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ توركیا راده‌گه‌یه‌نن كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوخۆی له‌ دووری عێراقییه‌كان سنووره‌كه‌یان بكات.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ حكومه‌تی عیراق هه‌ڵوێستی جیدی ده‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر سووكایه‌تی و بێرێزییه‌ك كه‌ به‌رامبه‌ری ده‌كرێت سووكایه‌تی و بێرێزییه‌كه‌ش له‌ لایه‌ن هه‌ر ولاَتێكه‌وه‌ بێت، گوتیشی ئێستا عێراق بۆته‌ خاوه‌نی هێزی خۆی به‌لاَم مه‌رج نییه‌ بیه‌وێ له‌ رێگه‌ی شه‌رو سه‌ربازییه‌وه‌ رووبه‌رِووی سووكایه‌تی پێكردنه‌كان ببێته‌وه‌ به‌ڵكو رێگه‌ی دیبلۆماسی و دیالۆگ ده‌گرێته‌ به‌ر.
Top