راپۆرتێك: ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق 33 ملیۆنه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی لاوه
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د
له درێژه‌ی پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووان كه برِیاره له ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ به‌رِێوه‌بچێ، نووسینگه‌ی عێراقی سندوقی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتووان به هاوكاری ده‌زگای ناوه‌ندی ئاماری عێراقی راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به بارودۆخ وژماره‌ی دانیشتووانی عێراق خسته‌روو.
ئامانجی سه‌ره‌كی راپۆرته‌كه خۆ ئاماده‌كردنێكی پێش وه‌خته بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی و دانانی نه‌خشه‌و پلانی گونجاو بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی پرۆسه‌كه به‌سه‌ركه‌وتوویی و هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی كێشه‌و گرفتی دانیشتووان و ژماره‌یان .
راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه زیاتر له ماوه‌ی 13 ساڵه پرۆسه‌ی سه‌رژمێری له عێراق ئه‌نجام نه‌دراوه ئه‌وه‌ی كراویشه ئاشكراكردن و خستنه رووی چه‌ند زانیارییه‌كی لابه‌لا بووه له لایه‌ن رێكخراو‌و سه‌نته‌رو ناوه‌نده‌كان ئه‌نجام دراون، راپۆرته‌كه روونی ده‌كاته‌وه به پێی ئه‌و رووپێوكردنه‌ی ئه‌وان له نیسانی ئه‌مساڵ ئه‌نجامیان داوه واده‌رده‌كه‌وێ ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق له ساڵی 2010 گه‌یشتبێته 33 ملیۆن كه‌س، به تایبه‌ت ئاماره لابله‌لاكان پێشتر ئه‌وه‌یان ده‌رخست رێژه‌ی دانیشتووان له ساڵی 2007 به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 1927، ده ئه‌وه‌نده زیادی كردووه. پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كرێ له ماوه‌ی 20 ساڵی داهاتوو رێژه‌كه زۆر به‌رزتر ببێته‌وه، ئه‌م زیادبوونه چاوه‌رِوانكراوه‌ش به توندی رووبه‌رِووی سیاسه‌توانان و حكومه‌تی عێراقی ده‌بێته‌وه له پێشخستن و بوژانه‌وه‌ی ولاَت له هه‌موو بواره جیاجیاكان.راپۆرته واپیشانده‌دا كه كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی لاوه‌به شێوه‌یه‌ك 40%ی دانیشتووان ته‌مه‌نیان له نێوان 0 - 14 ساڵی دایه، هه‌روه‌ها 3% ی دانیشتووان ته‌مه‌نیان 65 ساڵی و زیاتره، له‌و كاته‌ی 57% ی دانیشتووان كه رێژه‌ی زۆرینه پێكدێنن ته‌مه‌نیان له نێوان 15 - 64 ساڵیدایه كه ئه‌مانه‌ش به ده‌ستی هێزو كار هه‌ژمار ده‌كرێن.