ده‌وڵه‌تی یاسا ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی نارِازی بوونی كوردی بۆ دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی به‌ مالیكی راگه‌یاندبێ

ده‌وڵه‌تی یاسا ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی نارِازی بوونی كوردی بۆ دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی به‌ مالیكی راگه‌یاندبێ
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا عه‌لی ئه‌دیب ئه‌و لێدوانانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ گوایه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی نه‌یاری كوردی بۆ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌رچووی عێراق نوری مالیكی كردووه‌.
ئه‌مرِۆ پێنج شه‌ممه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی ئاشكرایكرد هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی بۆ پۆسته‌كه‌ی گۆرِاوه‌و نه‌یاری كوردیشی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌ مالیكی راگه‌یاندووه‌، بارزانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی به‌خودی مالیكی راگه‌یاندووه‌ هه‌روه‌ها بۆ هه‌مان مه‌به‌ست چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی عێراقی و ئێرانیشی ئاگادار كردۆته‌وه‌ به‌گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوایه‌ بارزانی شاندێكی تایبه‌تیشی ره‌وانه‌ی تاران كردووه‌.
سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ فه‌رمی لێدوانی ئه‌و سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یاری كوردی بۆ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ مالیكی رانه‌گه‌یاندووه‌.
ئه‌دیب ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوو كوتله‌ی كوردی سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌دات و هه‌ڵوێستی خۆیشی سه‌باره‌ت به‌ ئاڵوگۆر كردنی بۆچوونه‌كان سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ ده‌خاته‌روو، ئه‌دیب گوتیشی كوتله‌ی كوردی تا راده‌یه‌ك ترسی هه‌یه‌ له‌ له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌وو ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا كورد به‌ڵكو كوتله‌كانی دیكه‌ی عێراقیش هه‌مان حه‌زه‌رو ترسین بۆ دروست بووه‌.
ناوبراو دووپاتیشی كرده‌وه‌ ده‌وڵه‌تی یاسا پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر به‌شداری پێكردنی ته‌واوی كوتله‌كان له‌ حكومه‌تی نیشتمانی داهاتوو، باسی له‌وه‌شكرد له‌یه‌ك نزیك بوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی یاساو ئه‌لعێراقییه‌ به‌ واتای په‌راوێز خستنی كوتله‌كانی دیكه‌ نییه‌ هه‌روه‌ها ئه‌م له‌یه‌ك نزیك بوونه‌وه‌یه‌ به‌ مانای هاوپه‌یمانییه‌تی نێوان هه‌ردوولا نییه‌ چونكه‌ تا ئێستا ده‌وڵه‌تی یاسا له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی نیشتمانی هاوپه‌یمانییه‌تی هه‌یه‌.
Top