ئه‌لعێراقییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد بپارێزێ پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌رناگرێ

ئه‌لعێراقییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد بپارێزێ پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌رناگرێ
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د
لیستی ئه‌لعێراقییه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌للاوی ره‌تی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو پارێزگاری كردن له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد كه‌ ئه‌ویش له‌لای خۆیه‌وه‌ پێداگری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ ده‌كاته‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ مالیكی بلاَویكردۆته‌وه‌ كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ ئاماده‌یی خۆی پیشانداوه‌ ده‌ست به‌رداری پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بێت به‌ مه‌رجێك ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا دان به‌ مافی ئه‌لعێراقییه‌ دابنێ له‌ به‌شداریكردنی له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و به‌شداریش بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌روه‌ها پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان سێ وه‌زاره‌تی سیادی له‌وانه‌ش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، به‌رگری، دارایی پێبدرێ، رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا پێده‌چێت ئه‌لعێراقییه‌ رازی بێت وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌رامبه‌ر به‌ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بگۆرِێته‌وه‌، به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێداگری ده‌كات له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و وه‌زاره‌تی دارایی.
ئه‌لحه‌یات باسی له‌وه‌ كردووه‌ ئه‌لعێراقییه‌ له‌ به‌ر دوو هۆكار نایه‌وێ پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێ یه‌كه‌میان له‌به‌ر كورد چونكه‌ ئه‌لعێراقییه‌ نایه‌وێ له‌سه‌ر حیسابی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێ، دووه‌میان ئه‌لعێراقییه‌ پێی وایه‌ له‌ قۆناخی داهاتوودا پۆستی سه‌رۆك كۆمار پۆستێكی كاریگه‌رو ئه‌كتیڤ نابێت به‌ڵكو ته‌نیا پۆستێكی ته‌شریفی ده‌بێت به‌ڵكو له‌ قۆناخی داهاتوو مافی ڤیتۆی نابێت له‌سه‌ر برِیاره‌كانی په‌رله‌مان.
Top