ئێواره‌ی ئه‌مرِۆ كۆبوونه‌وه‌ی چواره‌می نێوان ده‌وڵه‌تی یاساو ئه‌لعێراقییه‌ به‌ له‌یه‌كگه‌یشتن كۆتایی پێهات

ئێواره‌ی ئه‌مرِۆ كۆبوونه‌وه‌ی چواره‌می نێوان ده‌وڵه‌تی یاساو ئه‌لعێراقییه‌ به‌ له‌یه‌كگه‌یشتن كۆتایی پێهات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

ئێواره‌ی ئه‌مرِۆ سێشه‌ممه‌ له‌ ماڵی جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خالید عه‌تییه‌ شاندی هه‌ردوو ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ی ئه‌یاد عه‌للاوی بۆ جاری چواره‌م چاویان به‌یه‌كتری كه‌وت وبه‌یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوانیشیاندا هه‌ردوولا تاوتوێی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و دابه‌شكردنی ده‌سه‌لاَته‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌یان كرد.

دوای به‌دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌ دووقۆَڵییه‌كه‌ سه‌ركرده‌ له‌ كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی ماوه‌ به‌سه‌رچووی عێراق رافیع عیساوی رایگه‌یاند كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئیجابی و سه‌ركه‌وتوو به‌رِێوه‌چوو به‌تایبه‌ت هه‌ردوولا پێداگریان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر په‌له‌كردن له‌ پَكهێنانی حكومه‌تی نوێ، هه‌روه‌ها شاندی هه‌ردوو كوتله‌كه‌ به‌رنامه‌ی كاری خۆیان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت بۆ یه‌كتری خسته‌روو وهه‌روه‌كو جه‌ختیشیان له‌سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسه‌كانی نێوانیان سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و چۆنییه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیران كرده‌وه‌، عیساوی گوتیشی ئه‌و ته‌رحه‌ی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌كه‌كان ده‌یخاته‌ به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌مان ئه‌و ته‌رح و پێشنیارانه‌ن كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی پێشووتر خستوونییه‌ته‌ به‌رده‌م هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان وئیئتیلافی نیشتمانی عه‌ممار حه‌كیم.

عیساوی دووپاتیكرده‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مرِۆی نێوان ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ گۆرِانێكی گه‌وره‌ی له‌ تێگه‌یشتنی هه‌ردوولا تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌خۆوه‌ بینی، هه‌روه‌كو هه‌ردوولا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ پێویستیان زانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی نیشتمانی دابمه‌زرێ به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو كوتله‌ براوه‌كان به‌شداربن له‌ حكومه‌ت بێئه‌وه‌ی هیچ كوتله‌یه‌ك په‌راوێز بخرێ، روونیشی كرده‌وه‌ هه‌ردوولا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كوتله‌كان له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت پابه‌ندبن به‌ بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ له‌ زووترین ماوه‌دا حكومه‌تی نوێی عێراق به‌ده‌ستی خودی عێراقییه‌كان پێكبهێنرێت بێئه‌وه‌ی لایه‌نی ده‌ره‌كی ده‌ست بخاته‌ ناو ئه‌و پرسه‌ چاره‌نووس سازه‌ی عێراقییه‌كان.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆكی شاندی دانووستكاری ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا خالید عه‌تییه‌ رایگه‌یاند كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان شاندی هه‌ردوولا به‌سه‌ركه‌وتووی به‌رِێوه‌چوو، هه‌روه‌كو هه‌ردوولا خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كتری تاوتوێ كردوو له‌یه‌كگه‌یشتنێكی ئیجابیش له‌ نێوان هه‌ردوو كوتله‌كه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشت، برِیاریش درا كۆبوونه‌وه‌كان له‌ رۆژانی داهاتوو به‌رده‌وامیان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ به‌ ته‌واوی به‌سه‌ر ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ زاڵبن كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌ت.

عه‌تییه‌ گوتیشی پێشبینی ده‌كه‌م هه‌ردوولا به‌ پێی ئه‌و روئیایه‌ی هه‌یانه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ خۆیان به‌ به‌رپرس ده‌زانن له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت چونكه‌ هردوولا خاوه‌نی زۆرترین رێژه‌ی كورسی په‌رله‌مانین.

له‌ سه‌رێكی دیكه‌وه‌ش سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وله‌تی یاسا مه‌حه‌مه‌د عه‌للاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ له‌ دوو رۆژی داهاتوو گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق ده‌كه‌ن.
Top