ئیئتیلافی حه‌كیم له‌ رێگه‌ی نامه‌یه‌كی ئیمزا له‌سه‌ر كراو داوا له‌ مالیكی ده‌كات جارێكی دیكه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید نه‌كاته‌وه‌

ئیئتیلافی حه‌كیم له‌ رێگه‌ی نامه‌یه‌كی ئیمزا له‌سه‌ر كراو داوا له‌ مالیكی ده‌كات جارێكی دیكه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید نه‌كاته‌وه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ نامه‌یه‌كدا پێنج كوتله‌ی ناو هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه‌ عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات داوا له‌ سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی ده‌كه‌ن ده‌ست به‌رداری خۆ كاندیدیكردن بێت بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وئه‌وان ئاره‌زوو ناكه‌ن جارێكی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكاته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی ینشتمانی مونته‌سیر ئه‌ماره‌ رایگه‌یاند هه‌ر یه‌ك له‌ كوتله‌كانی ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی و كوتله‌ی ئه‌حرارو فه‌زیله‌و ره‌وتی سه‌درو ره‌وتی چاكسازی نیشتمانی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی ئیمزایان له‌سه‌ر نامه‌یه‌ك كردووه‌و تێیدا داوایان له‌ مالیكی كردووه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید نه‌كاته‌وه‌و ئه‌وان ئاره‌زوو ناكه‌ن جارێكی دیكه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێته‌وه‌.

ئه‌ماره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌و پێنج كوتله‌یه‌ برِیاریاندا له‌ رێگه‌ی شاندێكه‌وه‌ نامه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ ده‌ست مالیكی و رووبه‌رِوو له‌گه‌ڵی دابنیشن و پێی رابگه‌یه‌نن كه‌ ئه‌وان ئاره‌زوو ناكه‌ن بۆ جاری دووه‌م پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌ماره‌ گوتیشی هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌ هه‌موو باوه‌رِییه‌وه‌ ئه‌و برِیاره‌ی وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌و په‌رِی شه‌فافی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا و شه‌قامی عێراقی مامه‌ڵه‌ بكات، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌و برِیارو هه‌ڵوێسته‌ی وه‌رگرتووه‌ به‌لاَم مانای ئه‌وه‌ نییه‌ هاوپه‌یمانییه‌تی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌ سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا عه‌لی ئه‌دیب ره‌تی كرده‌وه‌ ده‌وڵه‌تی یاسا له‌گه‌ڵ كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ی ئه‌یاد عه‌للاوی گه‌یشتبێته‌ رێككه‌وتن.
جێی باسه‌ تا ئێستا هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی كه‌ پێكدێت له‌ هه‌ردوو ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو ئیئتیلافی نیشتنمانی نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ن رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدێكی یه‌كگرتوو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو.
Top