راپۆرتێك: عێراق بۆته‌ پردی په‌رِینه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان

راپۆرتێك: عێراق بۆته‌ پردی په‌رِینه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان
عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ دوای ساڵی 2003 وه‌ بازرگانیكردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌و كرانه‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ ولاَتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌ له‌ دوای رووخانی رژێمی پێشوو به‌ خۆوه‌ی بینیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئێستا عێراق بۆته‌ پردی په‌رِینه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات هاولاَتیان به‌ تایبه‌ت توێژی لاوان و گه‌نجان و به‌ شێكیش له‌ بازرگانان به‌ ئاسانی ده‌توانن ئاڵوگۆرِ به‌ و مادانه‌ بكه‌ن و به‌كاریان بێنن، راپۆرته‌كه‌ ده‌نووسێ ده‌ستكه‌وتنی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی دیاریكراو ئاسانتره‌ له‌ ده‌ستكه‌وتنی هه‌ر شتێكی دیكه‌ كه‌ مرۆڤ پێویستی پێی بێت.

له‌لای خۆیه‌وه‌ راوێژكاری حكومه‌تی عێراق سه‌عد مه‌تڵه‌بی رایگه‌یاند ئێستا به‌ تایبه‌ت له‌ دوای ساڵی 2003 عێراق بۆته‌ پردی ئاودیوكردن و په‌رِینه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌لایه‌ن بازرگانانی ئێرانییه‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ كه‌ ده‌سته‌ی نیشتمانی بۆ له‌ناوبردنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاماده‌ی كردووه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ساڵی 2004 هۆگری ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بوون ته‌نیا 7 هه‌زار كه‌س بوونه‌ كه‌چی ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ ساڵی 2006 بۆ 26 هه‌زار كه‌س به‌رزبۆته‌وه‌، سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش داتایه‌كه‌ی راپۆرتی ده‌سته‌ی نیشتمانی بۆ له‌ ناوبردنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی پشت راستكردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌عد مه‌تڵه‌بی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ عێراق كه‌متر ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌كاردێنێ به‌ڵكو ته‌نیا بۆته‌ پردێك بۆ بازرگانی كردن پێی نه‌ك بازارِی به‌كارهێنانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات له‌زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق هه‌ندێك له‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌خۆرِایی به‌سه‌ر گه‌نجان و هه‌رزه‌كاران دابه‌ش ده‌كرێ ئه‌مه‌ش له‌ پێناو په‌یداكردنی بازارِ، باس له‌وه‌ش ده‌كات یه‌ك پارچه‌ كه‌ 12 دانه‌ی تێایه‌ ئێستا له‌ بازارِه‌كانی عێراق ته‌نیا به‌ 750 دیناری عێراقی ده‌فرۆشێ.
له‌لای خۆیانه‌وه‌ چاودێران رایده‌گه‌یه‌نن رۆژ به‌رۆژ نرخی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌گوێره‌ی جۆره‌كانی له‌به‌رز بوونه‌وه‌دایه‌، بۆ نموونه‌ یه‌ك قوم لێدان كه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌رزییه‌وه‌ وه‌رده‌گیردرێ له‌ هه‌ردوو ماده‌ی كۆكایین و هیرۆیین نرخه‌كه‌ی به‌ 30 هه‌زار دیناری عێراقییه‌، به‌لاَم ئه‌گه‌ر قوم لێدانه‌كه‌ گه‌وره‌تر بێت نرخه‌كه‌ی به‌ 67 هه‌زار دیناره‌.

حه‌سه‌ن شه‌عبان چالاكوان له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دا نه‌بوونی كۆنترۆڵێكی پته‌وو پێویست له‌ بازگه‌ سنوورییه‌كان و سستی لایه‌نی ئه‌منی و سه‌رقاڵ بوونی سه‌رانی سیاسی ولاَت به‌ ته‌نگژه‌ی ساسی هه‌موو ئه‌مانه‌و نه‌بوونی هۆشیارییه‌كی په‌روه‌رده‌یی پێویست وایكردووه‌ رێژه‌ی به‌كارهێنانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ عێراق زیاتر ته‌شه‌نه‌ بكات.
Top