كەریم سلێمان راوێژكاری جڤاتی رۆحانیی ئێزدیان بۆ گوڵان: هەتا پەكەكە لە شنگال بێت، شنگال كاولتر دەبێت و ناتوانرێت ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكەكەی بگەڕێتەوە

كەریم سلێمان  راوێژكاری جڤاتی رۆحانیی ئێزدیان بۆ گوڵان: هەتا پەكەكە لە شنگال بێت، شنگال كاولتر دەبێت و ناتوانرێت ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكەكەی بگەڕێتەوە
كوردانی ئێزدی بە دریژایی مێژوو دوو زوڵمیان دەرهەق كراوە، ئەویش زوڵمی نەتەوەیی و ئایینی بوو، لەدوای داگیركردنی شنگالیش لەلایەن تیرۆریستانی داعش و ئەنجامدانی ژینۆساید دژی كوردانی ئێزدی و هاتنی چەكدارانی پەكەكە كە بە حیساب ئیدعای ئەوە دەكەن هاتوون بۆ پاراستنی كوردانی ئێزدی، ئێستا زوڵمێكی دیكەشیان لێ دەكرێت كە ئەویش زوڵمی « پەكەكە»یە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەو زوڵمەی «پەكەكە» لە ئێستا دەرهەق بە كوردانی ئێزدی دەیكات و بۆتە رێگر لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی شنگال، ئەم دیدارەمان لەگەڵ كەریم سلێمان راوێژكاری جڤاتی رۆحانیی ئێزدیان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
پەكەكە بڕوای بە هیچ ئایینێك نییە، نازانین بۆچی دەیەوێت ئایینی ئێزدی بكاتە ئایینی زەردەشتی

هەر كوردێكی ئێزدی بیەوێت
كاری حزبی نەكات و بگەڕێتەوە ناو ماڵی خۆی پەكەكە زیندانی دەكات



* وەك دەزانن بەشێكی گوندەكانی ئێزدی دەكەونە رۆژئاوای كوردستان و لەوێش قەتڵوعام كران و چەكدارانی پەكەكە نەك هەر نەیاتوانی ئەو خەڵكە ئێزدییە بپارێزن، بەڵكو چەندین گەنجی ئێزدییان رفاند و كردیان بە چەكداری خۆیان و لە چوارچێوەی سوپای دیموكراتی سووریا لە رەققەی پایتەختی داعش بە كوشتن دران، ئایا ئێوە وەك راوێژكاری جڤاتی رۆحانیی ئێزدییەكان لە مبارەوە چی دەڵێن؟
- كوردانی ئێزدی هەموو كات دوو زوڵمیان لە سەر بووە، كە یەكێكیان زوڵمێكی مێژووییە، یەكەمیان لەبەر ئەوەی كوردە و ئاشكرایە نەتەوەی كورد گەورەترین نەتەوەیە كە هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە و ئەم زوڵمە لەسەر كورد هەتا ئێستا بەردەوامە، دووەم زوڵمیش لەسەر كوردانی ئێزی، زوڵمی ئایینییە لەبەر ئەوەی ئایینێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەم ئایینە لە پێش هاتنی ئیسلام هەبووە و بەڵگە و دیكۆمێنتەكان دەیسەلمێنن كە پێش گەیشتنی ئایینی ئیسڵام بۆ كوردستان خەڵكێكی زۆر لە سەر ئایینی ئێزدی بوون، ئەمە وای كردووە كە زوڵمی سەر ئێزدیان هەم نەتەوەیی و هەمیش ئایینی بێت. مخابن ئەوە دوو دەیە لە سەدەی بیست و یەك تێپەڕدەبێت، بەڵام ئەو زوڵم و هەڕەشەیە لەسەر ئێزدیان بەردەوامە، ئەوجا لە هەر پارچەیەكی كوردستان بژین. لە رۆژئاوی كوردستان پێشتر ژمارەی ئێزدیان زۆر لە ئێستا زیاتر بوون، دیارە ئەو دەڤەرانەی كە ئێزدی تێدا دەژین، بریتین لە حەسەكە، قامیشلی، عەفرین و.. چەندین شوێنی دیكە، پاش ئەوەش كە رەوشی سووریا تێكچوو بە شێوەیەكی گشتی كوردی رۆژئاوا دوچاری كارەسات بوون، بەڵام دیسان كوردانی ئێزدی لەبەر ئەوەی لەوێش ژمارەیان كەمتر بوو، بوونە قوربانیی گەورە، چونكە دوژمنی كورد سەبارەت بە كوردی ئێزدی دوو بیانوویان هەیە، یەكێكیان نەتەوایەتی كە كوردبوونە، بیانووەكەی دیكەیان ئایینییە لەبەر ئەوەی ئێزدایەتی ئایینێكی جیاوازە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە هەندێك جاریش حزبە سیاسییە كوردییەكان بەتایبەتی «پەكەكە» كوڕان و كچانی ئیزدیان بۆ كارو مەرامی خۆیان بەكارهێناوە. كاری سیاسی بەو جۆرە نییە كە ئەو جۆرە حزب و لایەنە سیاسییانە دەیكەن، چونكە سیاسەت بیروباوەڕ و هزرە، نەك ئەو جۆرە هەڵسەوكەوتەیە كە پەكەكە دەیكەن. هەر بۆ نموونە خۆ ناكرێت، یەكێك چووە ناو حزبێك و لە پاش ماوەیەك ویستی واز بێنێت، زیندانی بكەن و نەهێڵن ئەو كەسە لە بڕیاری خۆی ئازاد بێت، ئەمەش كێشەیەكی زۆر گەورەی لە رۆژئاوا بۆ كوردانی ئێزدی دروست كردووە، ئێمە وەك كوردی ئێزدی هەر حزبێكی سیاسی خەبات بۆ كوردستان بكات، رێزی دەگرین و شانازیی پێوە دەكەین، بەڵام كێشەی كوردانی ئێزدی لەگەڵ پەكەكە ئەو رەفتارانەیە كە پەكەكە نەك هەر تەنیا دەرهەق بە كوردی ئێزدی ئەنجامیان دەدات، هەڵە گەورەكەی پەكەكە ئەوەیە كە دەرهەق بە زیاتر لە 10 ملیۆن كوردی باكوور ئەنجامیان داوە، كوردانی باكوور هەست و باوەڕێكی بەهێزی نەتەوەییان هەیە، بەڵام رەفتار و سیاسەتە هەڵەكانی پەكەكە، ئەو تین و گوڕە نەتەوەییەی كز كردووە، ئەو كارو هەڵسەوكەوتانەی پەكەكە دەیكات، ئەنجام و بەرهەمەكەی هیچ دیار نییە، تەنیا خەڵكەكە دەكوژرێن و تاڵان دەكرێن و دەربەدەر دەبن لە ئەنجامی سیاسەتە هەلەكانی پەكەكەوە، بۆیە دەبێت بڵێین سیاسەت ئەوە نییە پەكەكە دەیكات. ئەو سیاسەتەی پەكەكە پەیڕەوی دەكات، چارەنووسی كوردی بەگشتی كردووەتە قوربانی و كوردی ئێزدیش زۆر زەرەرمەند بوون و بوونەتە قوربانی.
* باس لەوە دەكەن كە پەكەكە ئەوجا بۆ هەر مەرامێك ئەوە بكات، ئایینی ئێزدی وەك بەشێك لە ئاینی زەردەشتی لە قەڵەم دەدات و لەناو رێكخراوەكانی كوردی ئێزدی لە رۆژئاوا پەیكەری زەردەشتی دروست كردووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئایینی ئێزدی ئایینێكی سەربەخۆیە، یان بەشێكە لە زەردەشتی؟ ئەگەر ئایینێكی سەربەخۆیە پەكەكە بەچ مەرامێك هەوڵدەدات ئاینیی ئێزدی بشێویێنت؟
- دەستكاریكردنی ئایینی ئێزدی و ئەو شتەی لەوبارەوە دەكرێت، لە هەقیقەتدا زۆر ناڕەوایە و دروست نییە، چونكە ئێزدایەتی ئایینێكی سەربەخۆیە و كۆنترە لە ئایینی زەردەشتی و سێ هەزار ساڵ پێش زایین هەبووە، ئایینی زەردەشتی لە دوای ئیزیدایەتی پەیدا بووە و ئێمە رێز و حورمەتمان بۆ هەموو ئایینەكان هەیە و زۆر كوردیش زەردەشتی بوون و ئەمە زۆر ئاساییە، بەڵام تەئكید دەكەینەوە كە ئیزدایەتی و زەردەشتایەتی لەیەكتر جیاوازن و لە كۆندا لە كوردستان چەندین ئایینی دیكەش جگە لە ئێزدی و زەردەشتی هەبوون، وەك ئایینی مانەوی، مەزدەكی، جوولەكە و ...تاد. بیردۆزێك هەیە پێی دەڵێن «وحدە ادیان»، كە بەپێی ئاماژەكانی ناو ئەو بیرۆدۆزەوە هاوبەشی لە نێوان هەموو ئایینەكان بەگشتی هەیە، بۆیە زۆر نۆڕماڵە هەندێك شتی هاوبەش لە نێوان ئێزدایەتی و زەردەشتایەتی هەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئەو دوو ئایینە یەك ئایینن، یەكێك هەوڵ بدات ئەو هەقیقەتە بشێوێنێت، ئەوە شێواندنی هەردوو ئایینی ئێزدی و زەردەشتییە، نازانم ئەو بیرو هزرەی پەكەكە لەو بارەیەوە بۆچییە و مەبەستیان چییە لەو كارانەی دەیكەن. هەر چەندە دەزانین بیروباوەڕی پەكەكە میساڵی نییە و بە هیچ ئایین و مەزهەبێك نەبەستراوەتەوە، بەڵكو پەكەكە لێرەدا دەیانەوێت سوود لە ئایین وەربگرن بۆ سیاسەت و حزبی خۆیان، ئەگەرچی لەسەریان پێویستە بە دروستی سیاسەتی خۆیان بكەن، نەك شێواندن لە ئایینەكان دروست بكەن.
* ئاگادارن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی نێچیرڤان بارزانی هەر لە سەرەتای شەڕی دژی داعشەوە نووسینگەیەكی دامەزراندووە بۆ رزگاركردن و گێڕانەوەی ئافرەتانی ئێزدی، هەندێك جار ئەو كچ و ژنانەی بە رێگەی ناوچەكانی پەكەكە ئازاد دەكرێن، پەكەكە گێچەڵیان پێ دەكات، بۆ ئەوەی بیانكاتە چەكداری خۆی و بە كوشتنیان بدات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ئەو كچ و ژنانە ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە ناو خێزانی خۆیان، ئایا جیاوازیی پەكەكە و داعش چییە كە ئەویش جارێكی دیكە زیندانیان دەكاتەوە؟
- سیاسەتی پەكەكە روون و ئاشكرایە، نەك تەنیا بۆ خوشك و برایانی كوردی ئێزدی، بەڵكو لە ئەوروپا و لە هەموو شوێنێكی دیكەش، هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی گەنجانی كورد بە كوڕ و كچ هەڵخەڵەتێنن و بیانبەنە لای خۆیان لەدوای 3ی ئابی 2014 و ئەو ژینۆسایدەی دەرهەق بە كوردی ئێزدی كرا، ئەمە زەمینەی ئەوەی رەخساند كە پەكەكە ئەو زوڵم و زۆرەی دەرهەق كوردانی ئێزدی ئەنجام درابوو، بیقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندیی حزبیی خۆی، لە چوارچێوەی ئەو پڕوپاگەندانەی دەیكردن، بەوەی ئەو شەڕی دژی داعش دەكات، بۆ پاراستنی كوردانی ئێزدی، ژمارەیەك لە كچان و كوڕانی ئێزدی بۆ ناو ریزەكانی پەكەكە رابكێشن. باشە ئەو خەڵكە بەو نییەتە چووە لای پەكەكە بەوەی پەكەكە شەڕی دژی داعش دەكات، بەڵام كاتێك واقیعی سیاسەتی پەكەكەیان بینی و، دەیانەوێت ریزەكانی پەكەكە جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، ئەوە غەدرێكی گەورەیە كە پەكەكە رێگەیان لێ دەگرێت و ئازادییان لێ زەوت دەكات و، بە ئاشكرا دەڵێت ئێوە هاتوونەتە ناو ئێمە و ناتوانن وازبێنن و بچنەوە ماڵی خۆتان، یان زیندانتان دەكەین. ئەمە لە كاتێكدا لەناو حزبە كوردستانییەكاندا خەڵك بە ئازادیی خۆی دەچێتە ناو حزبێك، هەروەها ئازادیشە ئەگەر وازی لێ بهێنێت، بەڵام ئەمە لەلای پەكەكە نییە، قەت ئەو رەفتارە خراپانەمان لە هێچ حزبێكی دیكەی كوردستانی نەبینیوە وەك ئەوەی پەكەكە دەرهەق بە كچ و كوڕانی كوردی ئێزدی پیادەیان كردووە، هەر بەم سیاسەتە هەڵەیەی پەكەكە چەندین كوڕو كچانی كوردی ئێزدی بەتایبەتی لە شنگال و دەڤەرەكە بوونە قوربانیی دەستی پەكەكە. لێرەدا زۆر پێویستە ئاماژە بەوە بدەین كە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی كە ئەو كات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو لە ساڵی 2014 بڕیارێكی دا، كە بڕیارێكی مرۆڤایەتی و نیشتمانی بوو كە خزمەتێكی زۆری كوردی ئێزدی كرد، ئەویش دامەزراندنی نووسینگەیەكی تایبەتی بوو بۆ رزگاركردنی كوڕو كچ و ئافرەت و پیاوانی كوردی ئێزدی لە دەستی داعش، ئەم كارو بڕیارە پیرۆز و گرنگ و مرۆڤایەتییە بە هیچ جۆرێك لەبیر ناكرێت، هەر لە رێگای ئەم نووسینگەیە و هەوڵەكانی بەردەوام و هاوكاری و یارمەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی لەلایەن جەنابی رێزدار نێچیرڤان بارزانی توانرا ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار بكەن.
* یەكێك لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگال ئەوەیە كە بەشێكی زۆری ئەو كچ و ژنانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە، لە چوارچێوەی لیوایەكی پۆلیسی فیدڕاڵی هەموویان دابمەزرێنێت و ئاسایشی شنگال بەو خانمانە بسپێرێت، ئایا ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاچەند برینی ئەو كارەساتە گەورەیە لای ئیزدییەكان سارێژ دەكات؟
- ئەو رێككەوتنەی لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێریی UN و ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ ئاساییكردنەوەی شاری شنگال كراوە، كارو رێككەوتنێكی زۆر باشە، بێگومان دەبێت هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق شنگال بپارێزن و ئەو هێزو میلیشیاتەی ئێستا لە شنگالن و لە قەزایەكدا دە حكومەتیان دروست كردووە، دەبێت لەوێ نەمێنن و ئەركی پاراستنی ئاسایشی شنگال بدرێتەوە دەستی پێشمەرگە و سوپای عێراق، پاشانیش ئاسایش و ئەمنیەتی شنگاڵ رادەستی خەڵكی شنگاڵ بكەن، ئەوانەشی دەبن بە پۆلیس، دەبێت گەنجی بەتوانا و خورتی شنگاڵ بن، هاوكات وەك رێزگرتن بۆ ئافرەت و و قوربانیی ئافرەتان هەندێك لەو پۆلیس و كەسە ئەمنییانەی بۆ پاراستنی شنگال دادەنرێن، ئافرەت بن دروستە، بەڵام نەك هەر هەموو هێزەكە تەنیا ئافرەت بن، چونكە ئێمە لە ناوچەی رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ناوین و لە كوردستان و عێراق دەژین و، ئەو كۆمەڵگەیەی ئێمە كاریگەریی ئایینی و عەشائیری و جڤاكی لەسەر هەیە و لە ئەستێرەیەكی دیكە ناژین، كە هێزێك پێكبێت كە هەر هەموو كچ و ئافرەت بن، ئەمە ناكرێت، بەڵكو پێویستە هێزەكە هەر هەمووی گەنجی شنگاڵ بن و لە كچ و كوڕ پێكبێت.
* خۆتان ئاگاداری هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بوون لە شەڕی دژی داعش بۆ رزگاركردنی ئەو كوردە ئێزدییانەی لە كۆچۆ گەمارۆ درابوون، بۆ رزگاركردنی ئەو كوردە ئێزدییانە سەرۆك بارزانی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان كردبوو كە لە ئاسمانەوە دابەزن و ئەو خەڵكە لە دەستی داعش ئازاد بكەن، بەڵام چەكدارانی پەكەكە رێگەیان نەدا ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، ئایا بۆچی پەكەكە بووە هۆكاری ئەوەی ئەو هەموو كوردە ئێزدییە لە كۆچۆ قەتلوعام بكرێن؟
- ئەم بابەتە لە هەقیقەدا جێگای تێڕامان و پرسیارە و پرسیارێكی زۆر گرنگە و وەڵامی ئەو پرسیارەش تا ئێستا نییە، بەڵام رۆڵی كاریگەر و پیرۆزی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ رزگاركردنی ئێزدییەكان تاوەكو لەدنیادا هەین، لەبیری ناكەین، چونكە نەك تەنیا یەك رۆژ بەڵكو سەدان رۆژ جەنابی سەرۆك بارزانی لە سەنگەری پێشەوەی جەنگی دژی داعشدا بوو، بەتایبەتی لە شنگال و ناوچەكە تا دەگاتە رەبیعە و تا ئاستێك جەنابی بارزانی نەدەچووە شوێنی پشوودانی خۆی، بەڵكو چەندین رۆژ لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆی دەنووست و بریاریشی دابوو كە دەبێت شنگال هەر رزگار بكرێت و سەرەنجامیش لە راستیدا بڕیاری خۆی هێناجێ و شنگال رزگاركرا. هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ رزگاركردنی كوردانی ئێزدیی گەمارۆدراو لەلایەن داعشەوە، گەیشتە ئەو ئاستەی لەگەڵ هێزی ئەمریكا لە ئاسمانەوە لەسەر چیای شنگال دابەزن و بە فریای ئەو خەڵكەی كۆچۆ بكەون و، ئەو خەڵكە گەمارۆدراوە لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بكەن، بەڵام مخابن هێزەكانی پەكەكە رێگەیان لەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمریكا گرت و، بۆ رۆژی داواتر هەموو پیاوەكانیان كوشت و ژنەكانیشان برد، بە راستی ئەو كارەی پەكەكە هەتا ئێستا لای ئێمە جێگەی سەرسوڕمان و پرسیارە، لەم پرسە گوناهێك لەسەر پەكەكە هەیە، بەڵام پەكەكە بەرامبەر بە ئەمریكا چییە و ئایا ئەمریكا نەیدەتوانی سنوورێك دابنێت و ئەو جینۆسایدە لە كۆچۆ روونەدات؟ ئەمە مێژوو دەبێت وەڵامی بداتەوە.
* لە ئێستادا رێككەوتنی شنگال بە رێگەی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش بەو ئامانجەی زەمینەیەك بڕەخسێت بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان و دەستكردن بە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، بەڵام لەمەشدا چەكدارانی پەكەكە (یەبەشە) لە هەوڵی ئەوەدا بوون، ئەو رێككەوتنە تێك بدەن، پرسیاری ئێمە ئەوەیە پەكەكە چ كاری بە شنگال هەیە؟ ئایا بۆ هەوڵ دەدات شنگال كاولتر بێت و رۆژانە فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی بكەن؟
- ئەمە كێشەیەكە لە 2014وە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ئێمە وەك میری ئێزدیان و وەك جڤاتی رۆحانیی ئێزدیانیش لەو كاتەی داعش پەلاماری ئێمەی دا و كوردانی ئێزدی چوونە سەر چیای شنگال، ئێمە سوپاسیان دەكەین كە هاوكاریی ئێمەیان كرد و رێگایان بۆ كردینەوە بچین بۆ سووریا و بەوەش خەڵكانێكی زۆری كوردی ئێزدیان لەدەستی داعش رزگار كرد، ئەمە راستە و ئێمە زۆر مەمنوونین و شایانی ستایشە، بەڵام بەردەوامیی مانەوەی پەكەكە و هێزەكانیان لە شنگال و ناوچەكە ئەوە كارێكی راست و شیاو نییە و مانەوەی پەكەكە زەرەری زیاترە لە سوودیان بۆ خەڵكەكە، ئێمە گەلێك جار ئەوەمان پێ گوتوون مەیدانی راستەقینەی پەكەكە كوردستانی باكوورە نەك باشووری كوردستان، ئەگەر پەكەكە بگەڕێتەوە مەیدانی راستەقینەی خۆی و خەباتی بباتەوە ناو خاكی توركیا، ئەوا كوردی كوردستانی توركیا هەموویان دەبنە هاوكاری ئەوان و خەبات بۆ رزگاریی خۆیان دەكەن. شنگال شوێنی ئەوان نییە و مانەوەشیان بەردەوام بیانوو بە توركیا دەدات كە بە فڕۆكە بەردومانی شنگال بكات. وەك دەزانین شنگال بەشێكە لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدایە و هەندێك ناوچە لە شنگال هەن، وەك هەموو ناوچەكانی دیكە كێشە لەسەرن، وەك كەركووك و خانەقین و...تاد، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، لە بری ئەوەی پەكەكە شنگال بەجێبهێڵێت و زەمینە بۆ ئەوە خۆش بكات كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێنە شنگال و دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ئەو كاولكارییە بكەن، ئایا پەكەكە بۆ لە شنگال دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی توركیا بە فڕۆكە بوردومانی بكات و هێندەی دیكە كاولی بكاتەوە؟ هەر بۆیە پەكەكە بۆتە كێشەیەكی زۆر گەورە لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەو گەڕانەوەی خەڵك بۆ شنگال. لە ئێستادا ئێمە تەنیا یەك ئومێدمان ماوە كە ئەویش ئەو رێككەوتنەیە كە لە نێوان حكومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ كراوە بۆ ئاساییكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال و زۆر پێویستە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، نەك بە شێوەیەكی شكڵی، بەڵكو بە شێوەیەكی واقیعی و پراكتیكی و ئەو هێزەی بۆ پاراستنی ئەمنی شنگال دروست دەكرێت، پێویستە لە گەنجانی شنگال بێت، نەك هەندێك لە كەسانی پەكەكە و یەپەشە و خەڵكی ناوچەكە نەبن، كە چەكی خۆیان دابنێن و بێنە ناو هێزەكەی پاراستنی شنگال، ئەو كات هێزەكە كێشەی بۆ دروست دەبێت و نابێت نە حكومەتی هەرێم نە حكومەتی عێراق رێگا بدات خەڵكی دیكە خۆیان بخزێننە ناو هێزی پۆلیس و پاراستنی شنگال.
Top