رۆجەر پیتەرسۆن پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە ئامۆژگای تەقەنیی ماساشۆسێتس بۆ گوڵان: پێشبینیی سەركەوتن و جێبەجێكردنی سەفقەی سەدە ناكەم

رۆجەر پیتەرسۆن پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە ئامۆژگای تەقەنیی ماساشۆسێتس بۆ گوڵان:  پێشبینیی سەركەوتن و جێبەجێكردنی سەفقەی سەدە ناكەم
رۆجەر پیتەرسۆن پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە ئامۆژگای تەقەنیی ماساشۆسێتس، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك شەڕی ناوخۆیی، ناكۆكی و توندوتیژی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی دۆخی بارگرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم ناوچەیە، هەروەها سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست كێشە و ناكۆكی و شەڕەكانی ئەم ناوچەیە، بەتایبەتتریش دوای راگەیاندنی ئەوەی پێی دەوترێت سەفقەی سەدە و بارگرژییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، لە ئاست ئەم ناوچەیە و دەرئەنجام و ئاكامەكانی ئەم سیاسەتە لەسەر هەلومەرجی ئەم ناوچەیە؟
- دوایین پەرەسەندنێك كە ئێمە لەبارەیەوە بدوێین، بریتییە لە راگەیاندنی سەفقەی سەدە لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، لە بارەی كێشەی فەلەستین و ئیسڕائیل، كە من پێم وایە ئەم دەستپێشخەرییە ئەگەری ئەوەی لێ ناكرێت كە سەركەوتن بەدەست بهێنێت، چونكە لەو باوەڕەدا نیم كە ئەمە جێبەجێ بكرێت، هەروەها لەبەر ئەوەی فەلەستینییەكان و كاراكتەرەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبووڵی ناكەن. هەموو ئەمانەش وامان لێ دەكەن كە پرسیاری ئەوە بكەین، بۆچی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەم پلان و دەستپێشخەرییەی راگەیاندووە، كە بە تێڕوانینی من بەشێكی هۆكارەكە پەیوەستە بە هەلومەرجە ناوخۆییەكەی ئیسڕائیل، هەروەها لە هەمان كاتدا پەیوەستە بە بارودۆخی ناوخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە. كە پێم وایە لەسەر ئاستی ئیسڕائیل ئەمە هاوكار دەبێت بۆ بنیامین نەتنیاهۆ، لە هەمان كاتدا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە تەنانەت پارتە بەرهەڵەستكارەكانی ئیسڕائیلیش رەتی ناكەنەوە، هەرچەندە دەزانن كە سەركەوتوو نابێت و سەرناگرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هاوكار دەبێت بۆ بنیامین نەتنیاهۆ لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەكەیدا. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی وتران ئەوا من باوەڕم وانییە ئەمە پلانێكی جددی بێت كە هەمووان بە پەرۆشەوە لە جێەجێكردنی بڕوانن.
* ئەی چۆن لە بارگرژی و ئاڵۆزیییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران دەڕوانیت، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو پەرەسەندنانەی بەم دواییە لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا روویان دا؟
- ئەگەر ئاماژە بە پرسی كوشتنی قاسم سولەیمانی دەكەن ئەوا من پێم وایە دوای خۆپیشاندان و هێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق چەند بژارەیەك خرابێتە بەردەم سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، كە لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی سەرۆك ترەمپ بژارە توندەكەی هەڵبژارد كە بریتی بوو لە كوشتنی فەرماندەیەكی سەربازیی ئێرانی لەسەر خاكی عێراق، كە هەر دەبێت لەم رووەوە سەرۆك ترەمپ پێشبینی پەرچەكرداریی نەرێنیی عێراقی كردبێت. هەرچۆنێك بێت ئەوەی لای من تەمومژاوییە بریتییە لەوەی بۆچی پەنای بردە بەر ئەم بژارەیە كە ئێمە دەزانین هەر دەبوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەرچەكرادری هەبوایە. هەرچۆنێك بێت سەرۆك ترەمپ رێچكەیەكی جێگیر و نەگۆڕی نییە و زەحمەتە بتوانین شرۆڤە بۆ بڕیار و هەنگاوەكانی بكەین.
* بەڵام ئەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپدا بەدی دەكرێت، بریتییە لە پەنابردن بۆ سزای ئابووری، بە چەشنی ئەوەی لە بەرامبەر ئێراندا گرتوویەتەبەر و لە هەمان كاتدا پەنابردن بۆ دروستكردنی پاڵنەری ئابووری وەك ئەوەی لە سەفقەی سەدەدا بەدی دەكرێت، تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم شێوازی كاركردنەی سەرۆك ترەمپ چییە؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە سزا و فشارە ئابوورییەكانی سەر ئێرانەوە، ئەوەی پێی دەڵێن هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ئەم رێچكەیە دەرئەنجامی خوازراوی بۆ ئەمریكا لێ دەكەوێتەوە، یان نا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە كەسانێك هەن لە نێو ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا كە دەیانەوێت دەسەڵاتی حوكمڕانی نێو ئێران بگۆڕن، بەڵام پرسە بنەڕەتییەكە ئەوەیە كە ئایا لەم سیاقەدا ئەم كەسانەی نێو كۆشكی سپی چۆن لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەڕوانن و، ئایا پێیان وایە حوكمڕانییەكی لاوازی هەیە كە بتواندرێت بەهۆی هەڵمەتی ئەوپەڕی فشارەوە گوشارێكی ئەوتۆی لەسەر دروست بكرێت، كە بەرگەی نەگرێت و بڕووخێت، كە پێم وایە كەسێكی وەك مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باوەڕی بەوە هەیە كە ئەم هەڵمەتە و سزای ئابوورییە لە دژی ئێران دەرئەنجامەكەی ئەوەیە حكومەتی ئێرانی بەرگەی نەگرێت و بڕووخێت، بەڵام زۆرێك لە پسپۆڕانی بواری زانستی سیاسی گومانیان هەیە لەوەی ئەم ئاكامەی لێ بكەوێتەوە، كە منیش هاوڕام لەگەڵیاندا. كەواتە لەم رووەوە بیروبۆچوونی جیاواز هەیە.
* زۆر جار ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەكات كە لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەوە توانراوە داهاتی ئێران كەم بكرێتەوە، بەو پێیە ئەمەش كاریگەریی لەسەر توانای ئێران هەبووە بۆ دەستەبەركردنی هاوكاری و پاڵپشتی دارایی پێویست بۆ وەكیلەكانی لە ناوچەكەدا، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- كاتێك من لە لوبنان بووم و لەگەڵ مەسیحییەكانی ئەو وڵاتەدا قسەم كرد، پێیان راگەیاندم كە ئەوان پشتیوانیی لەم رێچكەیەی سەرۆك ترەمپ لە ئاست ئێران دەكەن، كە بریتییە لە هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار، چونكە ئەوان پێیان وابوو ئەمە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی لاوازكردنی حزبوڵا. بەهەرحاڵ پرسیارێكی دیكە ئەوەیە ئایا ئێران لە دەرەوەی سنووری وڵاتەكەی خۆی چی دەكات، بۆ ئەوەی فشار لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دروست بكات، كە من پێم وایە ئەمە وەك پرسێكی كراوە دەمێنێتەوە و پەیوەستە بە توانای ئێرانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتی ئەوپەڕی فشار، كە ئیدارەی ئەمریكا دژی ئەو وڵاتە گرتوویەتەبەر.
* هەر لە پەیوەندی بەم هەڵمەتەوە، ئایا پێت وایە سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا كە دۆخێكی دژواری ئابوورییان لە نێو ئێراندا دروست كردووە، كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوە، یان سنوورداركردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا هەبووبێت؟
- من لەمە دڵنیا نیم، بەڵام لە كۆتاییدا ئەمە بەندە بەوەی ئێران چ رێچكە و رێگاچارەیەك دەگرێتەبەر و چۆن پەیوەندییەكانی لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی و گرووپەكانی دیكە لە ناوچەكەدا بەكار دەهێنێت و كار و كردەوەكانی تا چ ئاست و سنوورێك دەبات. بە هەرحاڵ من پێم وایە بەراورد بە ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما كە دەیویست پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ئێراندا بەرەو ئاساییبوونەوە بەرێت و باوەڕی وابوو دەكرێت هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی لە مەودای دووردا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران ببرێتە باری هاوكارییەوە، ئەوا ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەم قەناعەت و تێڕوانینەی نییە، بەڵكو هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بە ئاراستەی دابڕین و گۆشەگیركردنی ئێران.
* بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ گۆشەگیركردن و گوشار دروستكردن لەسەر ئێران، ئەوا هەمیشە گوزارشتی لە ئامادەیی خۆی كردووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم مەسەلەیە چییە؟
- لە راستیدا مەزەندەكردنی ئەمە كارێكی زەحمەتە، بەڵام باوەڕم وایە كە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ پێی وایە كە درێژەدان بەم سزا و گوشارانە دەبنەهۆی ئەوەی ئێران بەرەو لاوازبوون بچێت، ئەمەش پەیوەستە بەو تێڕوانینەوە كە كەسانێك هەن لە نێو دامەزراوەی سەربازی، یان ناوەندەكانی بزنس و بازرگانی لە نێو ئێران كە دەیانەوێت و ئامادەن دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن، بەڵام من پێم وایە ئەمە لە چوارچێوە و سنووری مەزەندەكردندا ماوەتەوە و تێنەپەڕیوە، هەرچۆنێك بێت لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا وەك هێزێكی دوژمن لە ئێران دەڕواندرێت.
* هەندێ لە شرۆڤەكاران ئاماژە بەوە دەكەن كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت هەندێ جار دۆخەكە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو هەڵكشان ببات، بۆ ئەوەی سەرنج لە سەر هەندێ كێشەی ناوخۆیی لاببات، وەك پرسی دادگاییكردنی سەرۆك ترەمپ و لادانی لە دەسەڵات، تا چەند ئێوە لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟
- من خۆم گومانم هەیە لەوەی ئەمە مەسەلەكە بێت، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ زۆر هەستیارە بەرامبەر هەر هێرشێك كە بكرێتەسەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، لە هەمان كاتدا كەسانێك لە نێو ئیدارەی سەرۆك ترەمپدا هەن كە پێیان وایە دەبێت هێزی سەربازیی ئەمریكا بەكار بهێندرێت، لەم رووەوە كەسانێك هەن لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا كە پێیان وایە قاسم سولەیمانی داڕێژەری پلانی كوشتنی چەندین كەسی ئەمریكی بووە.
Top