دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر بۆ گوڵان: كار و ئەركەكانمان لە بەرپێگرتن بە نەخۆشیدا چڕ دەبێتەوە

دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز  بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر بۆ گوڵان:  كار و ئەركەكانمان لە بەرپێگرتن بە نەخۆشیدا چڕ دەبێتەوە
زۆرجار وتراوە كە خۆپاراستن و بەرگرتن و پێشگرتن بە نەخۆشی لە چارەسەركردنی نەخۆشی گرنگترە، بەتایبەتی كە دەبێتە هۆی ئەوەی كات و خەرجییەكی كەمتر بۆ چارەسەركردن تەرخان بكرێت، ئەم پرسە بووە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* كار و ئەركەكانی ئێوە وەك بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی، زیاتر لە چیدا چڕ دەبێتەوە؟
- ئەم بەڕێوەبەرایەتییە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێرە، چونكە لە بنەڕەتدا تەندروستی دوو بەشە، یەكەمیان پەیوەستە بە دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی نەخۆشی، دووەمیان پەیوەندیدارە بە پاراستنی تەندروستی، كە بە شێوەیەكی گشتی پاراستنی هاووڵاتیان دەگرێتەوە، مەبەستم ئەوەیە كە ئەركی ئێمە بەرپێگرتن و پێشگرتنە لە نەخۆشی، ئیدی بە هۆی خواردن و خواردنەوە بێت، یان بە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەوە بێت لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی دیكە. چاودێریی تەندروستیش بەشێكە لە پاراستنی تەندروستی و كارەكەی بریتییە لە چاودێریكردنی ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوەیان لێ پێشكەش دەكرێت، لەگەڵ ئەو كارگانەی خواردن و خواردنەوەیان لێ دروست دەكرێت. دواتر ئەم چاودێرییە هەموو سنووری هەولێر دەگرێتەوە بە سەرجەم قەزا و ناحیەكانەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە ئێمە ژمارەیەك تیممان هەیە كە كاریان چاودێریان تەندروستییە، بۆ نموونە لە ناو هەولێر 14 تیممان هەیە كە بەسەر پانتایی جوگرافی هەولێردا دابەش كراون و بۆ هەر سنوورێكی شارەوانی چەند تیمێكمان بۆ تەرخان كردووە بۆ ئەوەی سنوورەكان دیار بن و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ شارەوانیش. و ئەم تیمانە هەموو ئەو شوێنانە بەسەردەكەنەوە كە خواردن و خواردنەوەیان لێ دەفرۆشرێت یان دروست دەكرێت و بە شێوەیەكی رۆژانە دەردەچن بۆ دڵنیابوون لە پاكوخاوێنی ئەو شوێنانە و بۆ ئەوەی رێنمایی تەندروستییان بدەنێ. ئەو شوێنانەی پابەند نابن بە رێنماییەكانەوە سزایان دەدەین و ئەگەر ئەمەش ئەنجامی نەبوو، ئەوا ناچار دەبین ئەو شوێنە دابخەین تا ئەو كاتەی رێنماییەكە جێبەجێ دەكەن. هاوكات تیمێكی تایبەتمان هەیە بۆ بەدواداچوون و چاودێریی كارگەكانی خواردن و خواردنەوەكان كە خشتەیەكی تایبەت بۆ سەردانكردنی كارگەكان دانراوە، بەپێی ئەو خشتەیە تیمەكە كارەكانی ئەنجام دەدات و لەهەر كارگەیەك تاقیگە هەیە و نموونەی بەرهەمەكان وەردەگیرێت و دەپشكێندرێت. تێمێكی دیكەمان هەیە كە نموونەی بەرهەمەكان لە كارگەكان و ماركێت و كۆگاكان و شوێنی هەڵگرتنی خواردن و خواردنەوەكان وەردەگرن و پشكنینیان بۆ دەكەن، تاوەكو دڵنیابن لە سەلامەتیی كاڵا و بەرهەمی خواردن و خواردنەوەكان كە چەند شیاون بۆ خواردن و خواردنەوە و تا چەند رێنماییەكانی پاراستنی تەندروستی تێیاندا رەچاو كراوە و لە كاتی هەر كەموكوڕییەكدا كاردانەوەیان بەرامبەر دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتی بەسەرچوونی كاڵاكان یان خواردن و خواردنەوەكان كە بەپێی تایبەتمەندی عێراقی نەبێت، ئەوە ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵ دەكرێت. لێرەدا وەك نموونە داتا و زانیاریی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019 لە كارو ئیشەكانی تیمەكانی چاودێریی تەندروستی دەخەینەڕوو كە بەم شێوەیە بووە. تیمەكانی چاودێریی تەندروستی (12116) سەردانی شوێنەكانیان كردووە لە سنووری پارێزگا و (3888) نموونە لە كاڵا و بەرهەم و خواردن و خواردنەوەكان وەرگیراوە بۆ پشكنین، كە لەم ژمارەیە (236) كاڵا نەشیاو بوون و لەناوبراون و (77) شوێن لەبەر ئەوەی رێنمایی تەندروستییان جێبەجێ نەكردووە، داخراون و نزیكەی 23 تەن و 803 كیلۆ خۆراك لەناوبراوە، ژمارەیەك شوێنیش سزادراون بە بەبڕی نزیكەی 15 ملیۆن و 300 هەزار دینار و 233 تەن خواردن و خواردنەوەش گێردراونەتەوە بۆ ئێران.
* كار و ئەركێكی گرنگی دیكەی ئێوە بریتییە لە دەستەبەركردن، یان دڵنیابوون لە كوالیتیی ئاو، لەم رووەوە كارەكانتان چۆن ئەنجام دەدەن؟
- وەك بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی هەولێر بەرپرسین لە باشی و كوالیتیی ئاو، ئێمە ئاو دابین ناكەین، بەڵام ئێمە بەرپرسین لە چاودێریكردنی كوالیتی ئاو و بۆ ئەم مەبەستە هۆبەیەكمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی هەیە بە ناوی هۆبەی ئاو و ئەم هۆبەیە لەناو شاری هەولێر و قەزا و ناحیەكانیش تیمی هەیە و بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو رۆژانە سەردانی سەرچاوەی ئاوەكان وەك ئیفراز و بیری ئاوی كۆڵان و گەڕەكەكان دەكەن و نموونەیان لێ وەردەگرن و لە بۆڕی ناو ماڵان و ئەو شوێنانەی بۆڕی لێ بشكێت، نموونە وەردەگیرێت بۆ پشكنین و دڵنیابوون لە كوالیتی و شیاویی ئاوەكە بۆ خواردنەوە، ئەم كارە لە هەموو ناو شار و سنووری پارێزگای هەولێر هەر لە حاجی ئۆمەران تا دەگاتە چۆمان و سۆران و بارزان و كۆیە و خەبات رۆژانە ئەنجام دەدرێت، تاوەكو بزانرێت رێژەی كلۆری تەواوە و رەچاوی پاكوخاوێنیی ئاوەكە و شوێنەكان هەر سەرچاوەیەكی ئاوبێت، دەكرێت و دەبێت ئاوەكە بە ستانداردی WHO و عێراقی بێت.

* ئایا بۆ نەخۆشییە گوازراوەكان كە زۆر مەترسی لە ژیانی مرۆڤ هەیە، چ رێكارەكی تەندروستی لە هەولێر و سنووری پارێزگاكەوە دەگرنەبەر؟
- بۆ نەخۆشییە گوازراوەكان بەشێكی زۆر گرنگ هەیە كە بەسەر چەند هۆبەیەك دابەش كراوە، وەك هۆبەی (پەتاگەری، نەخۆشییەكانی سینگ و هەناسە، نەخۆشییەكانی ریخۆڵە و بەلهاریزیا، نەخۆشییە هاوبەشەكان، كۆنتڕۆڵی گوێزەری نەخۆشییەكان) هەموو ئەو هۆبانە بەردەوام كار دەكەن و هەفتانە لە نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی داتا و زانیاری لەسەر پەتاكان كۆدەكەنەوە، بەتایبەتی (سكچوون و كولێرە و مەلاریا و ئیفلیجی كتوپڕ) ئەو داتاو زانیارییانەی كە كۆیان دەكەینەوە، لەگەڵ داتا و زانیاریی ساڵی 2018 و 2017 بەراوردی دەكەین، لە هەر زیادەیەكی نەخۆشیی سكچوون، یان هەر پەتایەكی دیكە هەبێت، لە هەر شوێن و جێگایەك بێت، ئەوە تیمی تایبەت بۆ پشكنین و بەدوداچوون دەچن بۆ ئەوەی بزانن هۆكاری زیادبوونەكە چییە، تاوەكو رێكاری تەندروستی بۆ چارەسەر و پاراستن بگیرێتەبەر و هەفتانە ئەو داتایانە بە راپۆرت دەدرێنە وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان. نەخۆشییە گوازراوەكانیش كۆمەڵێك نەخۆشی دەگرێتەوە، كە هەیانە وەك ئەنفلۆنزا كە لە وەرزی زستان و سەرما زیاتر دەبێت و بەپێی ئەو داتایەی كە كۆدەكرێتەوە لەسەر ئەنفلۆنزاكە ئەوە رێنمایی دەدرێتە نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی بۆ ئەوەی ئامادەكاری بۆ پاراستنی تەندروستیی خەڵك بكەن و هاوكات هۆشیاری و رێنمایی بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە لە رێگای پۆستەر بڵاو دەكەینەوە و لە وەرزی هاوین بۆ نموونە كار و رێنمایی و پۆستەر لەسەر سكچوون بڵاودەكەینەوە، هەروەها ئەو كەسانەی تووشی سكچوون بوون، پشكنینیان بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بین سكچوونەكە كۆلێرایە یان كۆلێرا نییە، ئەو بەرنامەیە بۆ ئەو جۆرە نەخۆشییە بە درێژای ساڵ كاری لەسەر دەكەین. هەروەها نەخۆشییە زایندەكان هەیە كە نەخۆشیی (ئایدز و هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر) لە 10 مانگی رابردووی ساڵی 2019دا نزیكەی 233 هەزار پشكنینی ڤایرۆسیمان ئەنجام داوە بۆ چین و توێژی جیا جیا و ئەو پشكنینانە بۆ ئەو كەسانەیە كە پێش نەشتەرگەری بۆیان ئەنجام دەدرێت و هەر بوتلێكی خوێن لە كەسێك وەربگیرێت و پێش ئەوەی بدرێت بە كەسێكی دیكە، پشكنینی ئەو ڤایرۆسانەی بۆ دەكرێت و هەر كەسێك هاوسەرگیری بكات پیاو ژنەكە هەردووكیان پشكنینی ڤایرۆسیان بۆ ئەنجام دەدرێت و هەر كەسێكیش داوای نیشنگە (ئیقامە) بكات ئەو پشكنینانەی بۆ دەكرێت و هەر كەسێك لە ئوتێلی گەشتیاری و ریستۆرانت و كافتریا و خواردنگە و مەساج و سوپا كار بكات، دەبێت ئەو پشكنینی ڤایرۆسانەی بۆ بكرێت. هەر كەسێك لە مەساج و ئوتێلە گەشتیارییەكان كار بكات هەر سێ مانگ جارێك پشكنینی بۆ دەكرێت و كرێكارو كارمەندی هەموو شوێنەكانی دیكە ساڵانە جارێك پشكنینیان بۆئەنجام دەدرێت.

* ئەگەر بكرێت ئاماژە بە هەڵمەتەكانی كوتان بكەن لە رووی ئەو كێشانەی رووبەڕووتان دەبنەوە و ئایا دەرئەنجامیان چۆن بووە؟
- بەرنامەی كوتانی بەرفراوان یەكێك لە بەرنامە گرنگەكانی پاراستنی تەندروستییە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش، چونكە بە هۆی بەرنامەی كوتان دەتوانین چەندین نەخۆشی گوازراوەی مەترسیدار لەسەر تەندروستیی منداڵان دووربخەینەوە و بیانپارێزین، بۆ نموونە لە هەفتەی یەكەمی تەمەنی منداڵەوە دەست بە كوتان دەكەین كە یەكەمجار منداڵ بە (BCG) دەكوترێت كە دەیپارێزیت لە نەخۆشیی سیل و تلقیحی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەری پێ دەدرێت كە لە هەوكردنی ڤایرۆسی جۆری bی دەیپارێزیت و قەترەی ئیفلیجی منداڵان وەردەگرێت، بەڵام لە تەمەنی (2 مانگی و 4 مانگی و 6 مانگی ) كە چەند كوتان و دەرزییەك وەردەگرێت كە ئەمانەش لە نەخۆشییەكانی (خەناق و ملەخڕە و گوزازو و ئیفلیجی و سكچوون و هەوكردنی سییەكان و..هتد دەیانپارێزیت و لە تەمەنی 9 مانگیدا منداڵ دەرزی سۆریكەی لێ دەدرێت و ئێستا گۆڕانكاری بەسەر ئەو دەرزی و كوتانەدا هاتووە و لە تەمەنی یەك ساڵیدا منداڵ درزیی سۆریكەی تێكەڵاوی لێ دەدرێت كە لە نەخۆشیی سۆریكە و سۆریكەی ئەڵمانی و ملەخڕێ دەیپارێزیت و منداڵ لە تەمەنی 18 مانگی و 4 ساڵی دەرزیی چالاككەری لێ دەدرێت كە پێشتر لێی دراوە و ساڵانە یەكجار تا دووجار هەڵمەتی كوتان ئەنجام دەدەین بۆ منداڵانی تەمەن خوار 5 ساڵ لە دژی نەخۆشیی ئیفلیجی منداڵ لە چوارچێوەی قەڵاچۆكردنی ئیفلیجیی منداڵان لە جیهاندا، هاوكات كوتانی گەورانیشمان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی دەچنە حەج و عومرە و بۆ ئەو كەسانەی بە شاند، یان خەڵكی ئاسایی كە دەچنە دەرەوەی وڵاتان جگە لە رێنمایی پاراستنی تەندروستی بەپێی ئەو وڵاتەی بۆ دەچێت، ئەوە تەلقیح و داودەرمانیشی پێ دەدەین و لەكاتی گەڕانەوەشیان دووبارە پشكنینیان بۆ ئەنجام دەدەینەوە بۆ دڵنیابوون لەسەر سەڵامەتیی ژیانیان. بێگومان بە شێوەیەكی گشتی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهۆی بەرنامەی كوتانی بەرفراوان و بەردەوامەوە نەخۆشییەكانی هەناسە و سییەكان كەم بۆتەوە و نەخۆشیی ئیفلیجی منداڵان لە سالی 1997 لە شاری هەولێر و سنووری پارێزگای هەولێر و لە ساڵی 1998 لە هەموو هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە و نەخۆش سۆریكەش یەكێك لەو نەخۆشییانە بوو كە پێشتر زۆر بەربڵاو بوو، كاریگەریی دیكەشی لەسەر مندال دروست دەكرد و لە هەندێ حالەتدا دەبووە هۆكاری مردن، بەڵام نەخۆشیی سۆریكە ئێستاكە ژمارەكەی ئەوەندە كەم بۆتەوە، وەك حالەت دەردەكەوێت لەو كاتەشدا بەدواداچوون و چارەسەری بۆ دەكرێت و ئێستا زۆر بەدەگمەن گوێمان لە نەخۆشیی كۆكەڕەشە دەبێت و نەخۆشییەكانی دیكەی وەك دوو شاخە و نوكاف و گزاز و هەموو ئەو نەخۆشییانەی كە منداڵان تووشیان دەبێت لە هەموو هەرێمی كوردستان زۆر كەم بۆتەوە ئەمەش بۆتە هۆكارێك بۆ باشتربوونی تەندروستیی منداڵان و كەمبوونەوەی رێژەی مردنیان.

* باس لە كێشە و كاریگەرییەكانی نێرگەلە دەكرێت، ئێوە لەم رووەوە چ رێكارێك دەگرنەبەر و چۆن چاودێریی ئەم پرسە دەكەن؟
- سەبارەت بە نێرگەلە لەگەڵ ئەوەم شتێكی تازەیە، بەتایبەت لە هەولێر، ئەگەرچی بەداخەوە زۆر بەربڵاو بۆتەوە، نێرگەلەش نەك تەنیا لە هەولێر، بەڵكو لە هەموو وڵاتانی دنیا خەڵكی گەنج و پیر و هەموو تەمەنەكان بەكاری دەهێنن، بەڵام بۆ كۆنتڕۆڵكردنی، یان كەمكردنەوەی نێرگەلەكێشان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان رێنمایی تایبەت دەرچووە بۆ رێكخستنی بەكارهێنانی نێرگەلە و ئەو شوێن و كافتریایانەی كە نێرگەلەی لێ دەكێشن، بۆ نموونە دەبێت ئەوەی نێرگەلە دەكێشێت تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر نەبێت و شوێنەكە بەرفراوان و چەند هەواكێشێكی تێدا بێت و سۆندەی نێرگەلەكە یەكجار بەكاربێت لەگەڵ شووشەكە بە باشی پاك بكرێنەوە و چەندین رێنمایی دیكە و بۆ بەدواداچوون جارجار هەڵمەت بۆ شوێن و كافتریاكانی نێرگەلە دەكەین و ئەو شوێنانەی بێ مۆڵەت بوون، دامانخستوون و بڕێكی زۆر تووتن و كەلوپەلی نێرگەلە دەستمان بەسەردا گرتووە و لەناومان بردووە.
Top