رۆجەر پیتەرسۆن پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بۆ گوڵان: بیرۆكەی جۆن بۆڵتۆن ئەوەیە فشارەكانی سەر ئێران زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ بتەقێتەوە
June 13, 2018
دیمانەی تایبەت
رۆجەر پیتەرسۆن پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە ئامۆژگای تەقەنی ماساشوستس، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەكی گرنگی وەك زانكۆی نۆرسوێستێرن و زانكۆی ئیلینویس-شیكاگۆ. شارەزای چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی بەراوردكاری و دیراساتی ئەمنی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد لەبارەی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە ئاست ئێران و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* بە شێوەیەكی گشتی هەڵسەنگاندنت بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟
- لە راستیدا زەحمەتە بتوانین ئەمە یەكلا بكەینەوە، چونكە ترەمپ سیاسەتێكی روون و گشتگیری نییە، بە دڵنیاییەوە كێشەی كۆریای باكوور یەكێكە لە پرسە گرنگەكان كە ئەم ئیدارەیە پێیەوە سەرقاڵە. هەروەها پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی چیندا گرنگییەكی گەورەی هەیە. چونكە ئێمە دەزانین پێنج ساڵ بەر لە ئێستا سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا باراك ئۆباما ویستی پتر تەركیز لەسەر چین بكات و وردە وردە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكشێتەوە. ئەگەرچی ئێمە نەمانتوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەكشە بكەین. كەواتە دوولایەن هەن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكادا، بایەخدان بە رۆژهەڵاتی ئاسیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە هەروەك ئاماژەم پێكرد، باراك ئۆباما خوازیاری كشانەوە بوو لەم ناوچەیە. بەڵام ئیدارەی ترەمپ نایەوێت لەم ناوچەیە بكشێتەوەو بگرە هەندێ لە كەسایەتییەكانی نێو ئیدارەكەی ترەمپ دەیانەوێت درێژە بە شەڕ بدەن لە دژی ئێران كە ئەوان وەك دوژمنێكی گەورەی ئەمریكا سەیری ئەو وڵاتە دەكەن. لایەنی دووەمیش پەیوەستە بە ناوخۆوە.
* كەواتە پێتوایە سیاسەتی نوێی ئەمریكا بەرامبەر ئێران چی دەبێت؟
- ئەوەی پەیوەندی بە ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە هەبێت، ئەوەیە كە من دڵنیا نیم ئایا پرسی ئێران بە كوێ دەگات، دواتر دەبێت لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا ئەوە یەكلا بكرێتەوە كە ئایا ئێران دوژمنە، یاخود وڵاتێكە دەكرێت مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، كە ئێمە دەزانین تێڕوانین و دیدگای مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەوەیە كە ئێران دوژمنە، كە ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بە شێوەیەكی گشتی لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دواتر ئەوەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، ئەوا پێویستە ئەو وڵاتەش هەڵوێستی خۆی یەكلا بكاتەوە، ئایا وەك دەوڵەتێكی ئاسایی مامەڵە دەكات و سوود لەو هەلومەرجانە وەردەگرێت كە لە وڵاتانی دەوروبەردا روودەدەن، یاخود ئەمە دەكاتە دەرفەتێك بۆ خستنەگەڕی هەوڵەكانی بۆ باڵادەستبوون بەسەر ئەو وڵاتانەدا. بۆ نموونە لە ئێستادا و لە پەیوەندی بە عێراقەوە پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا تا چ راددەیەك ئێران دەیەوێت لە رێی بەكارهێنانی گرووپەكانی حەشدی شەعبییەوە هەوڵی باڵادەستبوون بەسەر عێراقدا بدات؟ ئایا تا چ ئەندازەیەكیش ئەمریكا ئامادەیی هەیە كە لە دژی ئەو گرووپانە بوەستێتەوە؟ ئێستاش دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە لە عێراق و بردنەوەی لیستەكەی موقتەدا ئەل سەدر، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئامادەین سەدر قبووڵ بكەین وەك كەسایەتیەك كە دژی دەستڕۆیشتوویی و باڵادەستیی ئێرانە- ئەگەرچی پێشتر موقتەدا ئەل سەدر سەربازی ئەمریكی كوشتووە و چەندین كێشە و گرفتی خوڵقاندووە- و رەنگە ئەمریكاش هەوڵی ئەوە بدات كە هاوپەیمانێتیەك دروست بێت لە نێوان سەدر و حەیدەر عەبادی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران.
* ئایا ئەمە بۆ وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش راستە، وەك لوبنان بۆ نموونە؟
- راستە، ئەوەتا لە ئێستادا هەندێ كەس ئاماژە بەوە دەكەن كە لوبنان لەلایەن حزبوڵاوە كۆنتڕۆڵ كراوە و حزبوڵاش بە تەواوەتی لەلایەن ئێرانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، كەواتە بەو شێوەیە بێت، ئەوا لوبنان بە تەواوەتی كەوتۆتە ژێر كاریگەری و كۆنتڕۆڵی ئێرانەوە و ئەمە بۆ عێراقیش راستە، ئەگەرچی هەندێ كەس هاوڕانین و پێیانوایە تەنانەت لە نێو شیعەكانی عێراقیشدا هەستی دژ بە ئێران بوونی هەیە.
* باست لەوە كرد كە ئێستا تێڕوانینی زاڵی نێو ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە وەك دوژمن لە ئێران بڕوانرێت، ئایا پێتوایە هەر ئەمەش هۆكار و پاڵنەری كشانەوەی ئەمریكا بوو لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا؟
- ئەوە ئاشكرایە كە ئێران بە دوژمن دادەنرێت لەلایەن هەندێ كەسی نێو ئەمریكاوە، بە هەمان شێوە هەندێ وڵاتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەك دوژمن لە ئێران دەڕوانن، بۆ نموونە هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیسڕائیل لەم ناوچەیەدا وەك دوژمنێكی درێژخایەن سەیری ئێران دەكەن، لە ئەمریكاش مایك پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتۆن لەم بەرەیەدان و هەمان تێڕوانینیان هەیە، تەنانەت رەنگە بۆڵتۆن خوازیاری رووخاندنی رژێمی ئێران بێت، واتە پێیوایە چارەسەرەكە لەگەڵ ئێراندا لەوەدا بەرجەستە نابێت كە رێككەوتنی لەگەڵدا بكرێت، بەڵكو دەبێت كار لەسەر گۆڕینی رژێمی ئێرانی بكرێت كە زۆر كەس لەگەڵیدا هاوڕا نییە.
* بەڵام پێتوانییە ئێرانیش كاردانەوەی دەبێت، ئەگەری هاتوو ئیدارەی ئەمریكا بەردەوام بوو لە زیادكردنی فشارەكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە و ئایا ئەگەری ئەوە لەئارادا نابێت ئێران دۆخەكە بەرەو هەڵكشان ببات بەتایبەتی لە سووریادا؟
- بەڵێ، ئەمە چاوەڕێ دەكرێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ رادەیەك ئێران دۆخەكە بەرەو هەڵكشان دەبات، هەرچۆنێك بێت، ئێران سەرچاوە و ئامرازی زۆری لەبەردەستدایە، ئێران درواسێی عێراقە و ئەمە لە كاتێكدا ئەمریكا وڵاتێكی دوورەدەستە بۆ عێراق. كەواتە ئێران هێز و دەستڕۆیشتوویی هەیە و هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و گرووپەكانی نێو وڵاتانی ناوچەكەدا هەیە، بەڵام ئایا تا چ رادەیەك ئێران ئەم هێز و سەرچاوانەی بەردەستی بەكار دەهێنێت، ئەوا من دڵنیا نیم.
* باشە پێتوایە جیاوازی تێڕوانینی هەردوو ئیدارەی ئۆباما و ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چیدا بەرجەستە دەبێت؟
- سەرەتا دەبێت ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە لە نێو ئیدارەی ترەمپدا كەسانی وەك مایك پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتۆن هەن، پۆمپیۆ وەك وەزیری دەرەوە و بۆڵتۆن وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی هەڵوێستی توندیان هەبووە و هەیە لە ئاست ئێراندا و تەنانەت بۆڵتۆن لەگەڵ ئەوەدایە كە رژێمی ئێران بگۆڕدرێت، هەروەك ئەوەی باسی لە گۆڕینی رژێمی سەددام حوسێن دەكرد لە عێراقدا. كەواتە ئەگەر كەسانێكی لەم چەشنە لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا بن، ئەوا نازانم چۆن دەكرێت رێككەوتن بكەن. ئەمە لە كاتێكدا دیدگا و تێڕوانینی ئیدارەی ئۆباما ئەوە بوو كە پێویستە هاوسەنگییەك بكرێت لە نێوان سوننە و سعودیە لەلایەك و ئێران و شیعەكان لەلایەكی دیكەوە، واتە باوەڕی بە بوونی هاوسەنگییەكی هێز هەبوو لەسەر ئاستی ناوچەكە، ئەمەش تێڕوانینێك بوو، ئەوەی رەچاو دەكرد كە ئێران هێزێكە و ئەوەی لەبەرچاو دەگرت كە سعودیەش هێزێكی ناوچەییە. ئەمە لە كاتێكدا ئیدارەی ترەمپ پتر توندە لە ئاست ئێراندا و هەڵوێستەكانی پتر پشتیوانین بۆ نەتنیاهۆ و بۆ ئیسڕائیل وەك بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس.
* باشە پێتوایە ئیدارەی ترەمپ بە چ شێوەیەك سیاسەتی گۆڕینی رژێمی ئێرانی پیادەدەكات؟ ئایا لە رووی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، یاخود فشارەكانی سەر ئەو وڵاتە زیاتر دەكات، بۆ ئەوەی لە ناوخۆدا بتەقێتەوە؟
- بیرۆكەی جۆن بۆڵتۆن ئەوەیە كە دەبێت سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت و فشارەكانی لەسەر زیاتر بكرێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی بتەقێتەوە. من مەزەندەی ئەوە ناكەم لە رێی هێرشی سەربازییەوە بیانەوێت ئەم ئامانجە بەدی بهێنن. چونكە ئەوان پێیانوایە دۆخەكە لە ئێراندا لەبارە بۆ گۆڕانكاری. بەڵام بۆچوونی من ئەوەیە ئەگەر فشاری زیاتر بخەیتەسەر ئێران، ئەوا بەرە و پێگەی توندڕەوەكانی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەبێت. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر بێت و ئێران پەنا بباتەبەر كاری تۆڵەسەندنەوە، بۆ نموونە لە سووریا، ئەوا رەنگە ئەمریكاش كاردانەوەی هەبێت و ئەو كاتە دۆخەكە بەرەو هەڵكشان بچێت. هەرچۆنێك بێت، پێموایە لە مەودای نزیك و مامناوەند، ئەوا پەنا بۆ زیادكردنی فشار و سزاكانی سەر ئێران دەبەن.
* ئەی پێتوایە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا بەرەو كوێ دەچن، بەتایبەتی كە ئێستا هەڵوێستی هەردوولا جیاوازە لە ئاست پابەندبوون بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا؟
- ئەمەش زەحمەتە بتوانین پێشبینی بكەین، چونكە ئاشكرایە هەندێ وڵاتی ئەوروپی خوازیاری درێژەپێدانی رێككەوتنەكەن و پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا ئەگەر كۆمپانیا ئەوروپییەكان بەردەوام بن لەسەر كاركردن لە ئێراندا و ئەمریكاش سزا، یان رێكاری دیكەی بەسەردا سەپاندن، ئایا ئەوان ئامادەن ئەم باجە بدەن؟ ئایا ئەمریكاش سیاسەتێكی جێگیری دەبێت لە رووی كاردانەوە لە ئاست ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت بەردەوام بن لەسەر پابەندبوون بە رێككەوتنەكەوە؟ هەروەها ئایا یەكێتی ئەوروپاش هاوهەڵوێست دەبێت بۆ ئەوەی رووی ئەمریكا بوەستنەوە لەبارەی ئەم پرسەوە و بەرەیەكی هاوبەش دروست بكەن بۆ درێژەدان بە رێككەوتنەكە؟ من وەڵامم بۆ هیچ یەكێك لەم پرسیارانە پێ نییە، بەڵام ئەوەی دەتوانرێت بوترێت، ئەوەیە كە ئەوروپییەكان زۆر یەكگرتوو نین و چەندین كێشەی ناوخۆییان هەیە. كەواتە دەتوانین بڵێین ئێمە لە دۆخێكی ناسەقامگیرداین لەم رووەوە.