حوسێن مەدەنی : ئەمریكا و رووسیا لەسەر چارەنووسی كورد رێككەوتوون
April 15, 2017
دیمانەی تایبەت
حوسێن مەدەنی، پسپۆڕە لەزانستی جیۆپۆلتیك و راوێژكاری دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانە و بۆ قسەكردن سەبارەت بە رەوشی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی كوردستان لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆز و هەستیارەدا چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد و لەمیانەی ئەم وتوێژەدا پێیوایە ئەمەریكا و رووسیا لەسەر دابەشكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەكلابوونەوەی چارەنووسی كورد رێككەوتوون. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە پەكەكە ئەوەندەی لە توانایدا بووە زەربەی لە هەرێمی كوردستان داوە. ئەمەش دەقی ئەو چاوپێكەوتنەیە كە هاوكارمان (كاوە جەم) ئەنجامیداوە.* نزیكبوونەوە و رێككەوتنی نێوان توركیا و رووسیا، بە چ شێوەیەك كاریگەری لەسەر هێز و پێگەی هەرێمی كوردستان دەبێت و خوێندنەوەتان بۆ ئەم رێككەوتنە چییە؟
- توركیا، هەڵكەوتێكی جیۆگرافیایی زۆر باشی هەیە. دەوڵەت و حكومەتی توركیا لەمپەرن لە بەرانبەر زێدەڕۆییەكانی رووسیا. دۆخی هەرێمی كوردستان زیاتر لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی توركیادایە، تا رووسیا. ئێستە لە بەرانبەر ئەو رێككەوتنانەدا دەروازەیەكی دیكە هەیە كە لە راستیدا لە ئاستی گوشاری رووسییەكان بۆ ئەوروپا كەم دەكاتەوە، ئەویش هەرێمی كوردستانە.
* بەڵام ئێستە دۆخی توركیایش لەگەڵ چەند وڵاتێكی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا باش نییە، ئایا ئەوە بە زیانی هەرێمی كوردستان و بازاڕی وزەكەی نابێت؟
- راستە ئێستە توركیا لەگەڵ چەند وڵاتێكی ئەوروپی مشتومڕی هەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك توركەكان ناتوانن خۆ لە ئەوروپا جیابكەنەوە، چونكە بەشێكی خاكی توركیا لە ئەوروپادایە و ئەگەر لە ئەوروپیەكان داببڕێن، تووشی زیانی ئابووریی زۆر گەورە دەبنەوە. ئەگەر توركیا ململانێ لەگەڵ ئەوروپا بكات، یانی خۆی رووبەڕووی خۆكوشتن دەكاتەوە.
* ئێستا كوردستان بەشێكی نەوتەكەی لە رێگەی توركیاوە هەناردەی دەرەوە دەكات، بەڵام لە هەمانكاتدا دەشتوانیت بە رێگەی سووریا رێگەیەك بۆسەر دەریای سپیی ناوەڕاست بكاتەوە، ئایا گواستنەوەی وزەی كوردستان بۆ دەرەوە بە ریگەی دەریای سپیی ناوەڕاست باشتر نییە؟
- هەرێمی كوردستان لە ئایندە دەتوانێت رێگەی گواستنەوەی وزە بۆ سەر دەریای سپیی ناوەڕاست بكاتەوە، لەم حاڵەتەشدا دەتوانێت زۆر پشت بە توركیا نەبەستێت و دەریای سپیی ناوەڕاستیش ئاسانكاری زۆر بۆ هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنی وزەكەی فەراهەم بكات، ئەو رێگەیە زۆر ئاسانترە. هەربۆیە رێگەی دەریای سپیی ناوەڕاست زۆر گرینگە و لەوێوە رێگە بۆ هەموو ئاوەكان هەیە و كاتیشی كەمتر دەوێ بۆ هەناردەكردنی وزە.
* لە ئێستادا رووسیا خاوەنی هێز و پێگەیەكی گەورەیە لە ناوچەی دەریای سپیی ناوەڕاست، ئایا ئەمە نابێتە هەڕەشەیەك لەسەر هەژموونی ئەمریكا، یان ئایا هەردوولا لەسەر ئەم پرسە رێككەوتوون؟
- بە شێوەیەكی گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاكسازی لەو وڵاتانەدا كراوە كە هەڵگری فكری چەپ و كۆمۆنیست بوون، ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە. دەبێ ئەمریكا و رووسیا خاڵ بە یەكتر بدەن. دەوڵەتی (بەشار ئەسەد) دەسەڵاتی بەسەر رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەراست و بەندەری تەرتووسدا هەیە و بەشی زۆری دانیشتووانیشی عەلەوین. رووسیا لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنكەكانی خۆی لە دەست داوە، بۆیە ئێستە پشتگیری لەمانەوەی رژێمی ئەسەد دەكات بۆ ئەوەی دەسكەوتەكانی لەو ناوچەیە پارێزراو بێت و بە تەواوی هەوڵی پاراستنی ئەو شوێنانە دەدات كە لەبەردەستیاندا ماوەتەوە و ئەمەش بۆ ئەوان زۆر گرینگە.
* ئایا ئەم باڵادەستییە بۆ بەرژەوەندی ئێرانیشە، مەبەستم ئەوەیە ئێرانیش بەرژەوەندی لەو ناوچەیە هەیە؟
- دانیشتووانی رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست هەموو عەلەوین و شیعەن و ئەوانیش سەر بە ئێرانن و ئێرانیش پشتگیریان لێدەكات، بۆیە بێگومان لە خزمەتی ستراتیژیەتی ئێرانیشدایە. بێگومان ئەم ناوچەیە هەڵكەوتەی ژیۆپۆلوتیكی جیهانی هەیە و ئێرانیش لەو ناوچەیەدا وەبەرهێنانی سیاسیی زۆری كردووە.
* ئێستا ئێران هەوڵی زۆر دەدات كە دەروازەیەك بۆ سووریا بكاتەوە، ئایا ئەمە لە پێناوی ئەوەیە بە رێگەی دەریای سپیی ناوەڕاست نەوتەكەی هەناردەی ئەوروپا بكات؟ ئایا ئێران تەنیا مەبەستی ئەوەیە تێچووی گواستنەوەی نەوتەكەی كەم بكاتەوە، یان ئامانجی دیكەشی هەیە؟
- ئامانجی ئێران ئەوەیە ئەو خەتە لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت و بەتەواوەتی ئەو دەرگایە بە رووی هەرێمی كوردستاندا دابخات، ئەمەش بەو ئامانجەی كوردستان هەرگیز نەتوانێت بە رێگەی دەریای سپیی ناوەڕاست وزەی خۆی رەوانەی جیهان بكات. بێگومان هەتا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ئامانجەی دەیەوێت بۆی بێتەدی، بۆیە ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە لە باشووری عێراقەوە ئەو كارە بكات و بۆ ئەمەش چاوی لە شاری بەسرا بڕیوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كێشەی سەرەكی ئەوەیە، كە ئێران دەیەوێ بە تەواوی هێڵی سووریا لە دەستی خۆی بگرێت. دەیەوێ تەنانەت ئەگەر نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بەو رێگەیەدا تێپەڕێت، ئۆكەی ئێرانییەكانی لەسەر بێت.
* ئایا هەتا ئێستا كوردستان سەركەتوو بووە لەوەی بتوانێت هێڵێكی گواستنەوەی مسۆگەر بۆ نەوتەكەی بەرەو ئەورپا مسۆگەر بكات؟
- هەتا باشووری كوردستان نەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ دروستكردنی هیڵێكی مسۆگەر بۆ گواستنەوەی وزە كارێكی ئاسان نابێت، كێشەی سەرەكیی باشووری كوردستان ئەوەیە هێشتا نەبۆتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ.
* بەڵام ئێستا باشووری كوردستان یاسای نەوت و گازی تایبەت بەخۆی هەیە، ئایا بۆ ئێستا ناتوانێ ئەو هێڵە مسۆگەرە دابین بكات؟
- راستە تا ئێستا هەوڵیش دراوە، بەڵام بارودۆخەكە زۆر جیاوازتر دەبێت ئەگەر كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە رووی پێوەندیی نێودەڵەتییەوە ئێستا كێشەی بۆ دروست دەكرێت، بەڵام كە بووە دەوڵەتی سەربەخۆ لەو كێشانە دووردەكەوێتەوە.
* باسی ئەوەتان كرد كاتێك كوردستان دەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئیدی لە زۆر كێشە رزگاری دەبێت، ئایا ئەمە پێچەوانەی قسەكانی خۆتان نییە؟
- كوردستان هەتا نەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ وەك بەشێك لەو دەوڵەتانە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە كوردستانیان داگیركردووە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش ئێستا بەهەمان شێوەیە، چونكە ئێستاش بودجە و زۆر شتی دیكە داوادەكرێت لە رێگەی بەغداوە رێكبخرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە وەك دەوڵەتی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت.
* پێتانوایە كورد لە كوێی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە؟
- هەموو كێشەكان پێوەندییان بەو پرسە سەرەكییەوە هەیە كە كورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە. ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، هەموویان پێوەندییان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان هەیە، بۆیە كاتێك بارودۆخەكە ئاڵۆز دەبێت، ئەو دەوڵەتانە زیاتر كاریگەرییان راستەوخۆ لەسەر نەزمی جیهانی دەبێت. بۆیە هەتا زەمینەیەكی لەبار دروست نەبێت بۆ دەوڵەتی كوردستان، كێشەكانی چارەسەر نابن و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەردەوام دەبن.
* ئێستا باشووری كوردستان خۆی ئامادەدەكات بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی، گریمان لە ئەنجامی ریقراندۆمەكە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی راگەیاندو لە پاشكۆیەتی هاتەدەر، ئایا تاچەند سەربەخۆیی باشوور كاریگەری لەسەر پارچەكانی كوردستان دەبێت؟
- پرسەكە زۆر ئاڵۆزە، تەنانەت خۆم لەسەر ئەو باوەڕە نیم كە ئەگەر هەرێمی كوردستان بەتەنیا وەك یەكەیەكی جیۆگرافیایی، سەربەخۆیی رابگەیەنێت. كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو چارەسەر دەبێت، لای من كوردستان یەك وڵاتە و كوردیش یەك نەتەوەیە. پێشتر كوردستان لەلایەن زلهێزەكانەوە دابەش كراوە و ئێستە خۆمان لە رووی سیاسییەوە دەمانەوێ دابەشی بكەین، ئەمە جێبەجێ ناكرێت. نابێ هەرێمی كوردستان خۆی هەڵبوێرێت، چونكە ئەوكات دەسەلمێندرێت كە سایكس پیكۆ راستە. هەر كەس بیەوێ ئەوە تاقی بكاتەوە، بێگومان شكست دێنێت. بۆیە هەتا لەم بەشەش سەربەخۆیی رابگەیەندرێت، ئەگەر بەشەكانی دیكەی لە گەڵدا نەبێت، ئەوا كێشەكە بەتەواوی چارەسەر نابێت، بە بڕوای من دەبێت دوو بەشی كوردستان واتە باشوور و رۆژهەڵات یەك بگرنەوە و بەو شێوەیە لە پاشكۆیەتی دەوڵەتی داگیركەران رزگارمان دەبێت.
* پێتوایە زلهێزەكان ئەو بەرنامەیەیان بۆ ئەو دوو پارچەیەی كوردستان هەیە؟
- پێموایە ئەگەر نەشبێت، دەبێ لای خۆمان وەك ستراتیژ بوونی هەبێت. ئەگەر ستراتیژی بیربكەینەوە، دەبێ بەو شێوەیە بكەین. ئەو دوو پارچەیەی كوردستان، دوو یەكەی لێكدابراو نین لە یەكتری و لە هەموو رووەكانی جیۆگرافی، كەلتووری، مێژوویی و سیاسییەوە تێكەڵیی تەواویان هەیە. ئەو دوو پارچەیە، چارەنووسی هاوبەشیان هەیە و سنووری نێوانیان دەستكردە.
* ئایا لەسەر چ بنەمایەك ئەو بۆچوونەت گەڵاڵە كردووە كە ئیدی كاتی ئەوەیە كورد سەربەخۆ بێت و پاشكۆی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان نەبێت؟
- هۆكار زۆرن. هیچ كاتێك دۆناڵد ترەمپ نەزمی نوێی جیهانی لەسەر پاشماوەی وێرانكارییەكانی رابردوودا داناڕێژێتەوە. هەموو وڵاتان باس لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و لە راستیدا گۆڕانكارییەكان ئێمە دەگرێتەوە.
* ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە، كورد سەربەخۆ دەبێت و لە پاشكۆیەتی رزگاری دەبێت؟
- نەخێر، هەر كەسێكی دیكەش سەرۆكی ئەمریكا بێت، جیاوازی نییە. نە كورد و نە دەوڵەتە ناوەندییەكان، ناتوانن چارەنووسی وڵات و سنووریان بگۆڕن، تەنیا ئەوە بە رێككەوتنی زلهێزە نێودەوڵەتییەكان دەكرێ و بە پلەی یەكەم ئەوە ئەمریكا دەگرێتەوە، دواتر رووسیا و ئەوروپا.
* رۆڵی ئەمەریكا و رووسیا لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆنە؟
- ئەمریكا و رووسیا پشكیان لە سایكس پیكۆ -دا نەبووە، بۆیە ئێستا ئەوان ناوچەكە دابەش دەكەن. ئەو دوو وڵاتە رێككەوتنیان بۆ دابەشكردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە. ئەمەریكا دەیزانی كە بە بێ رووسیا ئەو بەرنامانەی بۆ جێبەجێ ناكرێت. جیا لەوەش رووسیا و ئەمریكا نفووزیان لە ناو كورددا هەیە.
* ئەگەر ئەو دوو هێزە گەورەیە لەسەر دابەشكردنی ناوچەكە رێككەوتوون، پێتوایە چ رەوتێكی فكری زەبری بەر دەكەوێت؟
- رووسیای ئێستا، رووسیای سەردەمی (لێنین) و (ستالین) نییە. رووسیای پۆتین، بەرەو لیبڕاڵیزمی ئابووری هەنگاو دەنێت. هەر بۆیە هەندێ پشت بە هاوكارییەكانی ئەمریكا دەبەستێت. ئێستا هەموو بەرەو جیهانی سەرمایەداری دەڕۆن و ئەمریكایش بە تەواوی بەهێزی دەكات.
* پەكەكە تا ئێستەش سیاسەتەكانی لەسەر تیۆری چەپە، پێتوانییە پاكسازیی فیكری و فیزیكی لە ناو پەكەكەدا دەكرێ، بۆ ئەوەی لە ئاراستەی سیاسەتی ئێستای رووسیادا بن؟
- پەكەكە ناتوانێ لە سیاسەتی پۆتین لابدات، چونكە بنكەكانیان زیاتر لەو وڵاتانەدایە كە رووسیا لێی بەهێزە. پەكەكە ناچارە ئەو ئاڵوگۆڕە پێكبێنێ.
* ئەگەر ئەمەریكا و رووسیا لەسەر دابەشكردنی ناوچەكە رێككەوتوون، ئەدی بۆ پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كێشە دروست دەكات؟
- ئەوەی پەكەكە دژی هەرێمی كوردستان دەیكات، زیاتر دەمارگرژیی حزبایەتییە. پەكەكە ئەوەندەی لە توانایدا بووە زەربەی لە هەرێمی كوردستان داوە. دەبێ پەكەكە لۆژیكییانە بەو ئەنجامە بگات كە سیاسەتەكانی هیچ خواستێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر نییە. ئێران بەربەستی سەرەكیی چارەسەرنەبوونی كێشەی نێوان پەكەكە و هەرێمی كوردستانە و نانی لێ دەخوات.
* ئەدی ئەمەریكا چۆن رێگەدەدات زیان بە بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا بگەیەنێت؟
- خۆ هەر پەكەكە كێشەی دروست نەكردووە، ئەدی بۆ گۆڕان و یەكێتی و حزبەكانی دیكە رێك ناكەون؟ ناكۆكیی نێوان كوردەكان وای كردووە قورساییان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كەم ببێتەوە. ئەمریكا لە ستراتیژی خۆیدا سیاسەتی كوردستانی گەورەی لەبەرچاو گرتووە، بەڵام ئەو كۆسپانەشی لەبەردەمە و دەبێ چارەسەر بكرێن.
* ئەمریكا و رووسیا چۆن لەسەر پرسی كورد رێككەوتوون؟
- ئەوان لە سەر سنووری جیۆگرافیی نفووزی خۆیان رێك دەكەون. ئەمریكا لە بەندەری تەرتووس، ئیمتیاز بە رووسیا دەدات. پێموایە هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا دەبن و باكوور و رۆژئاوای كوردستانیش لە سنووری بەرژەوەندییەكانی رووسیادا.
* پێتوایە لەسەر كەركووكیش رێككەوتن كراوە؟
- ئەوان لەسەر چارەنووسی نەتەوەی كورد رێككەوتوون. هەر كەسێك كەركووكی بەدەستەوە بێت، سەربەخۆیی كوردستانی مسۆگەر كردووە.