د.ساحب قارەمان : ئێستا گەندەڵی بۆتە چالاکییەکی ئابوری و گەندەڵکار پۆستەکەی وەک سەرمایە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن بەکار دەھێنێت
November 23, 2016
دیمانەی تایبەت
یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان جیا لەوەی جۆرێک پەلەپەل بە دارشتنەکەیەوە دیارە، بەڵام ماوەی ١٠ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەم ماوەیەشدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێشھاتی تازە دەرکەوتوون، بۆ قسەکردن لەسەر رەچاوکردنی ئەو گۆرانکاری و پێشھاتە تازانە، د.ساحیب قارەمان تایبەتمەند لەبواری ئامار و بیرکاری ئەم خاڵانەی دەستنیشانکرد.لەگەڵ ئەوەی من لە بواری یاسا تایبەتمەند نیم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ھەرێمی کوردستانم خوێندەوە ھەستم کرد کە ئەو یاسا دووبارە پێویستی بە چاو پێداخشاندنەوەو ھەموارکردنەوە ھەیە، ئەمەش لەبەر چەند ھۆکارێک:
١. لەبەر چاوکردنی ئەو گۆڕانکاری و پێشھاتانەی کە دوای سەرھەڵدانی تیرۆریستانی داعش ھاتوونە ئاراوە.
٢. بۆ لەبەر چاوگرتنی ئەم گۆرانکاری و پێشھاتە تازانە، دەبێت ئێمە جۆرێک خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە بکەین، کە ئەمەش پێویستی بە وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی و سیاسی ھەیە.
٣. لە یاساکەدا ھەندێک پرس تێکەڵ کراون، ھەر بۆ نموونە بکەری کارە تیرۆریستییەکە لەگەڵ سزادانی لەیەک ماددە باسکراون، کە دەبێت ھەر یەکەیان دەبێت لەماددەیەکی سەربەخۆدا باس بکرێن.
٤. پێناسەی تیرۆر لە یاساکەدا زۆر وورد نییە، لەگەڵ ئەوەی ھەتا ئێستا لەسەر پێناسەی تیرۆر رێککەوتنێک نییە، بەڵام دەکرێت لە یاسای تیرۆری کوردستاندا پێناسەیەکی بۆ بکەیت و بیگونجێنێت.
٥. لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە یاساکە کاتییە، ئەمە لەکاتیکدا تیرۆر دیاردەیەکی بەردەوامە، بۆیە ئەمە لە یاساکەدا بوونی نییە، ئێمە دەبێت ستراتیژێکمان ھەبێت بۆ کەمکردنەوەی تیرۆر و رێگرتن لە تیرۆر، ئەمەش پێویستی بەوەیە لەبەر رۆشنایی یاسای بەرەنگابوونەوەی تیرۆر ستراتیژیەتێک دابڕێژین.
لەبەر رۆشنایی ئەم خاڵانە دەبێت بزانین رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەک دەوڵەتێک سنووری نییە و ھەموو کیشوەر و ناوچەکان لەسەر ئاستی راگەیاندن، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، کارە تیرۆریستییەکانی بڕیووە.
کەواتە کاتێک بیر لە چارەسەرکردنی دیاردەیەک دەکەینەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە ئەو فاکتەرانەی لە پشتی ئەم دیاردەیەوەن چین، دیارە بۆ ھەر دیاردەیەک چەند فاکتەرێکی ھاوبەش ھەیە کە بریتین لە :
١- فاکتەری مێژووی.٢- فاکتەری کۆمەڵایەتی. ٣- فاکتەری سیاسی
لایەنی ئابوری بێگومان پەیوەندی بە ھەردوو فاکتەری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ھەیە، چۆن باسی ئەم دوو لایەنە بکەین، لایەنی ئابوری دێتە ناویەوە. سەبارەت بە ھۆکاری مێژوویی دیارە وەک برادەرانیش ئاماژەیان پێکرد، تیرۆر ھۆکاری مێژوویی ھەیە، بەڵام ئەم دیاردەیە چ ئیسلامی بێت یان یەھودی یان ئایدلۆژی، ئەوا لە ھەموویاندا فیکرێک لە پشتییەوە ھەیە، ھەروەک چۆن ئێستا داعش بۆ ھەموو کارێکی تیرۆریستی پەنا بۆ یەکێک لە کتێبە ئیسلامیەکان دەبات و دەڵێت: ئەم کتێبە وا دەڵێت، بۆیە ئێستا تیرۆریستانی داعش خوێندنەوەیەکی تازە بۆ ئەو دەقە کۆنانە دەکەن و دەیانەوێت پاکانە بۆ کارە تیرۆریستیەکانیان بکەن.
بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەی ئەو ھۆکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە چین لە پشتی ئەم دیاردەیەوە؟ سەبارەت بەوەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێم: ئێستا لە نێوان دەسەڵات و پارەدا ھاوسەرگیرییەک دروست بووە، لە ھەندێک وڵاتدا ئەم ھاوسەرگیرییەی نێوان دەسەڵات و پارە شەرعیە، واتە تۆ پارەت ھەیە دەسەڵاتیشت ھەیە بە پێچەوانەشەوە، یان لە ھەندێک شوێن پەیوەندییەکە تۆ پارەت ھەیە دەسەڵاتەکەت شاراوەیە، ھەر بۆ نموونە وەک لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بینیمان، سەرمایەداری وا ھەبوو چەکێکی بە بڕی سەدان ھەزار دۆلار بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش دەکرد، ئەمەش بێگومان لە پێناوی ئەوەیە دەسەڵاتە شاراوەکەی خۆی بپارێزێت.
لایەنێکی دیکە کە باس دەکرێت، پەیوەندی دیاردەی تیرۆر بە پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموکراتییەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گەندەڵی لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندی بە تیرۆرەوە ھەیە یان نە؟ وەڵام ئەم پرسیارە ئەگەر بە لۆژیک بیدەینەوە، بێگومان دەبێت پەیوەندییەک لەنێوان گەندەڵی و تیرۆردا ھەبێت، لەبەر ئەوەی بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و چالاکیەکی ئابوری، بۆیە لەمە راستەوە ئەگەر ئێمە بەشێوەیەکی تەقلیدی پێناسەی گەندەڵی بکەین کە دەڵێت :(گەندەڵی واتە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسی)، ئەوا ئێستا ئەم پێناسە تەقلیدیە بۆتە ئەوەی کە راشکاوانە دەڵێت: (گەندەڵی چالاکییەکی ئابورییە)، ئەگەر لەسەر ئەم پێناسەی دواییان قسە بکەین کە دەڵێت گەندەڵی چالاکیەکی ئابورییە، ئەوا لای ھەموان ئاشکرایە ھەموو چالاکییەکی ئابوری پێویستی بە بوونی سەرمایەیە، لەم حاڵەتەدا فەرمانبەر لە ھەر پلەیەکی وەزیفیدا بێت، پۆستەکەی کردووە بەسەرمایە و بەکاری دەھێنێت بۆ خۆدەوڵەمەند کردن، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر من ئەو پۆستە وەزیفیەم نەبێت ناتوانم ئەو گەندەڵییە بکەم. ئەمەش دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و رەخساندنی زەمینەیەک بۆ چەکەرە کردنی فیکری توندوتیژی.
ئەگەر سەیری پەیوەندی نێوان تیرۆر و دیموکراتی بکەین، دەبینین لە ئێستای جیھاندا ئەم پەیوەندییە یەک جۆر پەیوەندی نییە، ھەر بۆ نموونە لە ھەندێک وڵات پەیوەندییەکە راستەوانەیە بە چەمکی بیرکاری، واتە دیموکراتی لە لوتکەیە، بەڵام تیرۆر و گەندەڵیش لە لوتکەیە، لە ھەندێک شوێنیش ئەم پەیوەندییە پێچەوانەیە. ھۆکاری ئەمە چییە ؟ دەبێت بەپێی تایبەتمەندی وڵاتی خۆمان وەڵامی بدەینەوە.
بەداخەوە ئەگەر سەیری کوردستان بکەین، ھەست دەکەین ژینگەی دیموکراتی بۆتە ھۆکاری ئەوەی فیکری تیرۆریستی گەشە بکات، لەبەر ئەوەی حزبە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان موجامەلەی ئیسلامی سیاسیان کردووە، کەواتە حزبە سیاسیەکانی ئێمە بوونە سەرچاوەی گەندەڵییەکی دیکە، کە ئەویش گەندەڵی سیاسییە، بۆتە ھۆکاری ئەوەی گەندەڵی دامەزراوەیی و کارگێڕیش بگرێتەوە، ئەمەش بۆمان دەردەخات کە گەندەڵی پەیوەندی بە تیرۆرەوە ھەیە.
بۆیە لەبەر چاوگرتنی ئەم واقیعە فەرزی دەکات لەسەرمان کە بەپێی تایبەتمەندی خۆمان چارەسەر بۆ دیاردەکە بدۆزینەوە و خۆمان لەگەڵ ئەو واقیعە بگونجێنێن، ئەمەش واتە دەبێت، پێناسەیەکی نیشتمانی کوردستانیانە بۆ دیاردەی تیرۆر بکەین و پاشان ستراتیژیەک دابڕێژین بۆ ئەوەی خۆمان بۆ ئەم رووبەڕوو بوونەوەیە ئامادە بکەین.
لایەنێکی دیکە پەیوەندی بە ھۆشیاری و دیراسەت و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم دیاردەیە ھەیە، ھەروەھا پێویستی بەوە ھەیە دیاردەکان بەروانگەیەکی تازە بخوێنینەوە، ھەر بۆنموونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ھۆکارانەی جۆرەکانی گەندەڵی دیاری دەکات، دیارە گەندەڵیش لە زەمانی قابیل و ھابیلەوە بوونی ھەیە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەدەی رابردوو ھەتا نەوەدەکان، دەبینین گەندەڵی ھۆکارێکی سیاسی لە پشتە و لەنێوان رێکخراوەکان و دەوڵەتەکان بووە، واتە رێکخراوێک بۆ دەرھێنانی ئەڵماس لە باشوری ئەفریقیا بەرتیلی داوە بەرێکخراوێک بۆ ئەوەی مونۆپۆلی بکات بۆخۆی، دوای ئەوەش مەسەلەی دەرھێنانی نەوت ھاتە ئاراوە، بەڵام لەدوای نەوەدەکانەوە گەورەترین گەندەڵی بۆتە بانکەکان، ئێستا بانکەکان بوونەتە سەرچاوەی دابینکردنی داھات بۆ داعش، چونکە ھەر بانکە پارەکان ھەناردە دەکات، یان پارەی تەزویر دەخاتە بازاڕەوە، بۆیە ئەگەر ئێمە سیستمێکی بانکی تەندروستمان ھەبێت، ئەوا توانیمان رێگەیەکی سەرەکی لە تیرۆر بگرین، بۆیە دەبێت ببێتە ستراتیژ، ئەگەر تەنھا پشت بە یاسا ببەستین، دیارە یاسا ئەم دیاردەیە کەم دەکاتەوە، ئەمڕۆ داعش بە ریشەوە خۆیمان پیشاندەدات، سبەینێ بەشێوەیەکی دیکە و بێ ریش خۆیمان پیشاندەداتەوە، بۆیە بە بۆچوونی من لە ئێستادا گەندەڵی لە داعش ترسناکترە، ئەگەر گەندەڵی چارەسەر نەکەین، ئەمڕۆ داعش لەناوبەرین، سبەینێ بە چەندی جۆر و شێوازی دیکە داعش دروست دەبیتەوە.