د.عادل عەبدولمەهدی بۆ گوڵان: ئێمە وەك شەخس هیچ شتێكمان لەسەر د.نوری مالیكی نیيە، بەڵام ناتوانین كەسێك تاقیبكەینەوە كە پێشتر لە ئەركەكەی سەركەوتوو نەبووە

د.عادل عەبدولمەهدی بۆ گوڵان: ئێمە وەك شەخس هیچ شتێكمان لەسەر د.نوری مالیكی نیيە، بەڵام ناتوانین كەسێك تاقیبكەینەوە كە پێشتر لە ئەركەكەی سەركەوتوو نەبووە
بەڕێز عادل عەبدولمەهدی كە ئێستا جێگری سەرۆك كۆماری عێراقە، تەمەنی 68 ساڵە و لەدایكبووی شاری بەغدایە و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی شۆڕشی ئیسلامی عێراق لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو و ئێستاش یەكێكە لەسەركردە دیارەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەعێراق و یەكێك بووە لەو سەركردانەی ئەنجومەنی باڵا كە پێوەندییەكی نزیكی لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كوردستان و پێوەندی نێوان كورد و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی گێڕاوە و لەهەموو كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆن لەكۆتایی نەوەدەكان و لەسەرەتاكانی ساڵانی دوو هەزارەوە ئامادەبوونی هەبووە و رۆڵێكی كاریگەری گێڕاوە، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیشەوە لەیەكەمین كابینەی حكومەتی عێراق(كابینەكەی د.عەللاوی) پۆستی وەزارەتی دارایی بەڕێوە بردووە و لەساڵی 2005یشەوە تائێستا جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بووە، د.عادل عەبدولمەهدی یەكێكە لەو سەركردە دیارانەی عەرەبی عێراق كە بڕوایەكی پتەوی بە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق هەیە و پێیوایە هەر داواكارییەك بكەوێتە چوارچێوەی دەستووری عێراقەوە، دەبێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت و كار بۆ جێیبەجێكردنی بكرێت.د.عادل عەبدولمەهدی لەرووی پسپۆری و كاری ئەكادیمیەوە یەكێكە لەو سەركردە عێراقیانەی كە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە ئابووری، ئەم بڕوانامەیەشی لەیەكێك لەزانكۆكانی فەرەنسا وەرگرتووە و تائێستا دووجار لەلایەن هاوبەندی نیشتمانی عێراق و هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقەوە وەك یەكێك لە پاڵێوراوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید كراوە، بەڵام هەردوو جارەكە بەخت یاوەری نەبووە كە لەكۆبوونەوە ناوخۆییەكانی هاوبەندی نیشتمانی و هاوپەیمانی نیشتمانی سەركەوتوو بێت. د.عادل عەبدولمەهدی لە پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی د.نوری مالیكی كاندیدكردووە، بەڵام یەكێكە لەسەركردە دیارەكانی عێراق و رۆڵێكی دیار لە پرۆسەكەدا دەگێڕێت، لەم دیمانە تایبەتەی بەڕێزیان لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بێجگە لەوەی مەسەلەی پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو یەكێك بووە لەپرسە سەرەكییەكان، لەهەمانكاتدا چەند مەسەلەیەكی دیكەش باسكراون، ئەمەش دەقی دیمانە تایبەتەكەی گۆڤاری گوڵانە لەگەڵ بەڕێز د.عادل عەبدولمەهدی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق.
گوڵان: بەڕێزتان پێتانوایە گفتوگۆی نێوان كوتلە سیاسییەكان ئەنجامێكی هەبێت بۆ كۆتایی هێنان بەم كێشەیەی ئێستا هەیە، پێشبینی دەكەن كەی حكومەت پێك بهێنرێت؟
د.عادل عەبدولمەهدی: زۆر گەشبینم بە پاشەڕۆژی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و سیستەمی ئیتیحادی، ئێمە لە كۆتاییەكانین و هەموو لایەنەكان سنوور و سەنگی راستەقینەی خۆیان زانیوە، پێموایە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی لەوانەیە ببێتە دوا وێستگە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە مەسەلەی حكومەت و رێككەوتنی كۆتایی نێوان لایەنەكان یەكلا بكاتەوە.


گوڵان: ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی خاوەن مێژوویەكی دوور و درێژ و پێوەندییەكی سیاسی بەرفراوانە لەگەڵ كوردستان، هەر لەسەردەمی بارزانی نەمر و سەماحەتی ئایەتوڵڵا ئەلحەكیمەوە، بەڕێزتان ئەم پێوەندییە چۆن دەبینن و ئایا هەر وەك جاران بەهێزە و دەتوانین بڵێین هاوپەیمانیەتییە ستراتیژییەكەیان بەردەوام دەبێت و پەرەی پێدەدرێت؟
د.عادل عەبدولمەهدی: هاوپەیمانی نێوان ئەنجومەنی باڵا و كورد تەنیا هاوپەیمانیەتییەكی ستراتیژی نییە، بەڵكو هاوپەیمانییەتییەكی بنەڕەتی و زەرورەتێكی زۆر پێویستە و بەپێی ئەو تەعبیرەی هەمیشە سەرۆك بارزانی دووبارەی دەكاتەوە (رێككەوتنی باب و باپیرانە) مەسەلەیەك نییە ئێمە بڕیارمان لەسەری دابێت یان بڕیاری لەسەری بدەین، بەڵكو مەسەلەیەكە مێژوو و رووداوە گەرم و گوڕەكان بڕیاریان لەسەر داوە و سنووری ئەم ساتە و ئاڵۆزییەكانی دەبەزێنێت، بناغەی بونیادنانی بونیادەكانە، بۆیە وتم هاوپەیمانیەتییەكی سەرەكییە كە پێویستە هەبێت بۆ هەر كارێك كە پێوەندی بە مەسەلەی عێراقەوە هەبێت، چونكە تەنیا پێكنەهاتووە لەچالاكی و بەرنامەی سیاسی، بەڵكو ئەنجامی زوڵم و زۆردارییەكی هاوبەشی درێژخایەن و دەرەنجامی ناوخۆیی و بیانییە كە وایكردووە ئەم هاوپەیمانییە كۆڵەگەیەكی سەرەكی بێت لەكۆڵەگەكانی بنیادنانی عێراقی هاوچەرخ، ئەم هاوپەیمانیەتییە تەنیا پێوەندی نێوان دوو حزب نییە، بەڵكو پێوەندی نێوان دوو گەل و دوو پرسە لەچوارچێوەی یەك گەل و یەك پرسدا، بەبێ ئەم هاوپەیمانیەتییە نەدەكرا بەرگری بكەین دژی رژێمی سەدام و بەسەریدا سەركەوین، هەروەها بەبێ ئەم هاوپەیمانیەتییە نەدەكرا دەستوور دابڕێژرێت كە ئازارەكانی گەلی عێراقی كەمكردەوە بەو ئەندازەی هیوا وئاواتەكانی كورت كردەوە لە سیستمێكی دیموكراسی ئیتیحادی فرەیی دا، بۆیە ئەم هاوپەیمانیەتییە تەوەرێك نییە دژی كەس، بەڵكو بناغەیەكە بۆ دەستپێكردنی كار لەپێناو بونیادنانی وڵات و یەكێتی گشت پێكهاتەكانی عێراق و ئەم هاوپەیمانیەتییە هەر دەمینێت و پەرەی پێدەدرێت و بەردەوام شێوازی نوێ لەخۆ دەگرێت.


گوڵان: دوای رووخانی رژێمی بەعسی لەناوچوو، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی رۆڵێكی گەورە و بەرچاوی هەبوو لە پرۆسەی سیاسی، بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار دەبینین ئەنجومەنی باڵا دووردەكەوێتەوە و دەكەوێتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، بەڕێزتان ئەمە چۆن لێك دەدەنەوە و ئێستا رۆڵی ئەنجومەن چۆن هەڵدەسەنگێنن لە عێراق؟
د.عادل عەبدولمەهدی: لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005 ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا كە بەتەنیا زیاتر لە یەك ملیۆن و حەفت سەد و پەنجا هەزار دەنگی بەدەستهێنا، ئەمەش وایكرد ببێتە یەكەم حزبی عێراقی، بەڵام ئەم ژمارانە كەمبوونەوە بۆ سێیەم لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەساڵی 2009، ئەمەش هۆكارێكی خستنەڕووی ئەو پرسیارەی ئێوەیە، دەتوانم سێ هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەمە بخەمە روو، هۆكاری یەكەم: لەنێوان ساڵانی 2003 و 2009 ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی دوو سەركردەی ناوداری لە دەستدا نەك لەسەر ئاستی ئەنجومەنی باڵا، بەڵكو لە چوارچێوەی نیشتمانی و مەبەستم سەید باقر ئەلحەكیم و براكەی سەید عەبدولعەزیز ئەلحەكیمە.
لە دەستدانی سەید عەبدولعەزیز دوای نەخۆشییەكی كوشندە هات كە دوو ساڵی خایاند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەركردایەتی ئەنجومەنی باڵا دووچاری شڵەژان بێت، بەجۆرێك نەیدەتوانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات، هیچ رێكخراوێكی عێراقی نییە كە دوو لە سەركردە كاریگەرەكانی خۆی لە دەست بدات و بەملا و ئەولادا نەكەوێت. هۆكاری دووەمیش ئەوەیە ئەنجومەنی باڵا بەناودارترین رێكخراوی شیعەی عێراق دانرا و بەردەوام بەرگری لە پێوەندییە سیاسییەكانی دەكرد لەگەڵ ئێران، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ببێتە ئامانجی یەكەم لاوازكردنی لەلایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان، ئەم كردنە ئامانجی لاواز كردنە هاتە سەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش و بە ناحەقی پێوەندییەكانی ئەنجومەنی لەگەڵ زۆر لە لایەنە عێراقییەكانیش شڵەژاند، ئەم بارودۆخە لەلایەن هەندێك لایەن ئەوانەی لەگەڵ ئەنجومەندا كار دەكەن لە خوارووی عێراق بە دەرفەت زانرا و سوودیان لێی وەرگرت بۆ ركابەرێتی كردنی ناوخۆی ئەنجومەن بۆ ئەوەی هەندێك دەستكەوت بەدەست بهێنن لەسەر حیسابی ئەنجومەن.
هۆكاری سێیەمیش پێموایە سەركەوتنەكانی ئەنجومەن لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و سەرەتاكانی گۆڕینی رژێم، هەندێك لە كادر و نووسینگەكانی ئەنجومەنی تووشی لەخۆبایی بوون كرد، تا وایلێهات گرنگیان بە بارودۆخی تایبەتی خۆیان دەدا، زیاتر لەوەی گرنگی بە كاروباری جەماوەر بدەن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جۆرێك لە پچڕان لەگەڵ جەماوەر دروست ببێت، خۆپەرستی لە مامەڵە كردن لەگەڵ كاروباری سیاسی زیانێكی گەورەی بە ئاستی جەماوەری ئەنجومەن گەیاند.
دوای سەركردایەتی كردنی سەید عەممار ئەلحەكیم ئەنجومەن مامەڵەی لەگەڵ ئەم بارودۆخە كرد و چارەسەری بۆ هەر یەك لەم هۆكارانە دانا، بۆیە بینیمان ئەنجومەن لە دوایین هەڵبژاردنی نوێنەران سەركەوتنی زۆر باشتری بەدەستهێناوە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە جۆرێك ئەوانەی دەنگیان بە ئەنجومەن دابوو ژمارەیان گەیشتە 800 هەزار كەس، بەمەش پلەی یەكەمی بەدەستهێنا لەنێو حزبە شیعی و نیشتمانییەكان، پێموایە ئەم جەماوەرێتیەی رۆژ دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، ئەنجومەن لەنێو جەرگەی پرۆسەی سیاسیدایە و یەكێكە لە گرنگترین هێزە دەستپێشخەرەكان كە زۆر زەحمەتە هیچ چارەسەرێك پێشكەش بكرێت بۆ ئەو گرفتانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە وەك هەموو حزبە سەرەكییەكانی دیكەی عێراق.
بۆ روونكردنەوەی زیاتر دەڵێم قەیرانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەچەند ساڵی رابردوودا لەوانەیە هاوشێوەی قەیرانی بزووتنەوەی كوردی بێت دوای سەركەوتنەكانی رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 و نسكۆی شۆڕش لە 1975 و نەخۆش كەوتنی سەركردەی مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی و شڵەژانی بارودۆخی سەركردایەتی كوردی كە ئەركێكی زۆر و چەند ساڵێكی پێویست بوو تاكو توانی دووبارە كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكاتەوە لەنێو ئاستەنگ و گومان و قوربانیدانییەكی زۆر بەر لەوەی لە سەرەتای نەوەدەكان سەركەوتنی زۆر گەورە بەدەست بهێنێت.


گوڵان: دوای دووبارە كاندید كردنەوەی ئەلمالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، دەتوانین بڵێین ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەشێكە لە هاوپەیمانی نیشتمانی؟
د.عادل عەبدولمەهدی: سەرەڕای بوونی تەحەفوز لەسەر دووبارە كاندیدكردنەوەی مالیكی، بەڵام ئەنجومەنی باڵا لە هاوپەیمانی نیشتمانی نەكشاوەتەوە، هەرچەندە هەندێك لە هەڵوێستەكانی لەگەڵ هاوپەیمانی یەك ناگرنەوە.
گوڵان: سەماحەتی عەممار ئەلحەكیم لە هەندێك لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەنجومەن بەشداری لە حكومەتێكدا ناكات كە ركابەرایەتی سیاسی تێیدا بگوازرێتەوە بۆ نێو ئەنجومەنی وەزیران و ململانێی نێو وەزیرەكان، چۆن ئەمە لێك دەدەنەوە؟
د.عادل عەبدولمەهدی: ئەنجومەن بەشداری لە حكومەتێكدا ناكات كە پێشبینی سەركەوتنی لێناكرێت، هەروەها بەشداری لە حكومەتێكدا ناكات كە شەراكەتی راستەقینە نەهێنێتە دی لەنێو پێكهاتەكان و شەریكەكانی ناو حكومەت، بەڕێزیان حكومەتێكی ناوێت موجامەلاتی تێدا بێت و سەركەوتوو نەبێت لە خزمەتگوزارییەكان و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا هەبێت، ململانێ هەبێت لەنێو لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت بۆ ئەوەی هەریەكیان ئەوی تر تۆمەتبار بكات، لەكاتێكدا گەل باجی نا چالاكی حكومەت و ململانێیە تایبەتییەكانی ناوی بدات.


گوڵان: تا چ ئاستێك ئێوە ئامادەن بەشداری لە حكومەتێكدا بكەن كە مالیكی سەركردایەتی بكات، ئەگەر بەشداریتان نەكرد ئایا هۆكارەكەی كەسایەتی مالكییە یان تەجروبەی مالیكی لەماوەی پێشووتری حكومەتەكەیەتی؟
د.عادل عەبدولمەهدی: گرفتەكە كەسایەتی مالیكی نییە، چونكە ئەو دۆست و برای ئێمەیە، گرفتەكە لە كەسایەتی مالكییە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، چونكە پێمانوایە سەركەوتوو نەبووە لەم ئەركەی وەك دەڵێن (ئەوەی كەسێكی تاقیكراو تاقی بكاتەوە، تووشی پەشیمان دەبێتەوە)، دەبێ ئەوەش لەیاد نەكەین هەندێك دەستكەوت و گرفتی زۆر هەبوون.
گوڵان: شێواز و دیدی كوتلەكانی ئۆپۆزسیۆنی نێو ئیئتیلافی لیستە كوردستانییەكان جیاوازە لەگەڵ گشت كوتلە سیاسییەكانی دیكە بەو پێیەی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكی دیكە دەكەن لە عێراق، بەڕێزتان تا چ ئاستێك لێك تێگەیشتنتان هەیە لەگەڵ تایبەتمەندی ئیئیتلافی لیستە كوردستانییەكان و ئەو كوتلانەی لێیان پێكهاتووە؟
د.عادل عەبدولمەهدی: كورد كێشەی گەلێكە لە عێراق نەك حزبەكان، كوردەكان ئێستا حكومەت و جوگرافیا و بەرژەوەندی راستەوخۆی گەلیان هەیە نەك تەنیا گەیشتن بە ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهێنانی حكومەت، بۆیە كوردەكان رۆڵێكی پێشەنگیان بینیوە لە كێشەی عێراق چ لە رزگاربوون لە تاكڕەوی و رەگەزپەرستی و تائیفەگەری بەوەی كوردستان بەر لە بەشەكانی دیكەی عێراق رزگار بوو، یان بە پێشكەوتنی ئەزموونی كوردستانی و پێشكەشكردنی وەك نموونەیەكی زیندوو بۆ هەبوونی توانای وەدیهێنانی ئەم پێشكەوتنانە لەسەرتاسەری عێراق، گشت داخوازییەكانی كورد لەژێر سەقفی رێزگرتن لە دەستووردان، هەر داواكارییەكیش كە لەژێر سەقفی دەستووردا داوای بكەن كارێكی رەوایە و قابیلی گفتوگۆ كردنە، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیش لەگەڵ وەفدی ئیئتیلافی لیستە كوردستانییەكان كۆبۆوە و هەردوو لایەكمان دیدێكی زۆر نزیكمان هەبوو ئەگەر یەك نەبن لەو بابەتانەی خراونەتە روو.


گوڵان: ئاماژە بەوە دەكرێت كە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پێوەندییەكی پتەوی هەیە لەگەڵ ئێران، بەڵام بەم دواییە بینیمان ئێران پشتگیری و پاڵپشتی لە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری ئەلمالیكی كرد، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە ئێستا ئەنجومەن پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ ئێراندا نییە یان ئایا ئەو پێوەندییە گۆڕاوە، و ئایا رەوتی سەدر و حزبی دەعوە پێوەندییان لە ئەنجومەنی باڵا باشترە لەگەڵ ئێران؟
د.عادل عەبدولمەهدی: پێوەندییەكانی ئەنجومەنی باڵا لەگەڵ ئێران بەهێز بووە و هەر بەهێزیش دەمینێتەوە، ئەمەش گرفتی ئەوانی ترە نەك گرفتی ئەنجومەنی باڵا، كاتێك ناكۆك دەبین دەڵێن: ئێران دژی ئێوەیە یان ئێوە دژی ئێرانن، پێموایە ئەمە بەڵگەیە لەسەر پێگەیشتوویی و سەربەخۆیی ئەم پێوەندییە، ئێمە جەخت لەسەر هەبوونی باشترین پێوەندی دەكەینەوە لەگەڵ ئێران، پێموایە بە پێچەوانەش هەر راستە و رێگە نادەین هیچ ناكۆكییەك كاریگەری لەسەر ئەو پێوەندییە هەبێت، بەڵكو پێویستە مەسەلە نەگۆڕەكان و بناغەكانی دۆستایەتی و پێوەندی بەردەوام و نەگۆڕمان هەبێت كە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و لایەنی تێدا بێت.


گوڵان: ئێوە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی وەك بەرنامەیەكی جێبەجێكردن مامەڵە لەگەڵ قسە و فەتواكانی ئایەتوڵڵا سیستانی مامەڵە دەكەن، ئایا دەتوانن دید و بۆچوونی بەڕێزیانمان پێ بڵێن دەربارەی بارودۆخی سیاسی ئێستای عێراق؟
د.عادل عەبدولمەهدی: بەڕێز ئیمام سیستانی دەست ناخاتە نێو كاروباری سیاسی لە روانگەی حزبەكانەوە، بەڵكو لە روانگەی بەرپرسی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هەموو خەڵك، هەروەها دەست ناخاتە نێو مەسەلە وردەكانەوە، بەرگری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە هەڵوێستەكان مەرجەعیەت بۆ رۆڵی نیشتمانی بووە كە پارێزەری هەمووانە، مەرجەعیەت تەنیا لە مەسەلە یەكگرتووە یەكلایی كەرەوەكان نەبێـت وەك شۆڕشی بیست، یان فەتوای مەرجەعی باڵا سەید موحسن ئەلحەكیم بە حەرام كردنی كوشتنی كوردەكان، یان زەرورەتی هەڵبژاردنی كۆمەڵەیەكی نیشتمانی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی، بەڵام مەسەلەكانی حوكم و ركابەرێتی حزبەكان بەهیچ شێوەیەك مەرجەعیەت دەست ناخاتە نێو ئەم بابەتانە و شێوازێكی تایبەتی هەیە لە چۆنیەتی دروستكردنی كاریگەرییەتی لەسەر ئەم مەسەلانە.


گوڵان: تا ئێستا سەماحەتی سیستانی نەهاتۆتە نێو كاروباری پرۆسەی سیاسی، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە تەنیا ئەو كاتانە هەڵوێستی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان كە ماڵی شیعی ناكۆك بن؟
د.عادل عەبدولمەهدی: ئەمە پێوەندی بە رێژەی هەستكردنی بەڕێزیانەوە هەیە بۆ ئەو مەترسییەی كە گەل رووبەڕووی بوویتەوە، چونكە مەرجەعیەت لە عێراق هەوڵی نەداوە ببێتە ئەلتەرناتیڤ بۆ هێزە سیاسییەكان و نایەوێ ببێتە چەقێكی لایەنگر بۆ بەرژەوەندی لایەنێك دژی لایەنێكی تر.
Top