پەری: بوون بە دایكی كچ باجەكەی قورسە

پەری: بوون بە دایكی كچ باجەكەی قورسە
زۆرن ئەو خانمانەی بوونەتە قوربانی ئەمر و فەرمانەكانی باوك و براكانیان و لە پێناو نەریت و عەیبەی كۆمەڵگە بێ ویستی خۆیان باجی قوڕس دەدەن، پەری ئافرەتێكی تەمەن 36 ساڵەی دانیشتووی شاری هەولێرە و دایكی دوو كچی دووانەیە، ئەو لە ئێستادا وەك خۆی باسیدەكات بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆی و دوو كچەكەی لە ماڵی پزیشكێك كار دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

پەری بە خەمبارییەوە بەمجۆرە بەسەرهاتی ژیانی خۆی و كچەكانی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە: «دوای ئەوەی پەیمانگەم تەواو كرد، مامم بۆ كوڕەكەی كە تازە لە دەرەوەی وڵات گەڕابۆوە هاتە داوام، باوكیشم بێ یەك و دوو رازی بوو، من و دایكم زۆر هەوڵماندا كەوا لە كردنی ئەو كارە پەلە نەكات، چونكە ئێمە هیچ شتێكمان لە بارەی كوڕە مامەكەم نەدەزانی تەنانەت باوكیشم، بەڵام باوكم پێی گوتین برازای خۆمە و لە بێگانەیەك باشترە و من وەعدم بە كاكم داوە پەری بۆ ئەوان بێت، منیش جگە لە رازی بوون هیچی ترم بۆ نەمایەوە، دوای هاوسەرگیری بە ماوەیەكی كەم دووگیان بووم، لە مانگی شەشەمی دووگیانیم بووم بەهۆی هەڵسوكەوتەكانی بۆم دەركەوت هاوسەرەكەم لەوێ تووشی نەخۆشی خەمۆكی بووە، لەو ساتەوە ئازارەكانم دەستی پێكرد، ئەو لە هەموو شتێك گومانی دەكرد بە هۆ و بەبێ هۆ لێی دەدام لە كاتێكدا كە دووگیان بووم، دوای تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر هاوسەرگیرییەكەم دوو كچی جوانم بوو، بە لە دایكبوونی كچەكانم هێز و توانای رووبەڕوو بوونەوەی ناخۆشییەكانم زۆر زیاتر بوو، ئەوان خەمڕەوێنی دڵی شكاوم بوون، ئەگەرچی ناخۆشی و دەردەسەرییەكانم رۆژ لە دوای رۆژ زۆرتر دەبوون، ئێوارەیەك هاوسەرەكەم هاتەوە ماڵەوە زۆر توڕە دیار بوو، یەكێك لە كچەكانم بە گاگۆڵەی چووە باوەشی باوكی ئەویش تا هێزی تێدا بوو بە عەردی دادا، هاوارم كرد لە منیشی دا و دەم و لوتی پڕ خوێن كردم، منیش منداڵەكانم برد و رۆیشتمەوە ماڵی باوكم و گوتم چیدیكە ناتوانم بەرگەی ئەو پیاوە بگرم، باوكم و براكانم گوتیان بەخۆت وەرەوە بەڵام منداڵ منداڵی پیاوە و منداڵەكان لای باوكیان بەجێبهێڵە و با تەڵاقت بدات، منیش هەر ئەو شەوە گەڕامەوە ماڵەكەی خۆم و گوتم مردن و ژینم لەگەڵ كچەكانم دەبێت، لەبەر ئەوە هەموو شتێكم لە مێردەكەم قبوڵ دەكرد، ئەویش زیاتر ئیستیغلالی دەكردم و دەیزانی لە پێناو منداڵەكانم بە هەموو شتێك رازی دەبم، لەوە دڵنیابووم بوون بە دایكی كچ باجەكەی قوڕسە، كچەكانم تەمەنیان بوو بە شەش ساڵ و چوونە بەر خوێندن هەر ئەو ساڵە هاوسەرەكەم خودكوژی كرد، دوای مردنی ئەو ماڵە خەزورانم پشتیان تێكردین، لەم دونیایەدا تەنیا دایكم دڵسۆزم بوو دڵنەوایی دایكم و خۆشەویستیم بۆ منداڵەكانم هۆكاری مانەوەم بوون».
سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ئێستای پەری دەڵێت: «لە ئێستادا كچەكانم لە تەمەنی 10 ساڵیدان و هەر لە ماڵەكەی خۆم ماومەتەوە، ماڵی باوكم پێشنیاریان كرد بچین لەگەڵ ئەوان بژین بەڵام من ئامادە نیم خۆشی منداڵەكانم تێكبدەم و لە ماڵی ئەم و ئەو بژین و خەڵك بەزەیی پێیاندا بێتەوە، دوای مردنی باوكیان لە ماڵی پزیشكێك كاری پاككردنەوە دەكەم، ئەگەرچی دەرچووی پەیمانگەشم بەڵام تا ئەمڕۆش هەلی دامەزراندنم بۆ نەڕەخساوە».
پەری لە كۆتاییدا گوتی: «ئەگەرچی لە ژیانمدا تاڵی و سوێری زۆرم بینی، بەڵام كە تەماشای چاوە برسكاوەكانی كچەكانم دەكەم دەحەسێمەوە و وادەزانم هیچ ناخۆشییەكم نەدیتییە».
Top