شاكار محەمەد هەڵەبجەیی: دوای تەواوكردنی خوێندن و دانەمەزراندن، ویستم پڕۆژیەكی تایبەت بە خۆم هەبێت
March 9, 2021
کۆمەڵایەتی
شاكار محەمەد هەڵەبجەیی، تەمەنی 25 ساڵە و دەرچووی پەیمانگەیە و بەم جۆرە باسی ژیانی خۆی بۆ گوڵان دەكات. «لە خێزانێكی رۆشنبیر چاوم بە ژیاندا هەڵهێناوە و باوكم راگەیاندنكارە، دوای تەواوكردنی خوێندن و دانەمەزراندن، بیرم لەوە كردەوە وەك هەر تاكێكی كۆمەڵگە و وەك كچێكی خاوەن ئیرادە و توانا پڕۆژەیەكی تایبەت بە خۆمم هەبێت و ببمە خاوەن كاری خۆم، لەم روانگەیەوە خێزانەكەم زۆر پاڵپشتییان كردم، بەتایبەتی دایكم و باوكم و مامە و مامۆژنیشم، لەبەر ئەوە لە خولی فێربوونی دروومان بەشداریم كرد، جگە لەوەش هەر لە منداڵییەوە بەهرەی وێنەكێشانم هەبوو، ئێستاش زۆرجار دیزاینی جلوبەرگەكان خۆم دروستیان دەكەم، پاشان بڕیارم دا لە ناو ماڵەكەماندا كاری دروومان بكەم، هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە ئیتر گەورە بووم و پێویستە برەو بە تواناكانم بدەم، بۆ ئەوەی پێویستیم بە یارمەتیی كەس نەبێت و بتوانم بژێوی ژیانی خۆم پەیدا بكەم و لەسەر پێی خۆم بوەستم.»
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئامانجت بۆ داهاتووی كارەكەت چییە؟ گوتی: «خەونی من بۆ داهاتوو ئەوەیە پڕۆژەكەم گەورەتر بكەم، بۆ ئەوەی چەندین خانمی دی بخەمە ناو پرۆسەی كار، تا ئەوانیش داهات بەدەست بێنن و خاوەنی ئابوورییەكی سەربەخۆ بن.» گوتیشی: «هەرچەندە ئێستا لە سەرەتای كارەكەمدام، بەڵام ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە لە بەرنامەی كارەكانمدایە.»
كاتێك داوای لێ كرا، لە دواوتەیدا پەیامێكی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان و بەتایبەتی بۆ خانمان هەبێت، گوتی: «لێرەوە هەر لە رێگەی گۆڤاری گوڵانەوە بە خانمان دەڵێم كە ئەوانیش هەوڵ بدەن تواناكانی خۆیان دەربخەن و، بچنە مەیدانی كار و بوونی خۆیان لە مەیدانی كار بسەلمێنن، چونكە هەر كاتێك ئافرەت خاوەنی كار و داهاتی سەربەخۆ بێت، ئەوا لە كۆمەڵگەدا لە رووی كۆمەڵایەتییەوە پێگەیەكی باشی دەبێت، ئەوەش وادەكات لە ئیستیغلالكردن و چەوساندنەوە بە دوور بێت».