لە هەولێر خۆم بە ئاوارە و غەریب نازانم، خەڵكەكەی مەرد و میواندۆستن و هاوكاری كەسانی هەژار و لێ قەوماو دەكەن
February 1, 2021
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
لە ئێوارەیەكی ساردی زستاندا، پیاوێكی بە تەمەن بە گۆچانێكەوە لەسەر شۆستەی شەقامی تازەی بنەسڵاوە بە دیار كەلوپەلەكانی وەستابوو و چاوەڕێی كڕیارێكی دەكرد گسكێكی لێ بكرێت، موحسین عەبدوڵا تەمەن 60 ساڵ، ئەو لە دایكبووی شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستانە، چەند ساڵێكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە و ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە، موحسین عەبدوڵا بۆ پەیدا كردنی بژێوی رۆژانەی خۆی و خێزانەكەی لەسەر شەقامەكانی شار گسك دەفرۆشێت، وەك خۆی باسیدەكات كوڕەكانی هیچ هاوكارییەكی ناكەن.
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ پەیامنێری گۆڤاری گوڵان، ئاماژەی بەوە كرد كە:»هاوژینم ماوەی سێ ساڵە ئەمری خوای كردووە، چوار كوڕم هەیە سێ كوڕم هاوسەرگیرییان كردووە و ئەوان بە تەنیا دەژین و بەهۆی سەختی ژیانكردن هیچ هاوكارییەكم ناكەن و لێم ناپرسن، كوڕە بچووكەكەشم لەگەڵ خۆم دەژی، ئەو منداڵە توانای كاركردنی نییە، لەئێستاشدا هەردووكمان لە دارەتوو خانووێكمان بە 100 هەزار دینار بەكرێ گرتووە، رۆژانە گسك دەفرۆشم و ئەو گسكانە بە دەستەكانی خۆم دروست دەكەم و لێرە دەیانفرۆشمەوە، شاری هەولێر زۆر خۆشە و هەرگیز لێرە خۆم بە ئاوارە و غەریب نازانم، خەڵكەكەی مەرد و میوان دۆستن، هەروەها هاوكاری كەسانی هەژار و لێ قەوماو دەكەن:».
سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی لە رۆژئاوای كوردستان، موحسین عەبدوڵا دەڵێت: «لە رۆژئاوای كوردستان لە (سەرێ كانی) خانوو و زەوی كشتوكاڵیم هەبوو و بە ئاژەڵداری و جوتیاری خەریك بووین، بەڵام ئەو زەوییانە هەمووی داگیر كران و ئێستا بێ ماڵ حاڵم، لەبەر ئەوە بیر لەوە ناكەینەوە جارێكی دی بگەڕێینەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا كە سەلامەتین، گرنگ ئەوەیە سەر سەلامەت بێت ماڵی دنیایێ دێت و دەڕوات».
موحسین عەبدوڵا لە كۆتایی قسەكانیدا وێڕای رێز و سوپاسی بۆ خەڵكی شاری هەولێر، گوتی: داواكارم لە خوای گەورە كە هێز و توانام پێ ببەخشێت و بتوانم بە رەنجی شانم بژێوی رۆژانەی خۆم و كوڕە بچووكەكەم پەیدا بكەم، لێرەوەش داوا لە كەسانی خوا پێداو دەكەم كە دەستی یارمەتیم بۆ درێژ بكەن، چونكە نان پەیدا كردن بۆ كەسێكی بە تەمەنی وەك من لە رۆژگارێكی وەك ئەمڕۆ زۆر سەختە»،