پیاوان لە رۆژانی کەرەنتین کاتەکانیان چۆن بەسەر دەبەن؟

پیاوان لە رۆژانی کەرەنتین کاتەکانیان چۆن بەسەر دەبەن؟
رێپۆرتەر: تارا گوڵان
پەتای نەگریسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩) کە زۆربەی وڵاتانی جیھانی گرتەوە، ھەزاران کەسی بە پیر و گەنجەوە کردە قوربانی، ئەو ڤایرۆسە لە ھەرێمی کوردستان، بە بەرنامەیەکی تۆکمەی حکومەت بە باشی کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام ھەندێ کەس و لایەن یان نەزانانە، یان دژبەرانە خەڵکیان ھان دەدا، حیسابی بۆ نەکەن، ئەوەش گرفتەکەی گەلێ گەورە کردەوە. ئەگەر واز لەو ھاوکێشانە بھێنین و، سەیری رۆژانی کەرەنتینە و مانەوە لە ماڵەکان بکەین، دەبینین پیاوان زۆرترین ئاریشەیان ھەبووە، بەتایبەتی کە زۆربەیان بەوە رانەھاتوون کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە بمێننەوە، لەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان، باسی چۆنیەتی ئەو گوزەرانە دەکەین.


سەرتا عیماد ئەحمەد چالاکی مافناس دەڵێت: "سەبارەت بەو بارودۆخەی کە خەڵک بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی تووشی ھاتن، ئەویش کەرەنتینکردن بوو لە ماڵەوە بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە وای کرد کۆمەڵێک گرفت دروست بێت لەبەردەم خەڵک، بۆ بەڕێکردنی ژیانێکی ئاسایی کە خەڵک بە شێوەیەکی گشتی بۆ ماوەیەکی زۆر لەماڵ بمێننەوە، ئەوەی زیاتر بووە مایەی گرفت بۆ پیاوان، بەتایبەتی کە ئەو ماوە زۆرە لە ماڵەوە بەسەریان برد، ئەمە خۆی لەخۆیدا کێشەیە بۆ پیاوان، چونکە وا ڕاھاتوون زیاتر لەدەرەوە بن، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەر شانیان و کات بەسەربردن لەگەڵ ھاوڕێیانیان، بەڵام ئەگەر لایەنە باشەکەی ئەم کەرەنتینەیە لێک بدەینەوە، دەبینین ماوەیەکی زۆر دەبێت ھاوسەران بەشێوەیەکی گشتی بەیەکەوە لەماڵەوە کۆ نەبوونەتەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ ئەوەی زیاتر کاتی ئەوەیان ھەبێت قسە لەگەڵ یەک بکەن، یان باسی ژیانی خۆیان بکەن و ، زیاتر لە یەکتر تێ بگەن و، چارەسەری ئەو کێشانەش بکەن، کە زوو زوو بەرۆکیان دەگرێت لەژیانی رۆژانەیان بۆ ئەوەی ڕێگایەکی راست دروست پیشانی منداڵەکانیان بدەن، کە پێشتر ئەو کاتەیان بەردەست نەبوو وەک پێویست ئامۆژگاریان بکەن، لەلایەکی ترەوە بۆ پیاوان دەرکەوت مانەوە لەماڵەوە لەنێو چوار دیوار چەند سەختە و جێبەجێکردنی داواکانی پیاو و منداڵ چەند سەختترە وەک ئەوەی ئەوان بیریان لێ دەکردەوە." باسی ئەوەشی کرد کە ئەو دیاردەیە، لە رووی دەروونییەوە چەندین کاریگەری لەسەر ئافرەتان ھەبووە، بەوەی کە "زیاتر بۆ ماوەیەکی زۆرتر کاتەکانی ژیانیان لەنێو چواردیواری ماڵەوە لەگەڵ ھاوسەریان بەڕێ بکەن." گوتیشی: "مانەوەی پیاوان بۆ ئەو ماوە زۆرە لە ماڵەوە بێ ئیش و کار و نەبوونی مووچە و بژێوی ژیان وای کرد، پیاوان تووشی زۆر گرفت ببنەوە لە لایەن ھاوسەرەکانیان لەبەر جێبەجێنەکردنی داواکانیان، ئەمەش بەھۆی قەیرانی دارایی و لە سەرووی ھەموویانەوە تەندروستیی ژیانیان لەبەر ئەو ڤایرۆسە کە بە سەدان ھاووڵاتی تووشی بوون و ژمارەیەکیان گیانیان لەدەست دا، بۆیە ئەگەر سەیرێکی دادگاکان و بنکەکانی پۆلیس و نووسینگەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بکەین، دەبیینین لەو ماوەیەی خەڵک کەرەنتین کرابوون، چەندان سکاڵا تۆمار کراون لەلایەن ئافرەتانەوە لەسەر ھاوسەرەکانیان و ھەریەکەو بە ھۆکاری جیا جیا."
دلزار عەبدوڵا چاودێری سیاسییە و سەبارەت بە ھەمان پرس رایوایە: "بڕیاری کەرەنتینەکردن لەلایەن حکومەتی ھەرێم بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشیی کۆرۆنا بڕیارێکی پێویست و گونجاو بووە و، لەئەنجامی ئەو بڕیارە گۆڕانکاری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک رووی داوە، بەتایبەت بۆ پیاوان، بە حوکمی ئەوەی پیاوان زیاتر ئەرکی دەرەوەیان لەسەرشانە، وەک دەوام و کارکردن و کەمتر لە ماڵەوەن، بۆیە ئەو ماوەیە بۆ ھەندێکیان ژیان سەخت بووە، ئەوەش پەیوەست بوو بە چەند فاکتەرێک وەک فاکتەری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرھەنگی و ...ھتد، واتە بۆ چەند ئاستێک ژیانی پیاوەکان پۆڵێن دەکرێن لەو بوارەدا، بۆ بەشێکیان ھەلێکی زێرین بوو بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیان وەک کاری ھونەری و نووسین و وەرگێڕان و ...ھتد، بەشێکی دی لە رووی ئابووری ژیانی خراپ بوو، ئەوەش بەگشتی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانەکە ھەبوو. بە ھەموو پێوەرەکانیش ئاستی رۆشنیری و خۆشەویستیی تاکەکانی خێزان و تێگەیشتنی ھاوبەش و باری ئابووریی گونجاو، خێزانێکی بەختەوەر و کامەران پێکدەھێنی، بۆ ژیانی ھاوسەرێتی خۆشەویستیی زیاتر ڕوو دەچێتە ناخی مرۆڤەکان."
پارێزەر بەھێز خۆشناو، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "لە رۆژانی کەرەنتین کە بەناچاری لە ماڵەکانمان بووین، وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان زیاتر بە ھەواڵەکانی ئەم پەتایە سەرقاڵ بووین، بێگومان بێکاری و بەردەوام بەرامبەر یەک دانیشتن و بەناچاری لە ماڵەوە مانەوە، لەباری دەرونییەوە کاریگەری نەرێنی خۆی ھەیە و، رەنگدانەوەی لەسەر ھەڵسوکەوتی ھەمووان دەبێت، بەشێکی گرفتەکانی رۆژانی کەرەنتینە پەیوەندیی راستەوخۆی بە چەند لایەنێکەوە ھەبوو، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی لە لایەنی ئابووری و دارایی بژێویی ژیانیان لەسەر کاری رۆژانە بوو، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر زیاتر بووە لەوانەی خواپێداوبوون، بەشێکی دیکەش پەیوەندی بە لایەنی رۆشنبیریی خێزانەوە ھەبووە، بێگومان ئەوانەی ئاستی رۆشنبیرییان بەرزتر بووە، گرفت و ئارێشەیان کەمتر بووە، بەھۆی دانانی بەرنامەی رۆژانە بۆ خوێندنەوە و وەرزش و خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە ئاژاوە نانەوە." سەبارەت بە ژیانی خۆیشی گوتی: " من رۆژانە زیاتر کاتەکانم بە تۆڕە کۆمەڵایەییەکان و خوێندنەوەی بابەتەکان و چاودێریی ھەواڵەکان و یاری ئەلەکترۆنی بەسەر دەبرد."
Top