لە رۆژی جیھانی کرێکاراندا فەراھەمکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ کرێکاران . . . ((ڕێبین كەبابچی))

لە رۆژی جیھانی کرێکاراندا فەراھەمکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ کرێکاران  . . . ((ڕێبین كەبابچی))
لە رۆژی ١ی ئایاردا رۆژی کرێکارانی جیھان جگە لە رێز و خۆشەویستی ھیچی دیکە شک نابەم بە باڵای کرێکارە ماندوونەناسەکانی کوردستان بکەم، ئەم رۆژە لە خۆم و لەھەموو کرێکارانی جیھان و بە تایبەت کوردستان پیرۆز دەکەم، من ناوم ڕێبین یوسف جەمیل پیشەم وەستای کەبابم منیش وەک ھەموو کاسبکار و کرێکارێکی سەربەرز بەخۆشحالیەوە ڕۆژانە ماوەی ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر کاردەکەم لەناو رێستورانتدا لێرەدا ئەوەی شایەنی باسەو ھەموو دەزانین ماوەیەکی زۆرە ھەرێمی کوردوستان و جیھان بەگشتی بەقەیرانێکی دارایی و ئابووری سەخت تێدەپەرێت، ئەویش بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە وایکردووە روو بەرووی کێشەی ماددی و مەعنەوی ببینەوە، ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو زەرەرە ئابورییە و بەقۆناغێکی سەخت و ناخۆش تێدەپەرێت، ئاشکرایە گەر بەم شێوە بمێنێتەوە ئەوا ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردوستان ڕوو بە رووی نەھامەتیەکی گەورە دەبێتەوە و بژێوی ژیانمان و خێزانەکانمان لەئاستێکی مەترسی داردا دەوەستێتەوە، رەنگە ئەمەش ببێتە ھۆی لێک ترازاندن و ھەڵوەشاندنەوەی چەندین خێزان، لە کۆنەوەش گوتراوە (کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە)، لەبەر نەبوونی بژێوی ژیان کێشە و گرفتەکانی ناو خێزان رۆژ لە دوای رۆژ زۆرتر و زیاتر دەبێت، چونکە رۆژ بەرۆژ ئیش و پارە کەم دەبێتەوە، تەنانەت وابڕوات ھیچ کەسێک ناتوانێت نەپارە پەیدا بکات نەکرێی خانووەکەی بدات، لەبەر ئەوەی تۆ ھیچت دەست ناکەوێ ئەوەی کڕیاریشە و ئەوەی ئیشت دەداتێ لەھەمووان قورستر زەرەری بەر دەکەوێ، بۆیە من دەڵێم لە بەینی خێزانەکاندا دەرگایەکی داخراو ئەبێت تەنھا یەک کلیل دەیکاتەوە، ئەویش ئەوکاتەیە کە ھەر تاکێکی ناو کۆمەڵگا و جیھان بتوانێت بژێویەیی تێرو بێ کەم و کورتی دەست بکەوێ، تا لەڕووی کێشەکانەوە دوور بوەستێتەوە، لەھەمان کاتدا میللەت چاوی لە دڵسۆزی و پاڵپشتی و خەم خۆری دەستی حکومەت دەبێ بۆ دابینکردن و تەواو کردنی ھەر کەم و کورتییەک لە ئاست تەنگیەکاندا، لێرەدا تەمەنا دەکەم ھەر تاکێک لەئێمە لە ئاستێکی باشدا بگوزەرێت چیتر بەجەستەو بەڕۆح و بەدڵ ماندوو نەبین، پێویستە ھەموو پاپەند بین بە ئەرکی خۆمان وخۆشی باڵ بکئشێ بەسەر ھەموواندا پەنا بە خوای گەورە ئەم دۆخە مەتریدارەش تێ دەپەڕێت و ژیانمان ئاسایی دەبێتەوە.
Top