وڵاتی ھۆڵەندا مەدالیای شاھانەی وڵاتەکەی بە ئافرەتێکی کورد دەبەخشێت

وڵاتی ھۆڵەندا مەدالیای شاھانەی وڵاتەکەی بە ئافرەتێکی کورد دەبەخشێت
خاتوو (گوڵێ عەبدول رەحمان) ناسراو بە (گوڵاڵە پشدەری) وەک ئافرەتێکی تێکۆشەری کورد و ژیانی پڕ لە خەبات و تێکۆشان، لەدوای جێھێشتنی زێد و نیشتیمانیبوونی بەرەو ھەندەران، ساڵانێکە وەک فریشتەی تەندروستی و یاریدەدەری پزیشکی کاردەکات لە نەخۆشخانە شێرپەنجە، چالاکوانێکی خۆبەخشە لە ڕیکخراوە مەدەنیەکانی ئەو وڵاتە کە لەم بوارەدا خزمەت بە تەندروستی مرۆڤ دەکەن، بەھۆی دڵسۆزی و ھاوکاری نەخۆشەکانی شێرپەنجەوە، بووە ھەڵگری مەدالیای شاھانەی وڵاتی ھۆڵەندا.
رۆژی ھەینی ٢٤ ی ٤ ی ٢٠٢٠ پارێزگاری شاری ئەمستەردامی پایتەختی ھۆڵەندا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە خاتوو گوڵاڵەی ڕاگەیاند کە لەدوای تەواو بوونی باری نائاسایی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مەڕاسیمێکی شایستەدا مەدالیاکەی پێدەبەخشرێت.
ئەوەی شایانی باسە ئەم خاتوونە لە ھەموو کار و چالاکییەکانیدا جەختی لە کوردستانیبوونی خۆی کردووە و وەک ئافرەتی کورد خۆی ناساندووە .
لەمبارەیەوە خاتوو گوڵاڵە پشدەری بە گوڵانی راگەیاند:"رۆژی ھەینی ڕێکەوتی ٢٤ینیسانی ٢٠٢٠،لە خولەکەکانی کۆتایی سەر لەبەیانی ڕۆژدا سەرسام کرام بە زەنگی تەلەفۆن کە ئەو دەنگە بە گوێم دا زۆر ئاشنا بوو.
سەرەتا وامزانی یەکێک لە ھاوکارانی پزیشکی خانەوادە(ھاوس ئارتس)ە کە ھەواڵیکی پشکنین لەبارەی بارودۆخی تەندروستی خۆم پێ ئەدات وڕاوێژ ئەدات. بەڵام لە درێژەی قسەکانیدا گوتی ئەمن فێمکە ھاڵسێمام، پارێزگاری شارەوانی ئامستردام، مژدەیەکی تایبەتم لە لایەن خاوەنشکۆی ھۆڵەندا بۆت پێیە!.منیش واقم وڕما و لە مێشکی خۆمدا ھێنام وبردم و نەمتوانی لێکی بدەمەوە بۆچی و دەبێ ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە وئەو پەیامە واتای چی بێت. ئینجا گوتی بەناوی پاشا ویلیەم ئەلێکساندەر تۆ ھەڵبژێردراوی بۆ ڕێزلێنان واتە میدالیای شاھانەت پی دەبەخشرێ. گوتیشی میدالیاکەی تۆ میدالیایەکی ئاسایی نییە و لە جۆری بەرزە
Ridder in de Orde van Oranje-Nassauواتە ھەڵگری شانازی سوارچاکی ماڵباتی شاھانە:
گوتیشی ھەرچەندە دەبوو لە مەڕاسمێکی شکۆھداردا ڕیوڕەسمەکە لە ئامستردام بە ئەنجام بگات بەڵام بە ھۆی قەیرانی پەتای کۆڤید ١٩ ئێستا لەکاتی خۆیدا ناکرێت وئەو مەڕاسمە دەخەینە کاتێکی تر ھەر لەوساڵەدا وئارەزوو دەکەم دوایی بە شەخسی خۆم میدالیاکەت پێوە بخەم.بەڵام بە .
.Staatscourant دەبوو ئیمڕۆ پێتی ڕابگەیەنم.ھەروەھا لە بەیانیشەوە ناوت بە فەرمی دەچیتە ناو تۆمارەکانی فەرمی حکومەت."
گوڵاڵە پشدەری خاوەنی خەڵاتی شاھانەی ھۆڵەندا بە درێژەی قسەکانیدا ھێمای بۆ ئەوە کرد:" بەڕاستی بەو میدالیایە شاھانە سەربەرزم وەک کوردێک بە گشتی وەک ژنێک بەتایبەتی، شایانی باسە کە میدیالیا بۆ ئەو کەسانەیە کە کاریگەری ئەرێنی وبە سوودییان ھەیە لەسەر باشتر وبەھێزکردنی کۆمەڵگە.میدالیاکانیش چەندین جۆر و دەرەجەبەندی ھەیە و کەسەکان بە گوێرەی پلە وڕاددەی چاکەکارییان جودا دەکرێنەوە.
ئەمساڵ سەکتەری تەندروستی زیاترین ڕێژەی میدالیایان وەبەر کەوتووە.
دەپرسن بۆچی بۆ من؟
ئەمن دوایی تووشبوونم بە شیرپەنجەی مەمک و دوایی ماوەیەکی زۆر ھاتووچۆم بۆ لای پزیشکەکەم کاتێ خۆی وپشت گوێخستنم لەلایەن ئەو پزیشکەوە ئەمن بڕیارم دا ھەر لەکاتێ سەرقاڵبوونم بە چارەسەری لە ٢٠٠٧دا کار لەسەر باشتر کردنی بارودۆخی نێوان ژنانی کۆچبەر وپزیشکان و تەندروستی بکەم و ھاوکار بم کە کێشەی تەندروستی(کێشەکانی ژنانە وەک نەخۆشییەکانی مەمک) ژنانی کۆچبەری ھۆڵەندا بایەخی پێ بدرێت و ئاسانکاری ھەبێ لە ڕێگەی دۆزینەوەی نەخۆشی وچارەسەریکردنی.لە لایەک وەک تووشبوو وھاوچارەنووس و لە لایەکی ترەوە وەکو پەرستیارێکی ئاکادیمی کارکرد و لە بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئاکادیمی (ڤیو ئیم سی) گەورەی ئامستردام دەستم بە کاری ڕێکخراوەی وخۆبەخشانە کرد لەو ڕێگەیەدا.لە خۆمەوە دەستم پێکرد.پێشتریش کارم لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاری تەندروستی لەسەر ئەو بابەتە کردبوو بۆ مەڵپەڕەکانی کوردی و یان بە شێوەی بەخشینی زانیاری لە کۆڕ وسیمیناردا بۆ خانمانی کورد لە ھۆڵەندا.
دواتر باسی کێشەکانی خۆم و بەربەستەکانم بۆ دۆزینەوەی گرێ وئینجا ھاتنە ناو ڕاگەیاندنەکانی ھۆڵەندی بە ڕۆژنامە، گۆڤار وچاوپێکەوتنەکانی تەلەفزیۆنیش دەنگم زیاتر بە بەرفراوانتر بە ھۆڵەندییەکان و دانیشتوانی ھۆڵەندا وجیھان گەیشت.
کاروچالاکییەکانم پەلی ھاویشتە کوردستانیش و ھاوکاریکردنی چارەنووسانم لە کوردستان خاڵیکی گرینگە لە بایەخدانی ھۆڵەندییەکان کە دەیبینن وخۆیان ھاوکارم بوون لە کۆکردنەوەی مەمکەکانی دەستکرد بۆ کوردستان و بە کڕینی پەڕتووکەکەم.
بەڵام ئەڵنبەتە ھۆڵەندییەکانیش سەرەتا بەرژەوەندی دانیشتوانی خۆیان ئەژمار دەکەن وتەنھا میدالیا نابەخشن کە کاروچالاکی لە کوردستاندا بێت. کاروچالاکییەکانم بێ سنوورن لە ھۆڵەندا، لە ھەر جێگایەک ولەھەر بارودۆخێکدا ھاوکاری من پێویست بووبێت ئامادە بووم بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی شەخی خۆم وخۆبەخشانە. بۆ نموونە بەخشینی زانیاری لەسەر لایەنی خۆپاراستن ونیشانەکانی ئەگەری کێشەی مەمک گگرێی شێرپەنجەیی لە ئامستردامەوە تاکو ئارنھێم و برێدا ڕۆیشتووم بە خۆشحاڵییەوە و ھەروەھا بەخشینی زانیاریم نە تەنھا بۆ خانمانی کورد بەڵکو بۆ گروپی خانمانی کۆچبەر لە ھۆڵەندا وەک تورک، مەغریبی وفارس-یش بووە.
ھەروەھا ھەفتانە کۆبوونەوەی ھاوچارەنووسان دەگێڕم لە ئامستردام وھەر ھەفتە جارێک باسی بابەتێک دەکەم کە پەیوەستە بە نەخۆشییەکە وپرسیارەکانیان وەڵام ئەدەمەوە یاخود ڕێنماییان دەکەم بە ڕاویژ چ بکەن.لە پەنا ئەوانەشدا لەگەڵ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە دەکەم و لەوێ بە پێی پێویست وەرگێڕانی زمانیان بۆ دەکەم یاخود دەستەواژەی سەختی پزیشکی وەردەگێڕمە سەر زمانی کوردی/فارسی.ھەروەھا لە چالاکییەکانی ساڵانەی ڕێکخراودا بەشدارم بە خۆناساندن بە نەخۆشانی نوێ و ھاوکاران لە نەخۆشخانەکان ودام و دەزگاکانی ھاوکار.
ھەتا لە ماڵێ خۆشمدا وەک ڕاوێژکارێکی تەندروستی وئەندامی ڕێکخراوی ماماڕۆزای ئامستردام وئەمدامی چالاکی کۆمەڵەی ژشێرپەنجەی مەمک ھۆڵەندا ڕۆژانە سەرقاڵم چ لە ھۆڵەندا و چ خانمانێک لە ئەوڕوپا و چ خانمانی کوردستان.لە کۆتادا ساڵانە دەبێ وانەی ڕاھێنان چۆنییەتی بەخشینی زانیاری وکۆر بە فێرخوازانی خۆبەخشی نوێ بدەمەوە و ئامادەیان بکەم بۆ داھاتوو کە کاری وەک من بکەن.
لە پەنای سەکتەری تەندروستیشدا،ھەروەھا لەگەڵ ڕێکخراوێکی تر ھاوکارم کە وەک پەڕتووکێکی زیندوو بە شارەکانی ھۆڵەندادا بە بەرنامەی داڕێژراوی ساڵانە لە کتێبخانەی شارەکان مێزگرد دەکەیین بە بابەتی جۆراوجۆر وەک تەندروستی،پەروەردە،سیاسی وئایینی...ھتد.ئەمن دوو بابەتم ھەیە کە لەسەرییان قسان بکەیین لەگەڵ ئەو کەسانەی دێن و بابەتی منیان دەوێ.بابەتەکانم:شێرپەنجەی مەمک و پەنابەری.لەھەردووکیان دا شارەزام و زانیاری بەکەڵک وپێویست بە خوێنەرەکانم بە قسەکردن دەبەخشم نەکو بە نووسین و لەھەمنا کاتیشدا خوێنەرم گەرماوگەرم وەڵامی پرسیارەکانی وەردەگرێتەوە.
و مەبەستی ئەوەیە کە مرۆڤ بە دیالۆگ دەتوانێت لێک تێبگات و گۆشەنیگای بەرفراوانتر بێت بۆ بابەتە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا.Mensenbiebناوی ڕێکخراوی پەرتووکی زیندوو:
جێگەی ئاماژەیە کە ساڵانی ڕابردووش بەربژێر بووم وەک باشترین چالاکوانی ساڵ لە سەر تەندروستی و دووجاریش لە ٢٠١٢ و ٢٠١٩ دا شەڕەفی کردنەوەی بۆرسەی ئامستردامم پێبەخشراوە بەڵام ئەوجارەیان جیاوازە و خەڵات وڕێزلێنانەکەم لەسەر ئاستی وڵاتە و ئەڵبەتە گەورەترە و ھەتا بە خاتوو فێمکەی پارزێگارم گوت:ئای خوایا ئەمن کچە کوردێکی پەنابەری عێراقی بووم و دوورخرابوومەوە لەگەڵ خانەوادەکەم لە باشووری ئێران پێش زیاتر لە ٤٠ ساڵ و ئەوسا لە کتێبی فارسی مدا پۆلی دووھەم وانەیەکی تێدا بوو لەبارەی ھۆڵەندا کە وڵاتێکە بە گوڵ وئاوی زۆرەوە وداستانی پوتریک کە پەنجەی دەخاتە ناو کوونێک کە لە بەندا ئاو دا بووە و ئەو کوڕە بچکۆلە وایزانیوە ئەگەر پەنجەی بخاتە ناو کوونەکە و بیگرێت ناتەقێ و ئاو خەڵک نابات.بەڵام ئەمن ئەوکاتە منداڵ بووم و وامدەزانی دونیا بریتییە لە ئێراق و ئێران.ھەرگیز نەمدەزانی ھۆڵەندا ھەیە و دەمگوت دەبێ ئەفسانە بێت؟،بەڵام وا ئیمڕۆ تۆ ئەو مژدە خۆشەم پێ ئەدەی کە ھۆڵەندای خۆسەویستی من کە یەکەم پاساپۆرتی ژیانی پێ بەخشیوم ئە وکچە کوردە پەنابەر و ستەم دیدە خەڵات دەکات،ئەو ڕێزلێنانەی شاھانە بۆ من ئەوپەڕی شانازیمە و کەمێک لە برینەکانی کۆن بەھۆی سیاسەت و ڕاونانمان وەک کورد ساڕێژ دەکات.دەشبێ ئەوەش بڵێم کە ئەمن تەنھا نموونێکم و زۆربەی کورد لە من زیاتر ئازاری بێ وڵاتی دیتووە.ھەروەھا دڵخۆشم کە خۆشەویستی من بۆ ھۆڵەندا و کاروچالاکیم ڕێزی لێ دەگیرێت و ھاندەرمە بۆ زیاتر وباشتر بەردەوام بوون لە چاکەکاریدا.
.
Top