تواناسازی ژن بۆچی ؟ . . . (( ئیراد منوچر سان ))

تواناسازی  ژن بۆچی ؟ . . . ((   ئیراد منوچر سان ))
تواناسازی ژن Women Empowerment ئەو پرۆسەیە کە جەخت لەسەر بەشداری ژن لە پرۆسەی بڕیاردان و بەشداری پێکردنی دەکاتەوە، لە کایەکانی سیاسی و ئابوورییشدا ئەو توانایە بداتە ژن کە خاوەن داھاتی خۆی بێت و بەشداری لەبڕیارە ئابووری و فەرمییە چارەنووسازەکان بکات.
دیارە تواناسازی خۆی پرۆسەی خولقێنەری توانایە بۆ تاکەکان و کۆمەڵگا، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ژن دەبێت لەم پرۆسەیە دەرفەتی پێبدرێت، بەجۆرێک بە ئاسانی دەستی بگات بەو ھەلانەی کە بەردەستە بەبێ بەربەست و ئاستەنگ، وەک ھەلی خوێندن و پیشە و شێوازی ژیان.
پێویستە لەم ڕوانگەیەوە ژن ئەو ھەستەی بۆدروست بێت کە ئەو مافی تواناسازی ھەیە ودەتوانرێت پێگەی لەم رێگەیەوە بەرزبکرێتەوە، کە خۆی لە ڕۆشنبیرکردن و بەرزرکرنەوەی وشیاری و خوێندن و ڕاھێنانی بەردەوام دەبینێتەوە، ھەروەھا ڕێگە پێدان بە بەشداریکردنی لە پرۆسەی بڕیاردان لەوگرفتاریانەی کە کۆمەڵگا پێوەی دەناڵێنێت .

سەڕەرای ئەوە گرنگە لە پرۆسەی توانسازی ناساندن بۆ رۆڵی چەمکی جێندەر بکرێت، کە کاریگەری گەورەی لە سەر ژن ھەیە، چونکە تواناسازی ژن و یەکسانی جێندری دوو پایەی گرنگن بۆ کومەڵگا بۆ دڵنیابوون لە گەشەپێدانی بەردەوام sustainable development کە یەکێَکە لەو پرۆسە جیھانگیرییەی ئەمڕۆ کە کاری لەسەردەکرێـت.
ئەگەر چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام لە سەر ئاستی تاک وەربگرین بەمانای گەشەی خودی تاک بۆ خۆی دێت لەگەڵ گەشەپێدانی توانای مەعریفی و ڕۆشنبیری، بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ ژیانی مۆدێرین ئەمڕۆدا.
تەنانەت لەسەر ئاستی کۆمەڵیشدا نەھێشتنی ھەژاری و گەشپێدانی ئابووری و بەگژداچوون بە نایەکسانی جێندەری و گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە دەگرێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە دۆزەکانی پاراستنی ژینکە و گەەشپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە بەبێ تواناسازی ژن ئامانجەکانی نایەتی دی، تا ئەو کاتە ژن ئەو ھەستەی بۆ دروست نەبێت، کە ئەویش گرنگەو لەم پرۆسەیە وەک پیاو کاریگەری ھەیە، چونکە پرۆسەی گەشەی بەردەوام ھیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە ئەگەر ھەردوو ڕەگەزی مرۆڤایەتی بەشدارنەبن.
ھەروەھا دۆزی گەشەپێدانی توانای ژن چەمکی یەکسانی جێندەری دەبێت بەھەند وەربگرێت، چونکە ناتوانرێت بەبێ ئەو چەمکە گۆڕانکاری لە ئاستی کۆمەڵدا بکرێت، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە توێژەران لە سەر ئەوە کۆکن کە تواناسازی بۆ ژن ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە و پشتیوانیشە بۆ پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام.
توناسازی بە دوو پرۆسەی گرنگ گرێدراوە ئەویش: توناسازی ئابووری و تواناسازی سیاسی.
کەباس لە تواناسازی ئابووری بۆ ژن دەکرێت، واتە ژن دەستی بگات بە پڕۆگرامە فەرمییەکانی دەوڵەت و توانای جووڵەی بۆ دەرەوەی ماڵەکەی ھەبێت، خاوەن ئابووری سەربەخۆ بێت و توانای فرۆش و کڕین ھەبێت.
لە ڕاھێنانی پیشەی ژنان پشتیوانی بۆ دەستەبەربکرێت، بۆ ئەوەی بگاتە دەروازەی بازاڕە فەرمییەکان، کە ھاوکارە بۆ ئەوەی ژن بگاتە مافی کۆنترۆڵ و سوود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی دارایی و توانای بەرێوەبردنی مەترسی و ریسکەکانی ئابووری ھەبێت.
زۆرێک لە ڕاسپاردەکان بۆ پشتیوانی لە دۆزی تواناسازی ئابووری ژن داوای رەخساندنی ھەلی خوێندن و ڕۆشنبیرکردنی ژنان دەکەن، لەگەڵ ھاندانیان بۆ ئەوەی مافی میرات و زەوی وزار وەربگرنەوە کە ھۆکارن بۆ خاوەندارێتی موڵک سەرمایە لەلایەن ژن کە کاریگەری ئەوتۆی ھەیە بۆ نەھێشتنی نایەکسانی جێندەری. لەلایەکی دیکەوە پێدانی ھەلی کار و ژینگەی کاری پۆزەتیڤ دتوانن لە تواناسازی ئابووری ژن ڕۆڵی گەورە بیین.

ئەوەی ئێستا کاری لەسەردەکرێت لە جیھاندا بۆ تواناسازی ئابووری ژن لە وڵاتە ھەژارو تازە پێگەیشتووەکان پێدانی قەرزی بچووکە و
بە مایکروکردیت ( microcredit ) ناودەبرێت، کە ئامانج بەھێزکردنی ژنە لە ناو کۆمەڵگا لە ڕێگە پێدانی قەرز و وەرگر تنی کەمترین سوود بۆ ئەوەی ھانی ژنان بدرێن کار لە کایەی بازرگانیدا بکەن. ھەرچەندە تا ئێستا لە پرۆسەی پێدانی قەرزی بچووک مشتومڕی زۆری لەسەرە ڕەخنەی لەسەر لەو ڕوانگەیەی کە ِریگرە کلتووریەکانی ژن لە بەرچاو نەرگرتووە، کەئەویش ھەیمەنەی دارایی پیاو لە خێزاندا و دەکرێت بە ئاسانی ئەو قەرزەی دەدرێتە ژن بۆمێردکەی بڕوات، چونکە ئەم پێدانی قەرزە ژنی نەبخشیووە لە پابەند نەبوونی لە کاروباری ماڵ و بەم ھۆیەشەوە کەمترین چالاکی لە بازاڕی کاردا ھەیە.

لە تواناسازی سیاسیدا کەمەبەست لێی کارکردنە بۆدانانی سیاسەتێک کە باشترین پشتیوانی بێت بۆ یەکسانی جێندەری و نوێنەرایتی ژن لەھەردوو فەزای گشتی وتایبەتدا، باوترین ڕیگە کە پێشنیار کراوە بۆ ئەم دۆزە پەیڕەوکردنی ( سیستەمی کۆتا) یە بۆ ژنان لە پێگەکانی بڕیاردانی سیاسی و پەرلەماندا. بۆ نموونە بۆ زانینی بەرئەنجامی سیستەمی کۆتا لە ساڵی ٢٠١٧ بە پێی ڕووپێویەک کە کراوە، تێکڕای گشتی ئەو ژنانەی لە جیھاندا لە پۆستی ئەندام پەرلەمانی نزیکەی ٢٣.٦% دەستیان بەکار کردووە، لەم ڕوانگەشەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاستە لە بەشداری سیاسی ژن بەرزتر بکرێتەوە، پێشنیار کراوە کە دەرفەتی زیاتر بدرێتە ژن بۆ دەنگدان و گوێ لە ڕاوبۆچونی بگیرێت، دەرفەتی خۆپاڵاوتنی پێبدرێت بۆ پۆستە سیادیەکان و ڕەچاو کردنی بنەمای دادەوری لە دەستنیشانکردنیدا بکرێت.
بەڵام ئەوەی لە تواناسازی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی کاری لەسەر دەکات بە ھێزکردنی نوێنەرایەتی ژنە لە خێزان پێش ئەوەی بجوڵێت بەرەوە فەزایەکی سیاسی فراوان.
Top