کاریگەری نەخۆشی کۆڕۆنا لەسەر باری دەروونی و کۆمەڵایەتی تاک
April 2, 2020
کۆمەڵایەتی
ھەموو بارێکی لەناکاو و نەخۆشییەک کۆمەڵێ دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بۆ تاک دروست دەکات، بەتایبەت گەر نەخۆشییەکی ترسناک و مەترسیدار بێت، بۆیە زۆرجار ترس لایەنی ئەرێنی ھەیە بۆ دوورکەوتنەوە و خۆپاراستن لە ھەموو لێکەوتەکانی ئەو حالەتە، بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ڤایرۆسێکی جیھانیە و ھەموو وڵاتان رێوشوێنی تایبەتیان گرتۆتەبەر بۆ خۆبەدوور گرتن و تووشنەبوون، حکومەت و وڵاتان چەندین رێوشوێنی توندیان بەکار ھێنانەوە، بەتایبەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر زوو کەوتەخۆ و بڕیاری بوێرانەی گرنگی دا بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەمەش بە بڕیاری کەرەتینکردنی تەواو خەڵک بەداخستنی قوتابخانە و باخچەی منداڵان و دواتریش فەرمانگە حکومی و ئەھلیەکان، ئیجا داخستنی بازاڕ و مۆڵ و ئەو شوێنانەی قەڵەبالغی و خەڵکی زۆری لێ کۆدەبۆوە، بۆیە ھەموو خەڵک لەماڵەکانیان مانەوە و کەرەنتین کران، ئەمەش لەدوو لایەنەوە کاریگەری خۆی لەسەر باری دەروونی و کۆمەڵایەتی تاک دروست کرد.
لەرووە دەروونییەکەوە خەڵکێک زۆر بەزۆر و بەناچاری لەماڵەوە ماونەتەوە، ھەرچەندە بۆ پاراستنی باری تەندروستی و سەلامەتی تاکە، بەڵام تاک وا ھەست دەکات بەناچاری خزێندراوەتە کونی ماڵەوە و نابێت بچێتە کار و دەوامکردن، بەتایبەت کاتەکەی ھەستیار بوو بەھۆی ھاتنی بەھار و نەورۆز و خۆئامادەکردنی تاکەکان بۆ گەشت و سەیران و دوورینی جلوبەرگی کوردی بۆ ئەو بۆنەیە زیاتر کاریگەری لەسەر باری دەروونی کرد، ھەروەھا زۆرینەی خەڵک ماوەیەکی لەمێژە بەھۆی سەرقاڵی ئیشوکارو سەختی بژێوی ژیانەوە وا زۆر لەماڵەوە نەماوەتەوە بەردەوام لەکار و دەوام بووە و رانەھاتووە وا دەست بەتاڵ بمینێتەوە و لەماڵەوە دابنیشێت، بۆیە ھەست دەکەی ھەموو بێزار و بێتاقەت بووە، بەتایبەت ھەندێ لەتاکەکان ئەوانەی بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردنی رۆژانەیە و کەمدەرامەتن و ھیچ سەرچاوەیەکی دیکەی بژێویان نییە ھەست بە دڵەڕاوکێ و ترس و دڵتەنگی زیاتر دەکەن، چونکە نازانن کەی ئەم قەدەغەکردنی ھاتوچۆیە تەواو دەبێت و بتوانن پێداویستی بۆ خۆیان و خێزانەکەیان دابین بکەن، یان قوتابیان دابڕاون و نازانن چارەنووسی ئەوساڵیان چی بەسەردێت، فەرمانبەر و مامۆستایان بەھۆی دواکەوتنی موچەی مانگانە و دابەزینی نرخی نەوت و خراپبوونی باری ئابووی، ئەمە ھەموو ھۆکاری راستەخۆی مەترسیەکەن، جگە لەوەی خراپی باری ئابووری و نەبوونی دەرامەت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و شیرازەی خێزان دەبێت، بەتایبەت لەوانەیە دەمەقاڵێ و پرتەو بۆڵەی زۆر لەنێوان ژن و مێرد و منداڵەکان دروست بکات، لەکۆتاییدا ببێتە ھۆی لێک دابڕاندن و ھەڵوەشاندەوەی ھاوسەران، چونکە یەکێک لە ھۆکارەکانی ژیان باری ئابووری و بژێوی ژیانە.
بەدیوێکی دیکەش بۆتە ھۆی لێک نزیکبوونەوەی ئەندامانی خێزان و ھاوسەران، کە خەریک بوو خێزانەکان بەھۆی سەرقاڵی و بێ بەرنامەیی کەس ئاگای لەکەس نەمینێ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان لێک بپچڕێن و شیرازەی خێزان لێک ھەڵبوەشێتەوە، ھەندێ ژن و مێرد تەنانەت لەرووی سەرجێییش لێک دوورکەوتبوونەوە، ھەندێ دایکو باوک شەو و شەو یەکتریان دەبینی، یان بەچەند رۆژێک یەکتریان نەدەبینی، یان گەنجەکان زۆربەی کاتەکان لەدەرەوە بوون و بۆ ژەمێکیش لەماڵەوە نانیان نەدەخوارد و لەچواردەوری سفرەیەک کۆنەدەبوونەوە، بێئاگایەکی زۆر لەناو خێزانەکان دروست ببوو، دایک و باوک نەیدەزانی منداڵەکانی بۆکوێ دەچن و لەگەڵ کێ دەردەچێت، جگە لەوەی خەریک بوو ئەندامانی خێزان یەکتر نەناسنەوە چ لە رووی رەفتار و ھەڵسوکەوت، چ لەکارو کردەوەیان، بۆیە راستە ئەم ڤایرۆسە لایەنی نەرێنی زۆری ھەیە.
بەڵام سەرەڕای ئەوە چەندین لایەنی ئەرێنی و باشی ھەبووە، گەڕاندنەوەی خێزان بوو بۆ بارە کۆمەڵایەتی و توندو تۆڵکردنەوەی پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداری نێوا ئەندامەکانی، پشووێکی کۆمەڵایەتی و جەستەیی و رووحی بوو.. بەڵام تاکەکان دەتوانن کاتەکانیان بە خوێندنەوە و سەیرکردنی تەلەفزیۆن و گفتوگۆی نێوان ئەندامانی خێزانەکان و پەرەدان بە بەھرە ھونەی و وەرزشیەکانیان بدەن.