ئافرەتی کورد بەشداریی راپەڕینی کرد کوردستان ئازاد بوو، بەڵام ئەو ھەر ئازاد نەبوو

ئافرەتی کورد بەشداریی راپەڕینی کرد کوردستان ئازاد بوو، بەڵام ئەو ھەر ئازاد نەبوو
گوڵان – کۆمەڵایەتی

ئافرەتی کورد لە پێناوی ئازادی و رزگاری، بەشداریی راپەڕینی سەرتاسەری کردو شەھیدیشی دا. کوردستان ئازاد بوو، بەڵام ئافرەت ھێشتا کۆت و بەندی نەریت و کۆمەڵگە بەرۆکی بەرنەداوە. لەم روانگەیەوە نموونەی بەرچاومان زۆرن، لەوانە: خەجە باوە، ئەو ژنەی بووە سیمبولی راپەڕین لە شاری ھەولێر، ئەگەرچی یەکەم ئافرەت نییە کە لە شۆڕش و بەرخۆدانی کورددا شەھید بووبێت، بەڵام ئەو لە راپەڕینی شاری ھەولێردا، بۆ ئازادکردنی شارەکەی ئافرەتانی کۆڵان و گەڕەگی خۆی کۆ کردەوە، لەگەڵ کوڕ و برا و خزمەکانی، بە دروشمی (کوردستان، یان نەمان) ھێرشیان کردە سەر مەنزوومە و پارێزگا، کە ھەمان رۆژ (١١/٣/١٩٩١) شەھید بوو. ئایا مسۆگەرکردنی ئازدی و دەستەبەری مافەکانی ئافرەتانی کورد، بارتەقای قوربانیدانەکانیان بووە؟ رێکار و نەقشەڕێگەگان بۆ بەدیھێنانی ئەو خەونە مرۆڤایەتییە چین؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.

عارف روشدی راوێژکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "مانەوەی ھەندێ گرفتی بەردەم رێگەی پێشکەوتنی ئافرەتانی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک، بەشێکی خودی ئافرەتان لێی بەرپرسن، چونکە کە ھەنگاو دەنێن لە بواری ئەرکداریدا، پەنا دەبنە بەر چەتری ھاوکارێک لە رەگەزی بەرامبەر، بۆیە وەک پێویست ناتوانن تواناکانی خۆیان بەرجەستە بکەن، چونکە وابەستە دەبن. ھوکارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەندێشەی خۆسەپاندنی ھەندێ بەرپرسیار کە باوەڕی بەوە نییە ئافرەت دەتوانێ خاوەن کەسایەتی خۆی بێت و، کەسێک دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا دەبێت، چونکە بمانەوێ، یان نا، ئافرەت بێجگە لە پێکھاتە جەستەییەکەی، لە ھیچ شتێکی دیکەدا لە تواناکانی لە توانای رەگەزی دیکە کەمتر نییە، ھەروەھا کێشەیەکی دیکە ھەیە، ئەویش مەسەلەی کۆتایە، ھەر چەندە کۆتا وەکو ھەوڵێکە بۆ بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە کاروباری بەرپرسیاریدا، بەڵام دەستنیشانکردنی بەشێکی ئەو ئافرەتانە لە سەر بنەمای توانا و لێھاتوویی ئەنجام نادرێت، بۆیە ئافرەت پێویستە زیاتر باوەڕی بە کەسایەتیی خۆی ھەبێت و بێمننەتانە ھەوڵی خۆنواندن و سەلماندنی تواناکی بدات، لە بیرشمان نەچێ، ھەژمونی ئایینیش ھۆکارێکی دیکەی پشتگوێخستنی ئافرەتانە." ھاوکات دەڵێت: "لەوانەیە خێزان بەشێک بێت لە رێگرییەکانی بەردەم پێشکەوتنی ئافرەت، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی لە داخراوی کۆمەڵایەتیدا دەژین و بارگاوین بە ھزری پیاوسالاری و دابونەریتی نەرێنی و نزمیی ئاستی رۆشنبیری و خوێندەواری."
لانە محەمەد حافیز مامۆستای زانکۆ و قوتابیی دکتۆرایە و سەبارەت بە ھەمان پرس ھێما بۆ ئەوە دەکات کە: "ئافرەت ھەر کۆمەڵگەیەک و لە ھەر قۆناغێکدا کەلتوورێکی تایبەتیی خۆی ھەیە، بە جۆرێک کە بەشێک لە بنەما و پرەنسیپەکانی ئەو کەلتوورە لای تاکەکانی کۆمەڵگە قبووڵ کراوە، بەشێکیشی قبووڵکراو نییە. کار و رۆڵی ئافرەت لە بووژاندنەوەی کۆمەڵگە و ئابووریی وڵات شتێکی حاشاھەڵنەگرە، لەبەر ئەوەی ھەر لە سەردەمی مرۆڤی نیاندەرتاڵەوە ئافرەت بە شێوەیەکی بەردەوام و شان بە شانی پیاو خەریکی راوکردن بووە، لە ماڵەوەش ئەرکی خزمەتکردن و رێکخستنی ماڵ و گەورەکردنی منداڵی لەسەرشان بووە، ھەتا گەیشتن بەم سەردەمەش بەردەوام ئافرەتان رۆڵیان ھەبووە، ئافرەتی کوردیش ھەمیشە رۆڵی گرنگی ھەبووە لە کۆمەڵگە بەگشتی و لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان بەتایبەتی و لە بزافی رزگاریخوازیی نەتەوەی کوردیش دوورەپەرێز نەبووە." ھاوکات دەڵێت: "ئێمەی میللەتی کورد لە ئێستادا لە نێو دوو چەرخی جیاوازدا دەژین، لەلایەک دەمانەوێت ھەنگاو بنێن و پێش بکەوین، لە لایەکی دیکەشەوە کەلتورو عەقڵ و تێگەیشتنی نەرێنی لە چەمکەکانی ژیان و یەکسانیی رەگەزی، ناھێڵێت بەرەو دنیای ئازادی و کرانەوە و شارستانیەت ھەنگاو بنێن. ئێمەی ئافرەت چۆن بتوانین لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیادا بەرەو گۆڕانکاری بڕۆین و، تێبگەین کە دەستەبەری ماف و یەکسانی و ئازادی، بەخشین نییە، بەڵکو، بەدیھێنانی ماف تەنیا بە داواکردن مسۆگەر نابێت و، بەستراوە بە جووڵە و کار و ھەوڵدان و بێدەنگ نەبوون بەرامبەر ھەر جۆرە نادادپەروەری و نایەکسانییەک کە دەرھەق ئێمەی ئافرەتان بکرێت." ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە لە درێژەی رادەربڕینەکەیدا بۆ گوڵان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ئافرەتان رۆڵی گەورەیان بینی و، بەشداریی کارا و چالاک و بەرچاویان ھەبوو، بەڵام پێویستە رۆڵی ئافرەتان بەرجەستە بکرێت و لە گشت بوارەکاندا رەنگ بداتەوە. ئەمەش پێویستی بە ھەڵوێست و چارەسەرکردنە کە لە شێوازی پەروەردەیی خێزانەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە پەرەوردەکردن لە ناو گشت مەڵبەندەکانی خوێندن، کە تاکەکان وا پەروەردە بکرێن و گۆش بکرێن، بە ھۆشیارییەکی دروست بەرامبەر یەکتر بگەن، بڕواش بەوە بھێنن کە ھەمووان بە بێ جیاوازیی رەگەزی، یەکسانن لە بەرامبەر بەدەستھێنانی ئامانج و مافەکان. پێویستە پەرلەمان بە یاسا و حکومەت بە رێنمایی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندنەکان بە ھۆشیارکردنەوە پشتیوانیی زامنکردنی مافەکانی ئافرەتان بکەن، لە ھەمان کاتدا پێویستە ئافرەتان ھۆشیار و رۆشنبیر بن و پشتیوانی یەکتر بن." ئەوەشی دووپات کردەوە کە: "بەشداریکردنی ھاووڵاتیان (بە ھەر دوو رەگەزی نێر و مێ) لە پرسە گشتییەکان کە رووبەڕووی کۆمەڵ دەبێتەوە، خۆی لە خۆیدا شێوازێکە لە چەسپاندنی دیموکراتیەت و بەشداریی مێینەش پێویستییەکی دیموکراسییە و بێ بەشداریکردنی ئافرەتان مانای بەھەدەرچوونی وزە و توانای ھزری و سەرمایەی بەشێک لە کۆمەڵگەیە." لە کۆتایی وتەکانیشیدا گوتی: "ترس و بێدەنگی و ناھۆشیاری و ناڕۆشنبیری ئەوەندەی دی دەرگاکانی ژیان و ئازادیمان لێ دادەخات."
ماجید خەلیل مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی بەشی مێژووە لە کۆلێژی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "وەکو بەشداریی سیاسی و رێکخستنە نھێنییەکان، ھەروەھا وەکو کۆمەکی کەلتووری و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیی شۆڕشی کورد، ژنان بازوویەکی بەھێزی نێو شۆڕش بوون. ژنی کورد لە ژانی لە دایکبوونی ئەم ئەزموونەدا رۆڵی دایک و دلاوەرێکی ئەندازیاری بینیوە. بەڵام لە دەستکەوت و بەڕێوەبەرایەتیی ئەم ئەزموونەدا ژنی کورد نەیتوانیوە ببێتە ھێزێکی یەکسان و ببێتە کاراکتەرێکی مرۆڤی وەک پیاو. ئەمەش پەیوەندیدارە بە گەلێ پرس و رەھەندی مێژوییەوە، کە رۆڵیان لە ئەوڕۆی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ھەیە." ھۆکارەکانیشی بەمجۆرە خاڵبەندی دەکات: "یەکەم: کۆمەڵگەی ئێمە نەیتوانیوە ڕیشەکانی فیوداڵی کە ھەوێنی گیرساندنی پیاوسالارییە تێک بشکێنێت. دووەم: کۆمەڵگەی ئێمە ئاییندارییەکی خێڵەکییانە تێیدا زاڵە و میتۆدی پارتەکانمان، میتۆدێکی راستڕەوانەیە و وابەستەن بە بەرژەوەندیی زاڵی سەرمایەداریی ئەوڕۆوە. سێھەم: کوردستان لە رووی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە، پەروەردەیەکی لاوازی ھەیە و ناتوانێ سەردەمییانە کاریگەریی لە سەر ھۆشی تاکەکان ھەبێت. چوارەم: پەروەردەی شەفەھی تاکەکان، پەروەردەیەکی ئایینییانەیە و ئیسلامی رادیکاڵ شوێنی لە چێکردنیدا ھەیە. پێنجەم: سەلەفیزم نەخشی وێرانکردن لە دابینکردنی مافی ژناندا دەبینێ. شەشەم: ژنان بۆ خۆیان تاوەکو ئێستا پاشکۆی پارتە پیاوسالارەکانن، رێکخراوەکانی ژنان تا ئێشتا نەیانتوانیوە نەریتی مرۆڤبوون و یەکسانی جێندەریی لە ئاوەز و میتۆدو پەروەردەیاندا شوێن بکەنەوە."

 سپۆت:
 ئافرەتان کە ھەنگاو دەنێن لە بواری ئەرکداریدا، پەنا دەبنە بەر چەتری ھاوکارێک لە رەگەزی بەرامبەر، بۆیە وەک پێویست ناتوانن تواناکانی خۆیان بەرجەستە بکەن
 ئافرەت بێجگە لە پێکھاتە جەستەییەکەی، لە ھیچ شتێکی دیکەدا لە تواناکانی لە توانای رەگەزی دیکە کەمتر نییە
 ھەر چەندە کۆتا وەکو ھەوڵێکە بۆ بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە کاروباری بەرپرسیاریدا، بەڵام دەستنیشانکردنی بەشێکی ئەو ئافرەتانە لە سەر بنەمای توانا و لێھاتوویی ئەنجام نادرێت
 ئافرەت پێویستە زیاتر باوەڕی بە کەسایەتیی خۆی ھەبێت و بێمننەتانە ھەوڵی خۆنواندن و سەلماندنی تواناکی بدات
 لەوانەیە خێزان بەشێک بێت لە رێگرییەکانی بەردەم پێشکەوتنی ئافرەت، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی لە داخراوی کۆمەڵایەتیدا دەژین و بارگاوین بە ھزری پیاوسالاری و دابونەریتی نەرێنی و نزمیی ئاستی رۆشنبیری و خوێندەواری
 ئافرەتی کورد ھەمیشە رۆڵی گرنگی ھەبووە لە کۆمەڵگە بەگشتی و لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان بەتایبەتی و لە بزافی رزگاریخوازیی نەتەوەی کوردیش دوورەپەرێز نەبووە
 کەلتورو عەقڵ و تێگەیشتنی نەرێنی لە چەمکەکانی ژیان و یەکسانیی رەگەزی، ناھێڵێت بەرەو دنیای ئازادی و کرانەوە و شارستانیەت ھەنگاو بنێن
 بەدیھێنانی ماف تەنیا بە داواکردن مسۆگەر نابێت و، بەستراوە بە جووڵە و کار و ھەوڵدان و بێدەنگ نەبوون بەرامبەر ھەر جۆرە نادادپەروەری و نایەکسانییەک کە دەرھەق ئێمەی ئافرەتان بکرێت
 لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ئافرەتان رۆڵی گەورەیان بینی و، بەشداریی کارا و چالاک و بەرچاویان ھەبوو، بەڵام پێویستە رۆڵی ئافرەتان بەرجەستە بکرێت و لە گشت بوارەکاندا رەنگ بداتەوە
 پێویستە پەرلەمان بە یاسا و حکومەت بە رێنمایی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندنەکان بە ھۆشیارکردنەوە پشتیوانیی زامنکردنی مافەکانی ئافرەتان بکەن
 بەشداریکردنی ھاووڵاتیان (بە ھەر دوو رەگەزی نێر و مێ) لە پرسە گشتییەکان کە رووبەڕووی کۆمەڵ دەبێتەوە، خۆی لە خۆیدا شێوازێکە لە چەسپاندنی دیموکراتیەت و بەشداریی مێینەش پێویستییەکی دیموکراسییە و بێ بەشداریکردنی ئافرەتان مانای بەھەدەرچوونی وزە و توانای ھزری و سەرمایەی بەشێک لە کۆمەڵگەیە
 ترس و بێدەنگی و ناھۆشیاری و ناڕۆشنبیری ئەوەندەی دی دەرگاکانی ژیان و ئازادیمان لێ دادەخات
 وەکو کۆمەکی کەلتووری و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیی شۆڕشی کورد، ژنان بازوویەکی بەھێزی نێو شۆڕش بوون. ژنی کورد لە ژانی لە دایکبوونی ئەم ئەزموونەدا رۆڵی دایک و دلاوەرێکی ئەندازیاری بینیوە
 لە دەستکەوت و بەڕێوەبەرایەتیی ئەم ئەزموونەدا ژنی کورد نەیتوانیوە ببێتە ھێزێکی یەکسان و ببێتە کاراکتەرێکی مرۆڤی وەک پیاو
 کۆمەڵگەی ئێمە نەیتوانیوە ڕیشەکانی فیوداڵی کە ھەوێنی گیرساندنی پیاوسالارییە تێک بشکێنێت
 کۆمەڵگەی ئێمە ئاییندارییەکی خێڵەکییانە تێیدا زاڵە و میتۆدی پارتەکانمان، میتۆدێکی راستڕەوانەیە
 کوردستان لە رووی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە، پەروەردەیەکی لاوازی ھەیە و ناتوانێ سەردەمییانە کاریگەریی لە سەر ھۆشی تاکەکان ھەبێت
 پەروەردەی شەفەھی تاکەکان، پەروەردەیەکی ئایینییانەیە و ئیسلامی رادیکاڵ شوێنی لە چێکردنیدا ھەیە و سەلەفیزم نەخشی وێرانکردن لە دابینکردنی مافی ژناندا دەبینێ
 رێکخراوەکانی ژنان تا ئێشتا نەیانتوانیوە نەریتی مرۆڤبوون و یەکسانی جێندەریی لە ئاوەز و میتۆدو پەروەردەیاندا شوێن بکەنەوە
Top