تارا عەلی: ئافرەتان بۆ ئیرادەی كاركردن هیچیان لە پیاوان كەمتر نییە ئافرەتێكی كورد چیرۆكی سەركەوتنەكانی ژیانی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە

تارا عەلی: ئافرەتان بۆ ئیرادەی كاركردن هیچیان لە پیاوان كەمتر نییە   ئافرەتێكی كورد چیرۆكی سەركەوتنەكانی ژیانی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە
لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، دایكی چوار منداڵە و دوای ساڵانێك غوربەت و دوورەوڵاتی، لەگەڵ هاوسەرەكەی لە هەندەران گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و لە هەولێری پایتەخت نیشتەجێ بوون. تارا عەلی لە ئێستادا ریستۆرانتێكی خنجیلانەی سەربەخۆی كردووەتەوە و سەرەڕای باسی دۆخی كارەكەی و جۆری ژیانی خێزانەكەی دەكات، نیگەرانیی خۆیشی لەوە دەردەبڕێت كە زۆرێك لە خێزانەكان، (بەتایبەتی باوك و هاوسەر) رێگری لە كاركردنی كچ، یان هاوسەری خۆیان دەكەن، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئافرەتان پێویستە ببنە خاوەن داهاتی خۆیان و ئەوەش بە پێوەرێكی گەورەی سەركەوتنەكان لە قاندرمەی ژیان لەقەڵەم دەدات.

تارا عەلی مەعرووف، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بیرۆكەی كردنەوەی چێشتخانەكەی چۆن لەلای دروست بووە؟ دەڵێت: «من هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە واتە لە یانزە ساڵیەوە حەزم بە ئیشی مەتبەخ كردووە و بەردەوام لەگەڵ دایكم خواردنم دروست دەكرد. دوای ئەوە وردە وردە خواردن دروستكردن بووە هیوایەتێكی گەورە لە ژیانی مندا و بوومە باشترین چێشتلێنەر كاتێك تەمەنم گەیشتە ١٣ ساڵی، هەر بە تەمەنی منداڵیش واتە لە چواردە ساڵان لەگەڵ هاوسەرەكەم ژیانی هاوبەشمان پێكهێنا و باشترین كابانی ماڵی خۆم بووم. ئەم حەز و ئاواتەم (دروستكردنی خواردن) ساڵانێكی زۆر هەر لە مێشك و دەرووندا مابوو، حەزم دەكرد ببم بە یەكێك لەو ئافرەتانەی كە بە رەنجی شانی خۆی و بە عارەقی ناوچەوانی پارەیەكی حەڵاڵ پەیدا بكات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت. بێگومان هەمیشە پێم خۆش بووە ناوبانگێك بۆ خۆم دروست بكەم. ساڵی 1995 بەرەو هەندەران بەڕێكەوتین و لەگەڵ هاوسەرم چەندین ساڵ لە ئەوروپا ژیانم بەسەر بردووە، لە وڵاتی ئەڵمانیاش خاوەنی چێشتخانە بووم، بەلام خواردنی ئەوروپیم هەبوو، ماوەی ساڵ و نیوێكە گەڕاومەتەوە كوردوستان و پێم خۆش بوو، ئەو تەمەنەی ماومە خزمەت بە خەڵك و نیشتمانی خۆم بكەم، ئێستاش لە شاری هەولێری خۆشەویست ریستۆرانتی خۆم هەیە و بێ كێشە لە كەشێكی ئارامدا رۆژانە درێژە بە كارەكەم دەدەم و لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەم وەستا رێبین كەبابچی كارەكان بە جوانی جێبەجێ دەكەین.»
بەو جۆرەی تارا عەلی باسی دەكات، چ لە خێزانی خۆی وەك باوك و برا و چ هاوسەرەكەی، نەك تەنیا رێگرییان لەكاركردنی ئەو لە دەرەوەی ماڵ نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە زۆر پاڵشتییان كردووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «رۆژ و ساتێك تووشی بەربەست نەبووم، بگرە پاڵپشتیشم هەبووە لە هەموو كارێك ئەنجامم دابێت، كە ئەویش هاوسەرم بووە كە زۆر پشتگیری كردووم و ئێستاش ئەو ریستۆرانتەی كردوومەتەوە و رۆژانە كاری تێدا دەكەم، جوانترین دیاری بووە بۆ من لەلای هاوسەرمەوە كە پێشكەشی كردووم، بۆیە زۆر سوپاسی ماندووبوون و هەست و خۆشەویستیی هاوسەرەكەم دەكەم. من بەش بە حاڵی خۆم هیچ كەس و لایەنێك رێگر نەبووە لەبەر دەم كاركردنم، كۆمەڵگەش چ دەڵێ، با بیڵێ..»
تارا عەلی لە درێژەی قسەكانیدا پەیامێكی بۆ دایك و باوكان و خودی ئافرەتان هەیە و دەڵێت: «تكام لە دایكان و باوكان و هاوسەران هەیە چیتر ئافرەت بە هۆی خواستی كاركردن سەركوت نەكەن، با خانمانی ئێمەش لەماڵ بێنە دەرەوە و بڕۆن كار بكەن و بە رەنجی شانیان داهاتی خۆیان دابین بكەن، پێویستە ئافرەتانیش جیل بە جیل پێداگری لەسەر كاركردنیان بكەن و لە بری ئەوەی دەست بۆ كەسوكاریان پان بكەنەوە، لەسەر پێی خۆیان بوەستن. پیاوانیش دەبێ هاندەریان بن، نەك رێگری لە كاركردنیان بكەن، هەروەها پێویستە هان بدرێن تا دەگەنە ئاستی لووتكە، چونكە هاندان و پیاهەڵدان هاندانە بۆ كاری جوانتر و باشتر، دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە خانمان تا دەگەنە ئامانجەكەیان، باجی گەورەی كۆمەڵگە و خێزان دەدەن. زۆر لە خانمان حەز بە كاركردن دەكەن، بەلام باوك و برا، یان هاوسەر رێگرییان لێ دەكات، ئەوەتا تا ئێستاش لەناو زۆر بنەماڵەدا شتێكی قورس و عەیبەیە ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ كار بكات. بەڵام لە راستیدا ئافرەت لە ریزی پیاوانە و ئافرەتان بۆ ئیرادەی كاركردن هیچییان لە پیاوان كەمتر نییە و دەیانەوێت خاوەن داهاتی خۆیان بن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە ریستۆرانتەكەت خانمان كاردەكەن؟ دەڵێت: «خانمان هەبوون بۆ كاركردن، بەڵام زۆربەیان كێشەی كاتیان هەبوو، هەبووە سەعات چواری عەسر ئیزنم داوە، هێشتا ناڕازی بوون، دەیانگوت كاتەكە درەنگە بۆ چوونەوە، چونكە لە ماڵەوە رێگری دەكەن.»
ئەمڕۆ وەك موشتەری كچێكی باڵاپۆش و جوانم لابوو، وتی: خۆزگەم بە خۆت تارا خان كە ئەم شوێنەت هەیە، هەموو هیوایەتم ئەوەیە ریستۆرانتێكی وام هەبێ، بەس باوكم ناهێلێ. باوكی وتبووی: كەواتە بڵێ مەلها دەكەمەوە..، سەیری ئەو نەریتە بكە كە كاركردن لە چێشتخانە و ریستۆرانت لەگەڵ مەلها لە یەك مستەوا دادەنێت.»
تارا عەلی لە گێڕانەوەی چیرۆكی سەركەوتنەكانی ژیانی بەردەوامە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من لەبەر ئەوەی زیاد لە ٢٢ ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوم، هەر چوار منداڵەكەم زۆر بە جوانی پەروەردە كردووە، تا قۆناغی ماستەرم پێ تەواو كردوون. سێ لە منداڵەكانم ماڵ و حالی خۆیان دامەزراندووە، كچەكەم شووی كردووە و دوو منداڵی جوانی هەیە، دوو كوڕم ژنیان هێناوە و منداڵیان هەیە، تەنیا كوڕە بچووكەكەم ماوە كە لەگەڵ باوكیەتی، ئەویش گەورەیە و تەمەنی ٢٢ ساڵە، واتە هەموویانم بێ كێشە دامەزراندووە، بە رازیبوونی باوكی منداڵەكانم ئێستا لێرە كار دەكەم، هاوسەرەكەشم شێفی مگارە لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، ئەوان سەردانم دەكەن و منیش دەچمەوە بۆ سەردانیان..» وەك دواقسەشی گوتی: «دوو كتێبم نووسیوە و خواردنەكانی ناوی هەمەجۆرن، ویستم لەو رێگاشەوە خزمەتێك بە كابانەكان بكەم.»
Top