ئەمە فەرمانە (( چیمەن ساڵح ))

ئەمە فەرمانە       (( چیمەن ساڵح ))
لەپڕ خۆم لە پشتەوەی ئۆتۆمبێلێكی تەكسیدا دۆزییەوە، رەنگەكەی زەردێكی تۆخ بوو، جیاواز بوو لەوانەی لە وڵاتی خۆمدا لە سەر شەقامەكانن. شۆفێرەكەی مۆن و تووڕە بوو، جیڕەیەكی كرد و لە چوارڕێیانێك راوەستا. سەرم سوڕما. لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزیم و خۆم لە شارێكی تەواو جیاواز دۆزییەوە، جیهانێكی جیاواز بوو، بەرزیی باڵاخانەكانی، جەنجاڵی شەقامەكانی، كەشوهەوا...
دەمپرسی، دەبێ چۆن گەیشتبمە ئەو جێیە و چی منی هێناوەتە ئێرە؟ لەبەر خۆمەوە وتم: چی روودەدات؟ بۆ من لێرەم؟»
بەپێ دەستم كرد بە رۆیشتن، دەوروبەرم باڵاخانەی بەرزی سەركەش و ئاسمانبڕ بوون، لوتكەكانیان هێندە بەرز بوون، بۆ یەكتر هاتبوونەوە، دەتوت وتووێژێكیان هەیە بە چرپە بە یەكی دەڵێن. تەنیا لە نیوان لوتكەكانەوە ئاسمانی شین دیار بوو. هەندێك لە جێی خۆم راوەستام و كەوتمە خەیاڵكردنەوە، ئایا دەبێ لە بەهەشت بم، یان لە دۆزەخ؟»
لەپڕ دێڕێكی (مۆسان كۆلی)م بە بیر هاتەوە كە دەڵێ: «باڵاخانە ئاسمانبڕەكان تەنیا بریتین لە خۆهەڵكێشان بە شووشە و ستیلەوە.» یەكسەر زانیم لەسەر نەخشەی ئەم جیهانە من لە كوێم .
دەنگێكی زڕی گەورە خەیاڵی پچڕاندم؛ راستی زۆریش ترسام، دەنگەكە لە سەرەوە لە ئاسمانەوە دەهات، چاوەكانمی بەرەو ئاسمان راكێشا. دەنگی ئەو باڵندە زەبەلاحە، ئەفسووناوییە بوو كە چەند جارێك لە خەونمدا بینیومە.
«ئەمە فەرمانە»
پێی وتم: رێ بەردەن»، بە سەر خەڵكەكەدا هاواری كرد كە لە دەوروبەری من بوون و هەموو لە دەنگ و هاواری تۆقین. خەڵكەكە وەك ئەوەی لە زرمەی تەقینەوەیەك هەڵبێن، بەڵام كە منیان بینی، رێگایەكی پانیان بۆ كردمەوە، ئیتر منیش پەڕیمەوە. بەردەوام بووم لە رۆیشتن تا گەیشتمە یەكەم باڵاخانەی رەنگ شین. دەبوا بگەمە ئەو باڵاخانەیە. فەرمان بوو.
لە ترسا، حەزم دەكرد زەوی ببێ بە دوو لەتەوە و من قووت بدات.
بەسەر باڵدارەكەدا هاوارم كرد: «من كەی نیگاركێش بووم، تەنیا وێنەیەك كێشابێتم هێڵكاریی مراوییە كە یەكەم مامۆستای قوتابخانە فێری كردم لەسەر نموونە كێشام! یەكێكی دیش دوای چەندان ساڵ برازایەكەم فێری كردم كە وێنەی دوو باڵندە بكێشم لە سەر دارتەلێكی كارەبا. چۆن دەتوانم خۆم وا دەرخەم كە باشترین نیگاركێشی دنیام.
««ئەمە فەرمانە» دەنگە ئەفسوناوییەكە دووبارەی كردەوە.
« چۆن دەتوانم وای دەربخەم من نەوەی داڤنشیم؟ هاوارم كرد: شتی وا نابێ!
«ئەمە فەرمانە»
« چۆن دەتوانم ئەم هەموو خەڵكە هەڵبخەڵەتێنم كە بە پێی كار و ناونیشانیان دەبێ زیرەك بن،چۆن دەتوانم كارێك بكەم، بڕوا بە ناسنامەی درۆیینەی من بكەن. ئایا ئەوان درۆیەكەم ئاشكرا دەكەن؟»
وا ناكەن، فەرمانیان پێ كراوە، ئەمە بووە هۆی زیاتر سەرسوڕمانی من كاتێك باڵدارەكە بە دەنگە گڕەكەی دڵنیای كردمەوە. ئەوە وای لێكردم كە هەست بە مەترسیداریی هەر هەڵەیەك بكەم. زانیم هەموو شت لەژێر فەرماندایە.
زانیم چارەیەكی دیكەم نییە جگە لە جێبەجێكردنی فەرمانەكە. ئیتر دەبوو بچمە ناو ئەسانسۆرەكەوە و بچمە قاتی ٣٦، لەوێ دەبوو كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی ساز بكەم، بۆ زیاتر لە سەت كەسایەتیی ناوداری میدیا و ئەستێرەی ناسراوی رۆژنامەوانی.
وەك نیگاركێشێكی ناودار و بەهرە دەگمەن دەبوا قسەیان بۆ بكەم، وەك نەوەی دووری لیوناردۆ داڤنشی دەبوا قسەیان بۆ بكەم. كە بە هۆی ئەو رەسەنەمەوە بەهرەیەكی زۆر گەورە و دانسقەم بۆ ماوەتەوە، بە جۆرێك بەهۆیەوە هەر بە هۆی هێڵكاری و وێنەوە دەتوانم گرفتەكانی دیاردەكانی سرووشت بۆ ناسا دەستنیشان و چارەسەر بكەم.
گوایە، باپیرانم لە زووەوە هاتوونەتە ئەو شارە جەنجاڵە. پاشان لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستدا باپیرەی نزیكم لە كاتی شەڕدا رێی لێ بزر بووە و لە جیهانێكی دیكەدا خۆی دۆزیوەتەوە، ئەو شوێنەی كە ئێستا من لێی دەژیم.
لە ئەسانسۆرەكە چوومە دەرەوە و گەیشتمە ناوەڕاستی هۆڵی كۆنفرانسەكە. رۆژنامەنووس و میدیاكارەكان كەوتنە ململانێ لەسەر بەركەوتنی شەرەفی یەكەم پرسیار، هەندێك لەو دەیان پرسیارانەم لەبیرە كە لێم كران.
«گەورەترین گرفتی وڵاتەكەت چییە؟ ژنێك لێمی پرسی. پێست سپی، قژ زەرد و چاو درەشاوە و رێكپۆش، زۆر لێی ترسام، چونكە زانیم كە بیست ساڵ ئەزموونی هەیە و ستوننووسێكی بەناوبانگە لە شەش رۆژنامەی بەناوبانگدا دەنووسێ.
«بێ كارەبایی»، وەڵامم دایەوە
«ئا. بەرهەمی تەماتەتان كەمە»، ئەو دووبارەی كردەوە.
كام هونەرمەندی ئێرە لای ئێوە زۆر بە ناوبانگە؟ پێشكەشكارێكی قۆزی باڵا بەرزی تیڤییەكی بە ناوبانگ و سەرنووسەری سێ گۆڤار پرسیاری كرد.
«ئەنجیلینا جۆلی»، وەڵامم داوە.
«ئۆێ، جوانە، سێلینا گۆمەز» ئەو وتی.
«لە كەیەوە بەهرەكەتت بۆ ئاشكرا بووە؟» یەكێك پرسی رێك لە ئۆپرا وێنفری دەچوو.
«ئاھ،، ئەھ،،» زمانم گیرا.
«ئۆی، هەر لە زۆر منداڵییەوە، ئافەرین، جوانە،» ئەو وتی راستتر من هێشتا قسەم نەكردبوو ئەو دایهێنا.
گفتوگۆیەكە بۆ دوو كاتژمێر بەردەوام بوو. من بموتایە سیر، وایان دەردەخست گوێیان لە پیاز بووە. سەرەڕای ئەوەش ئەگەرچی قسەكانمان هیچی یەكی نەدەگرتەوە، بەڵام وامان دەردەخست كە زۆر كۆكین.
چونكە فەرمان بوو!
بڕوام وابوو ئیتر، كۆتایی ژیانی منیشە، بۆیە بوورامەوە و كەوتمە سەر زەوی.
دوای هەندێك بە ئاگا هاتمەوە و وام هەست كرد لە ناو ئاوی گەرم هەڵكێشراوم.
هاوارم كرد: «فریام كەون دەمخنكێنن بە ئاو، ئەشكەنجەم دەدەن، فەرمانە، فەرمانە ..»
بە ئاگا هاتمەوە، خەریكە دەخنكێم لەناو ئەو حەوزە بچووكە پڕ ئاوەی كە لە ژێرزەمینیی خانووێكی دوو قات بوو. رەنگی حەوزەكە وەك رەنگی تەكسییەكەی گەیاندمییە شارە قەرەباڵغە زەردەكە، بێگومان ئەو شارەی كە لەو خەوە كورتەدا بینیم.
بیرم هاتەوە كە بەر لە تاوێك لەبەر گەرما و بێ كارەبایی خۆم فڕێ دا ناو ئەو حەوزەوە و برژابووم.
ئینجا دروست زانیم، بە راستی، لەسەر نەخشەی ئەم جیهانە لە كوێم..
خەونێكی چەند توێژی بوو..!
Top