خانمان داوا دەكەن لە خاوەندارێتی ماڵ و موڵكی هاوسەرێتی بێبەش نەكرێن
November 24, 2019
کۆمەڵایەتی
ئا/ ئیراد منوچر سان ئەحمەد
«دوای 13 ساڵ ژیانی هاوبەش لە هاوسەرەكەم جیا بوومەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرجەم ماڵ و موڵكمان بە ناوی هاوسەرەكەمەوە بوو، مافی گەڕاندنەوەی ئەو پشكەی كە لە موڵكداریی هاوسەرەكەم هەمبوو، لەدەستم چوو، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی هاوسەریمان زۆر كاری گرانم ئەنجام داوە، هەر لەبەخێوكردنی مەڕومەڵات، تا ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكان و دواتر كاركردن وەك فەرمانبەرێك، بە جۆرێك هەموو مانگێك مووچەكەم رادەستی هاوسەركەم دەكرد بۆ كڕینی خانوو و ئۆتۆمۆبیل، ئێستاش دوای جیابوونەوە هیچ پەناگە و شوێنێكی تایبەت بە خۆمم نییە و دووبارە لە ماڵی باوكم دەژیم، هەر لە بەر ئەم هۆیەش نەمتوانی منداڵەكان بگرمە خۆ..» ئەوە قسەی شلێر ئەحمەد بوو كە وەك خۆی باسی كرد تەمەنی 33 ساڵە و دایكی دوو منداڵە. شلێر نیگەرانە لەوەی كە باری ئابووریی خۆی زۆر خراپ بووە بە هۆی ئەوەی كە هیچ پارەیەكی پاشەكەوت نەكردووە و هەمووی بۆ هاوسەرەكەی خەرج كردووە، باسی ئەوەش دەكات كە «بڕی ئەو پارەیەی لە دادگا بۆ مارەییەكەم دانراوە، قیستی مانگانەیە و بڕێكی زۆر كەمە، هەر ئەمەش وایكردووە كە نەتوانم پارێزەرێكی لێهاتوو بۆ گەڕانەوەی مافی خۆم بگرم.» گوتیشی: «من وشیاریی یاساییم نەبوو، لە هیچ شوێنێكیش گوێبیستی ئەوە نەبووم كە ژنان دوای جیابوونەوە بەو شێوەیە تووشی زیانی ئابووری دەبن، هەر لەبەر لاوازیی باری ئابووریم باوكم رازی نەبوو منداڵەكانم بگرمە خۆم، چونكە شوێن و ماڵی تایبەت بە خۆمم نییە، لەلایەكی دیكەوە لەبەر ئەوەی من لە گوند دەهاتم بۆ شار بۆ دادگا و لەلایەن باوك و براكانم فشاری زۆرم لەسەر بوو، لە ترسی ناوزڕاندنم بەتایبەتی لەبەر ئەوەی رۆتینییەكانی ناو دادگا تاقەت پڕووكێنە، ئەوەتا تەنیا یەك بەشی كەیسی جیابوونەوەكەم زیاتر لە هەشت مانگی تێپەڕاند و هێشتا یەكلاییش نەبووەتەوە، ماڵی باوكیشم رازی نەدەبوون كە خۆم بە تەنیا هاتووچۆی ناو دادگا بكەم، بە هۆی كولتووری كۆمەڵایەتیی ناوچەكەمان و ترس لە دروستبوونی كێشەی كۆمەڵایەتی دەستبەرداری زۆێك لە مافەكانم بووم، ئەمەش گورزێكە لە ژنانی هاوشێوەی من دەدرێت»
باخان فاتح پارێزەر و چالاكی بواری مافی ئافرەتانە و لە بارەی رەهەندی یاسایی و دۆزی بێبەریكردنی خانمان لە موڵك و ماڵی هاوسەر لە كاتی جیابوونەوەیاندا دەڵێت: «خاوەندارێتی موڵك و زەوی و زار سەر بە یاسای مەدەنییە، موڵك بە ناوی هەر كەسێك بێت، لە رووی یاساوە، ئەو كەسە خاوەنی موڵكەكەیە، ئەمەش لە حاڵەتی داواكردنی مافی جیابوونەوە گرفتی بۆ زۆرێك لە ژنانی فەرمانبەر دروست كردووە.» گوتیشی: «لە كولتووری ئێمەدا موڵك زۆر جار بە ناوی هاوسەری ژن تۆمار دەكرێت، لە كاتێكدا ژنیش هاوشێوەی هاوسەرەكەی پشكی هەبووە و لە كڕینی موڵكەكانی هاوبەش بووە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆرێك لە ژنان رۆشنبیری یاساییان نییە، بۆیە ناتوانن هاوسەرەكانیان ناچار بكەن كە كۆنتراكەتانی تایبەت بەم دۆزە بكرێنە ناویان، هاوسەرەكانی پیاویش بە زۆرینە رەزامەند نابن كە موڵك بە ناوی هاوسەریان بكرێت، ئەمەش ڕەگو ڕیشەیەكی كولتووریی قووڵی هەیە كە پیاو هەڵگری ناوی خاوەندارێتی موڵكە، بۆیە زۆرجار لە ژێر فشارە كۆمەڵایەتی و خێزانییەكان خانمان ئەم دۆزە بە هەند وەرناگرن و گرنگی پێ نادەن».
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەم پارێزەرە دەڵێت: « لە رووی یاساییەوە هیچ گرفتێك نییە كە خانمان موڵكەكانیان بەناو بكرێت، یان هاوبەشییان پێ بكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی وشیاری یاسایی داوای ئەم مافەی خۆیان ناكەن، سەرەڕای نەبوونی یاسایەك بۆ پشتیوانی لە خانمان لەمیانەی جیابوونەوەیان كە ئەم مافەیان بۆ بگەڕێتەوە، هەرچەندە موڵك بە ناوی ئەوانیشەوە نەبێت.»
پارێزەر یادگار عەبدوڵا سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بوونی ئەو كەلێنە یاساییە كە بە زەقی لە یاسای عێراقی رەنگی داوەتەوە، دەستبەری مافی ژنانی فەرمانبەر ناكات، لە ماوەی جیابوونەوەیاندا و گرفتی زۆری بۆ ژنان دروست كردووە، هەرچەندە كۆمەڵێك رێوشوێن هەیە كە ژنان بۆ خەرجی مووچەكانیان لە ماڵەكانیان دەبێت بیگرنەبەر، وەك بوونی شاهید لە كاتی پێدانی مووچەكەی بە هاوسەرەكەی، یان ژنانیش داواكاریان هەبێت لە بوونی ناویان بە هاوبەشی لە كۆنتراكتی موڵكدارێتی دوای هاوسەرگیری، بەڵام لەبەر بوونی كولتووری پیاوسالاری لە كۆمەڵگەدا و هەروەها بە هۆی ئەوەی كە یاسایەكی خێزانی تایبەت نییە كە پیاو ناچار بكات كە هەردوو هاوسەر هاوبەشی لە كۆنتراكتەكانی خانووبەرە بكەن، پیاویش ئەم هەلەی قۆستۆتەوە بە جۆرێك زۆرترین كۆنتراكتەكان ناوی هاوسەری پیاو هەڵدەگرێت بێ ئەوەی بە داواكاریەكانی ژن پابەند بێت، زۆر جاریش ژنان خۆیان لەم دۆزە بەدوور دەگرن لە ترسی لەدەستنەدان و پچڕانی شیرازەی خێزان و فشارە كۆمەڵایەتییەكان ژنان ناچار دەبن كە دەست لەو مافەی خۆیان هەڵبگرن.»
مامۆستا ئەحمەد عەبدولرەحمان رەشید مامۆستای ئایینی لە پارێزگای هەڵەبجە لە روانگەی شەرعەوە بەمجۆرە باس لەو گرفتە دەكات: «لە ئایینی ئیسلامدا هیچ رێگرییەك نییە بۆ خاوەندارێتی ژنان لە موڵكدارێتی خانووبەرەی هاوسەرێتی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت و تێیدا زۆرێنەی تاپۆی موڵكدارێتی خانووبەرەی هاوسەران بەناوی پیاوانەوەیە، زیاتر كولتووری كۆمەڵگەیە كە پیاوان پەسەند دەكەن بۆ هەڵگرتنی ناوی موڵكەكان، بەڵام ژنانیش دەتوانن بێنە دەنگ و داوای مافی یاسایی خۆیان لەو بوارەدا بكەن .»